گه‌ڕانه‌وه

ئەرکە نەتەوایەتییەکان لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا .
 

image

  • email Email to a friend
  • print چاپی بکه‌
28 شوبات, 2010 [ 09:00 ]

جوتیار حازم ئاکرەیی :


            ماوەیەکەبانگەشەی هەڵبژاردن دەستی پێکردووە و بەرەو هەڵبژاردنێکی چارەنوسساز نزیک دەبینەوە   پێویســـتە لەهەموو قۆناغێکدا و لەهەر هەنگاوێکدا تا تەواوبوونی پڕۆسەی هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردنیش ئەرکـە نەتەوایەتیەکان لەلایەن خودی لیستە جیاوازەکانی کوردستان لەبەر چاوبگیرێت، راستەمافێکی دیموکراسی هەر لیستێکی کوردستانیە بانگەشە بۆ خۆی و پالێوراوانی بکات بۆ بەدەست هێنانی زۆرترین دەنــگ وڕێژەی کورسی لە پەرلەمانی ئێراقدا، بەڵام با بەرژەوەندی کوردستان و ناوبانگی هەرێمی کوردستان لە قۆناغی بانگەشەو لەڕۆژی دەنگدان و لەدوای پڕۆسەی هەڵبژاردن و لە دەرکەوتنی  دەرەنجامەکان وتا دەگاتە بەشداریکردن لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێراق لە سەرووی بەرژەوەندی تەسکی لایەنێک ولیستێک دابنێین. لیستەجیاوازەکانی کوردستان چۆن بانگەشە بۆ خۆیان و پالێوراوانیان دەکەن پێویستە بەم ئەندازەیەو لەوەش زیاترلە بانگەشەکەدا مەبەست بەرز ڕاگرتنی ناوبانگی کوردستان بێت، کەئەمەیان ئەرکێکی نەتەوایەتی سەرجەم لیستەکانە. بۆ بەرز ڕاگرتنی ناوبانکی کوردستان لەبانگەشەی هەڵبژاردن  پێویستە ئەم خاڵانە ڕەچاو بکرێت : 1 –پابەند بوون بە ڕێنوماییەکانی کۆمسیۆنی باڵا و دوور کەوتنەوە لەزمانی زبر و ناوزڕاندن وتەشهیر ..تاد . 2 – ماوە نەدان بەهیچ کەسێک لەهەر ئاست و پلەیێکدا بێت بۆ ووڕوژاندنی پرسی هەستیار  3 – لەکاتی روودانی هەر خروقاتێک لەلایەن لیستێکەوە دژی لیستێکی تر،پێویستە پەنا بۆ ڕێوشوێنی یاسایی ببەن نەک ئامرازێکی تر کەپاشان کۆنتڕڵکردنی و چارەسەرکردنی ئاستەم دەبێت و کاریگەریی لەسەر پڕۆسەکە دەکات و ئاکامی خەراپی لێ دەکەوێتەوە. بەشداریکردنی هەر تاکێکی کوردستانی لەپڕۆسەی دەنگدان ئەرکێکی نیشتیمانی و مافێکی شەخسیە کەپێویستە هەر تاکێک ئەم مافە پەیڕەو بکات بەوەی کە لە هەرشوێنێک بێت لەناوەوە ولە دەرەوەی ووڵات و لەو شوێنانەی کە سندوقی دەنگدانی بۆ دیاریکراوە، پێویستە کوردستانیان بەویژدانەوە و بەگیانێکی بەرپرسیارێتیەوە  ڕوو لەسندوقەکانی دەنگدان بکەن، جونکە مەسەلەی دەنگدان و بەشداریکردن لەم هەڵبژاردنە، هەڵبژاردنی ئێراقە ولەوێ چارەنوس وئاییندەی گەلەکەمان دیاری دەکرێت، بۆیە بەشداریکردن لەدەنگدان پابەندبوونێکی ئەخلاقی و ئینسانی و نەتەوایەتییە و ، بە دەنگەکانمان جارێکی تر ڕێگا نادەین میللەتەکەمان دوچاری جینۆساید و ئەنفال و تەعریب و راگواستن و کیمیا باران وکۆڕەو سیاسەتەکانی پێشوو ببێتەوە ، بەبەشداریکردن لە هەڵبژاردن و دەنگدان،  کوردستان لەم قۆناغە پێشکەوتووە بەرەو قۆناغێکی گەش تر وپێشکەوتووتر هەنگاو هەڵدەگرێت بەجۆرێک کەدوا ڕۆژی نەوەکانمان بەرە و کەناری ئارام دەبات و زامنی دەکات. دوای گرنگی بەشداربوونمان لە پڕۆسەی دەنکدان، گرنگیشە کوردستانیان دەنگ بەلیستێک

