چەند رۆژێکە، ژمارەیەك لە میدیای عێڕاقی و عەرەبی باس لەوە دەکەن کە سهرۆك بارزانی بە فەرمی بانگهێشتی قەوارەو هێزو لایەنە سیاسییەکانی عێڕاقی کردووە بۆ گرێدانی دیدارێکی فراوان لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی دوا پەرەسەندنەکانی پرۆسەی سیاسی و دۆزینەوەی رێگە چارەیەك بۆ دەرچوون لەو قەیرانە سیاسییەی کە ئێستا دووچاری عیراق بووەتەوە. تا ئێستا، هیچ بانگهێشتێکی فەرمی بۆ گرێدانی دیدارێکی فراوان لە لایەن سهرۆك بارزانییەوە ئاراستە نەکراوەو ئەوەی لە میدیاکانیش باسی لێوە دەکەن، تەنها گوزارشتکردنە لە بیرو بۆچوونیان.
سهرۆك بارزانی، هەر چۆن پێشتر ئامادەبووە لە پێشخستنی پرۆسەی سیاسی و دیموکراتی لە ێڕراقدا، ئێستاش ئامادەیە بۆ هەر هەنگاوێك کە ببێتە هۆی لێکنزیکردنەوەی بیرو بۆچوونی ئەو لایەنانەو دۆزینەوەی رێگە چارەیەك بۆ ئەو قەیرانەو بۆ ئەم مەبەستەش تا ئێستا، لەگەڵ زۆربەی هەرە زۆری قەوارەو لایەنە سیاسییەکانی عێڕاق کۆبووەتەوەو هەر لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەشی، بانگهێشتی سەماحەتی موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی سەدری کردووە تا سەردانی هەولێری پایتەختی هەرێم بکات به مهبهستی ئەنجامدانی دیدارێکی تایبەت.
ئەگەر ئەم دیدارە ببێتە هۆی ئەوەی کە پێویست بە گرێدانی دیدارێکی فراوانتر بکات لەگەڵ هەموو قەوارەو هێزو لایەنە سیاسییەکانی ترداو ئەگەریش ئەو قەوارەو لایەنانە ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ ئەو دیدارە فراوانە، ئەوا سهرۆك بارزانی خۆشحاڵە بۆ گرێدانی.
وتهبێژێك به ناوی سهرۆکایهتی ههرێمی کوردستان
26/7/2010