باهۆز مستەفا
پێویستە هەموو دەنگدەرێک یا ئەوانەی مافی دانگدانیان هەیە ئەوە باش بزانن، کە هەڵبژاردن تەنیا پرۆسەیەکی چەند کاتژمێری و دەنگدانێکی روکەشی نیە بەو کەسانەی دەنگی خۆیانی پێدەدەن، بەڵکو پرۆسەکی درێژخایەنە کە رەنگە زیاتر لە چوار ساڵیش بخاێنێت لە حاڵەتێک ئەگەر زەمینەی هەڵبژاردن لە ئارادانەبوو یا حاڵەتێکی نائاسایی هاتەپێشەوە، بۆیە پێویستە دەنگدەر زۆر باش بزانێت دەنگی خۆی بە کێ و چ لیستێک دەدات، هەروەها مێژووی کاندیدەکە و لیستەکەی لا ڕوون بێت، چونکە ئەمە پەیوەندی بە نیشتیمان و پاتریۆتییەوە هەیە، دەنگدەری کوردستان دەبێ خوێندنەوەێکی وردی بۆ ئەو کەس و لایەنە هەبێت و ئامانجەکانی بزانێت لە هەموو لایەنێکەوە، نەک ئەو ئامانجانەی لە ماوەی هەڵبژاردن دروستی کردووە و دواتریش بیریدەچێتەوە.
ئەمجارە دەنگدەر نەک تەنیا چارەنوسی خۆی، بەڵکو چارەنوسی نەتەوەکەشی دیاریدەکات، دەنگدەر خۆی بڕیاردەدات ئاراستەی سیاسی هەرێمەکەی بەرەو کوێ بڕوات، دەنگدەر خۆیی بەشدارە لەسەر زیادکردن و کەمکردنەوە بودجەی هەرێم و لەسەر دەسەڵاتی سیاسی کورد لە عێراق و لەسەر پشتگیری نێودەوڵەتی دەکات، دەنگدەر خۆی بڕیاردەدات ئەم بەشەی کوردستان هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێت و بەهێزبێت یا بچەقێت و چاوەڕوانی دەستی نەتەوەکانی تربێت تا خێری پێبکەن کە قەت پێیان نەکردووە. بە شێوەیەکی مەنتقی لەسەر هەموو دەنگدەرێک پێویستە بچێتە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگ بدات بۆ ئەوەی رێژەی نوێنەرەکانی لە پەرلەمانی عێراق زیاد بکات لەوێ لە رێگای ئەم نوێنەرانە بەرگری لە مافەکانی خۆی بکات. ئەوەتە دوای روخانی رژێمی پێشو نوێنەرمان هەیە و لە پێش چاوی ئەوانەوە پیلان ئەگێڕن و خەریکی لە باربردنی هەموو ئەو مادە دەستورییانەن کە تاڕادەیەک لە بەرژەوەندی کوردستانیانە بە هەموو کەمە نەتەواتییەکانەوە، رەنگە نوێنەرەکان بێ کەم کوڕی نەبووبن، بەڵام کورد بوون و رێژەیەکیان هەبوو. جا ئەگەر رێژەی نوێنەرەکانمان بە گوێرەی پێویست نەبێت چیمان بەسەر دێت :-
یەکەم : پێش هەموو شتێک بودجەی هەرێم کەم دەکرێتەوە. ئەمەش کاردەکاتە سەر:
ا- پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە بوژاندنەوەی هەرێمی کوردستان و لاوازبوون و پەکخستنی.
ب- چارەسەر نەکردنی کێشەی ئاو و کارەبا و سوتەمەنی گەڕاندنەوەی بۆ دۆخی رابردوو.
ج- کەمبوونەوەی موچەی موچەخۆران کە رێژەیەکی زۆر لە کوردستان موچەخۆرن و ژیانی رۆژانەیان لەسەر موچەکەیانە.
د- کەمبوونەوەی هەلی کار، ئەمەش کار لە کوردستانیان و ئەوانەی بۆ کارکردن هاتونەتە کوردستان بە تایبەتی کۆمپانیا بیانیەکان وایان لێدەکات کوردستان جێبهێلن ئەمەش کاریگەری خۆی بە سلبی دەبێت.