  بدەن، لیستێک کەلیستی خوێنی  شەهیدانە، لیستی ئەنفالکراوەکانە، لیستی کرێکاران و هەژارانە، لیستی کار و کردەوەیە، لیستی خاوەن ئەزموون و خاوەن خەبات ومێژوویێکی دوور و درێژ و پڕ لە سەروەریە، کەئەویش لیستی هاوپەیمانی کوردستانە لیستی ژمارە 372 . تایبەتمەندیەکانی لیستی هاوپەیمانی کوردستان ژمارە 372 لەم خاڵانەدا لەلیستەکانی تر جیا دەکرێتەوە 1 - پێکهاتەی لیستی هاوپەیمانی کوردستان لەهەموو لیستەکانی تر فراوانترە کەلە چەندین  لایەنی سیاسی پێکهاتووە و ئەم پارتە سیاسیانەی لیستی هاوپەیمانی کوردستان لەشانۆی سیاسی ناوخۆ و نێودەوڵەتیدا ناسراو و خاوەن ئەزموونن وخاوەنی خەباتێکی دوور ودرێژی شۆڕشگێڕانەن،  کەلەڕابردوودا لەخەباتی شاخ و لەئێستاماندا لەدامەزراندنی دامەزراوە دەستوریەکان و بەڕێوەبردنی ئیدارەی خەڵکی کوردستان خاوەنی ئەزموونێکی کەڵەکە بوو و هەروەها ڕۆڵی مێژووییان بینیوە لەبزاڤی رزگاری خوازی کورد و بەخوێنی شەهیدانی ئەم گەلە ستەمدیدەیە ئەم دەستکەوتانەیان بۆمان بەدەست هێناوە و تا ئێرە هێناویانە و هەر ئەمانیش دەتوانن ئەم دەستکەوتانە بپارێزن و دەستکەوتی تر بەدەست بهێنن 2 – ئەو سەنگ وپێگەیەی لیستی هاوپەیمانی کوردستان لەئێراق ولەناوچەکە و لە نێو کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی هەیەتی لیستەکانی تر نیانە و ئەوەی بەلیستی هاوپەیمانی لەبەغدا دەکرێ بەلیستەکانی تر ناکرێ .  3 – هەر خودی پارتی دیموکراتی کوردستان کەوەک حزبێکی دایک و قوتابخانەی کوردایەتی و هەڵقوڵاوی ناخی کۆمەڵگای کوردستانیە لە ئەوپەڕی راست تا ئەوپەڕی چەپ لەڕیزەکانیدا ئیسلامی و مەسیحی و یەزیدی و کاکەیی و تورکمان و ئەرمەنی و ئاشووری هەیە و  لەسەر ڕێبازی پیرۆزی بارزانی نەمر درێژە بەخەباتیان دەدەن . 4 –پالێوراوانی لیستی هاوپەیمانی کوردستان زۆربەیان جیاواز لەلیستەکانی تر کەسانی تەکنۆکرات و سەربەخۆی سیاسی و خاوەن تواناو بڕوانامەی ئاست بەرز و شارەزا لەبوارە جیا جیاکان . 5 – بەرنامەی لیستی هاوپەیمانی کوردستان بەرنامەیێکی ماقول و واقیعیانەیە و بەرنامەی کردەوەیە نەک دروشم.  بۆیە لەسەر ئەم بنەمایانە و لەم سەکۆیەوە داوا لەسەرجەم چین وتوێژەکانی کوردستانیان دەکەم بەشداری لەدەنگدان بکەن و دەنگ بەلیست و بەپالێوراوانی لیستی هاوپەیمانی کوردستان  ژمارە  372 بدەن. ئەوەی ماوە بیڵێم، لەڕۆژی دەنگدان لەبنکەکانی هەڵبژاردن، بەڕێوەبەری بنکەکان ونوێنەرانی لیستەکان لە سەر  سندوقەکانی دەنگدان بە ئەمانەتەوە ئەرکی خۆیان ڕابپەڕێنن و دوور بکەونەوە لە بوختان و لەڕاگەیاندنی ووڕوژێنەر و لەئستیفزازکردنی یەکتر، تا پڕۆسەکە بەجوانی بەسەرکەوتوویی تەواو دە بێت ودووبارە بۆ هەموو دونیا بسەلمێنین کەکوردستان ووڵاتێکی دیموکراسیە و بەشێوازێکی دیموکراسی وبەئاشتیانە پڕۆسەی هەڵبژاردن قۆناغەکانی تەواو کرد کەئەمەشیان ئەرکێکی نەتەوایەتی گشت لایەنە کوردستانیەکانە.دوای تەواو بوونی پڕۆسەی دەنگدان لە دەرکەوتنی ئەنجامە بەراییەکان و کۆتاییەکان دەبێت لیستە جیاوازەکانی کوردستان بە

   گیانێکی وەرزشیانەو نەتەوایەتیانە ئەنجامەکان قبووڵ بفەرموون وپیرۆزبایی لەیەکتر بکەن و بەیەک دەست و یەک هەڵوێست بەشداری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراق بکەن .
cutyarh@yahoo.com

  • email Email to a friend
  • print چاپی بکه‌

Website counter
Copyright © 2007- Kurdistan Democratic Party / Second branche/designed by Rashid Botani