|

21 شوبات, 2010 [ 09:25 ]
به‌پێی راپرسییه‌كی زانستییانه و وردی بنكه‌ی توێژینه‌وه‌ی ده‌زگای موكریانی كه له هه‌ر چوار شاری هه‌ولێر، كه‌ركووك، سلێمانی و دهۆك ئه‌نجام دراوه زۆربه‌ی ده‌نگده‌رانی ئه‌و چوار شاره به‌شداریی له هه‌ڵبژاردنی 73 ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقدا ده‌كه‌ن.
ئه‌و راپرسییه كه ته‌نها ناو چوار شاره‌كه‌ی گرتۆته‌وه و نموونه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی زانستییانه وه‌رگیراون، له رۆژانی نێوان 21 تا 27ی مانگی رابردوو ئه‌نجام دراوه و پرسیاره‌كان بریتی بوونه له رێژه‌ی به‌شداریی هاووڵاتیان له ده‌نگدان و زانینی رای ده‌نگده‌ران له‌سه‌ر یه‌ك لیستی و فره لیستی و رێژه‌ی ده‌نگده‌رانی هه‌ر لیست و پارتێكی به‌شداربووی هه‌ڵبژاردن.
به‌پێی ئه‌نجامه‌كانی راپرسییه‌كه له‌ناو شاری كه‌ركووك 97.2% ی به‌شداربووان پێیان باشه هه‌موو یان زۆربه‌ی خه‌ڵك به‌شداریی هه‌ڵبژاردن بكات، ئه‌و رێژه‌یه له‌ناو شاری هه‌ولێر 91% و له ناو شاری سلێمانی 86.1% و له ناو شاری دهۆك 87% بووه.
له راپرسییه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش ده‌ركه‌وتووه كه 84.3ی هاووڵاتیانی به‌شداربووی ناوشاری كه‌ركووك یه‌ك لیستیی لایه‌نه كوردستانییه‌كانیان به باشتر زانیوه، له‌ناو شاری هه‌ولێر 47% یه‌ك لیستییان به‌لاوه باشتر بووه و 45.6%ی به‌شداربووانیش له‌گه‌ڵ فرهلیستیدا بوونه. هه‌روه‌ها 54.4%ی به‌شداربووانی ناو شاری دهۆك لایه‌نگری یه‌ك لیستی بوونه. به‌ڵام له ناو شاری سلێمانی 61.5%ی به‌شداربووان لایه‌نگری فره‌لیستی بوونه.
به‌پێی ئه‌نجامه‌كانی ئه‌و راپرسییه‌ی ده‌زگای موكریانی 80.3%ی به‌شداربووانی ناو شاری كه‌ركووك ده‌نگ ده‌ده‌نه لیستی هاوپه‌یمانیی كوردستانی، له ناو شاری سلێمانی رێژه‌ی لایه‌نگرانی لیستی كوردستانی 38.6 و له‌ناو شاری هه‌ولێر 63% و له ناو شاری دهۆكیش 72.4% ده‌نگی خۆیان ده‌ده‌نه لیستی هاوپه‌یمانیی كوردستانی.
هه‌ر به‌پێی راپرسییه‌كه پارتی دیموكراتی كوردستان له پێشه‌وه‌ی هه‌موو حزبه‌كانی كوردستانه.
|