ه- کەم بوونەوەی پارە بە شێوەیەکی ئاوتۆماتیکی دەبێتە هۆی دروست بوونی کێشەی کۆمەڵایەتی.
و- کەمبوونەوە چاپەمەنی، ئەمەش دەبێتە هۆی خراب بوونی باری رۆشنبیری لە کوردستان.
دووەم: نە هێشتنی پێشمەرگە، ئەمەش دەبێتە هۆی:-
ا-نەمانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان.
ب-بێ هێزبوونی سیاسەتی کورد لە بەغدا.
ج-تەراتێنی سیاسی لەم هەرێمە و بوونی بە شوێنگەی جاسوسی و تیڕۆڕ.
د-سەرهەڵدانی دەستە و تاقمی بێ بیروڕا و دوور لە هەستی نەتەوایەتی و کۆمەڵایەتی.
سێیەم: لادانی زمانی کوردی وەکو زمانی دووەم لە عێراق ئەمەش دەبێتە هۆی :-
ا-لادنی رێنوسی کوردی لەسەر کلێشە و تابلۆکانی شوێنە گشتیەکان وەکو پەرلەمان و دامودەزگان و کتابە فەرمییەکان و پاسەپۆرت ...هتد.
ب- داخستنی قوتابخانە کوردییەکان لەناوچە دابڕاوەکان.
ج- دوورخستنەوەی زمانی کوردی لە مهرەجانە جیهانیەکان ..هتد.
ئەمانە و زۆریتر ئەو ئەگەرانەن ئەگەر بێت و کورد رێژەی کورسیەکانی کەم بێت لە پەرلەمانی عێراق، جگە لەمەش هەر ئەوە بەس نیە کورسیەکانمان زیاد بێت، بەڵکو پێویستە بزانین کێ ئەو کورسییانە پڕدەکاتەوە و گرێنتی ئەوە چییە ئەو کەسە بەرگری لە مافەکانمان دەکات، هەروەها بەچی بزانین ئەو نوێنەرە سبەینێ دەست بۆ لایەنێکی تر بەرزناکاتەوە بەدژی بەرژەوەندیەکانی نەتەوەکەمان، چ شتێک هەیە یا چ هۆکارێک هەیە وا لەو نوێنەرە بکات پەیوەست بێت بە بەڵێنەکان و ئینتیما نەتەواتیەکەی، کێ هەیە لێپێچینەوەی لەگەڵ بکات، بۆیە پێویستە بزانین و دەنگ بەوانە بدین کە توانای لێپێچینەوانەمان هەیە بەرامبەریان واتە ئەو کەسانەی هێزێک هەیە لە پشتەوەیان، نەک ئەو کەسانەی دوێنێ هاتونوو ئەمڕۆ دەبنە نوێنەرمان و بەیانی پشتمان تێدەکەن، کێ نالێ دەست لەگەڵ لایەنێکی تر تێکەڵاو ناکەن بۆ بەرژەوەندی تەسکی شەخسی خۆیان، چونکە ئەم ئەزموونە بەداخەوە بوونی هەبووە. دەنگدەر ئازادە دەنگ بەکێ دەدا، بەڵام دەبێ وریا بێ لەوەی فێلی لێنەکرێت، چونکە زۆر گران لەسەری دەوەستێت و کاریگەری لەسەر دەروجیران و نەتەوەکەشی دەبێت. بۆیە پێشنیاز دەکەم لە هەموو دەنگدەرێکی کوردستان دەنگ بەو لیست و کاندیدە بدات کە شەڕی نەتەوەکەی پێدەکرێت لە پەرلەمانی عێراق، ئەو کەسەی توانای بەرگری و خاوەن پشوێکی بەهێزە، ئەو کەسەی خاوەن کەسەیەتی و مێژووێکی دیارە، ئەو کەسەی سیستەمێک لە دواوەیەتی، ئەو کەسەی نوێنەری هەرێمەکەیەتی.