|

30 تهمووز, 2010 [ 23:54 ]
بە بۆنەی حەوتەمین ساڵیادی دەرچوونی یەكەم ژمارەی رۆژنامەی ( ئەڤرۆ ) ، بەرێز مسعود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بروسكەیەكی پیرۆزبایی بۆ خاوەن ئیمتیاز و سەرنووسەرو هەموو رۆژنامەنووسانی رۆژنامەی (ئەڤرۆ) ناردكە ئەمە دەقەكەیەتی :
بە ناوی خوای مەزن و دلۆڤان بەرێزان خاوەن ئیمتیاز و سەرنووسەرو رۆژنامەنووس و كارمەندانی رۆژنامەی ئەڤرۆ
سڵاوورێز
بە بۆنەی حەوتەمین ساڵیادی دەرچوونی یەكەم ژمارەی رۆژنامەكەتان بە گەرمی پیرۆزباییتان لێ دەكەم و هیوادارم هەردەم لە پێشكەوتن و بەرەو پێشەوەچوونی زیاتردا بن بۆ باشتر جێبەجێكردنی ئەركەكانی سەرشانتان و بە بەردەوامیش شوێنی شایەنی خۆتان لە ناو راگەیاندنی كوردستانیدا بپارێزن و ئەو ئەركە پیرۆزەی كە كەوتۆتە سەرشانتان پیشەییانە و راستگۆیانە بگەیەننە خەڵكی كوردستان و خەمخۆرانەش رۆشنایی بخەنە سەرخواستە رەواكانیان و بیانخەنە بەردەم لایەنە بەرپرسەكان بە مەبەستی جێبەجێكردنیان.
رۆژنامەی ( ئەڤرۆ ) گەشەكردنێكی دیاری بە خۆیەوە بینیوە و لە ناو راگەیاندنی كوردستانیشدا سەنگێكی تایبەتی بۆ خۆی پەیدا كردووە و چوەتە قۆناغێكی نوێوە ، بۆیە پێویستە ئەمرۆ زیاتر خەمخۆری تەواو كردنی ئەو پەیامەی بێت كە لە پێناویدا دەرچووە.
جارێكی دیكە پیرۆزباییتان لێ دەكەم و هەر سەركەوتووبن بۆ خزمەتكردنی كوردوكوردستان .
مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان 29/7/2010
|