گه‌ڕانه‌وه

بەشدارى ئافرەت لە گۆڕەپانى سیاسی لە نێوان پێوستى و ئاستەنگەکاندا
 

image

  • email Email to a friend
  • print چاپی بکه‌
26 ته‌مووز, 2010 [ 10:07 ]


لەنجە دزەیی

پرسى مافی سیاسی ئافرەت لە سەرەتاکانى سەدەى بیستەم دواى جەنگى جیهانى دووەم بەرپابوو لە چوارچێوەى تەواوى مافەکانى مرۆڤ و بەتایبەتى دواى راگەیاندنى جاڕى گەردوونى مافى مرۆڤ و قوڵبوون لە دراسەتکردنى ماف و ئازادیە هەڵپەسێردراوەکان و دەرکردنی یاساى پێوست لە دەرئەنجامى ئەم پرۆسەیە زۆر لە رێکەوتن و پەیماننامە ویاساى نێودەوڵەتى سەرى هەڵدا کە راستەوخۆ پەیوەنددار بوو بە مافەکانى ئافرەت بەگشتى ومافەکانى لە بوارى سیاسی وەک بەشێک لەم مافانە بەتایبەتى.


 ئەگەر بە زنجیرەى مێژوویى رووداوە گرنگەکاندا بێنەوە لەم پرسەدا دەبینین لە ساڵى 1952  رێکەوتنامەى  تایبەت بە مافى سیاسی ئافرەت لە رێکخراوى نەتەوەیەکگرتووەکان پەسەندکرا ئەمەش لە ئارەزوومەندى بنەماى یەکسانى و دان پێنانى ئەوەى هەموو تاکێک لە کۆمەڵگا مافى بەشدارى لە بەڕێوەبردنى کاروبارى گشتى ووڵاتەکەى هەیە بە بێ هیچ جیاکاریەک و هەروەها رێکەوتنامەى لەناوبردنى هەموو جۆرە جیاکاریەک لە دژى ئافرەت کە لە ساڵى 1979 دەرکرا و لە ساڵى 1981 دەستکرا بە جێبەجێکردنى و تیایدا بە شێوەیەکى وورد ئەم بوارانە دیاری کرا کە پێوستە ئافرەت بەیەکسانى بەشدارى بکات شان بەشانى پیاو  بریتی بوون لە ( 1. مافى دەنگ دان لە گشت هەڵبژاردنەکان 2.

مافی خۆ پالاوتن 3.  بەشدارى کردن لە دارشتنەوەى سیاسات و جێبەجێکردنیان 4. کارکردن لە بوارەکانى کارکردن بەگشتى و لە هەموو ئاستێکى حکومیدا 5. بەشدارى لە رێکخراوە ناحکومیەکان لە ئاستى ناوخۆ ونێودەوڵەتى  6. نوێنەرایەتی کردنى حکومەت لە ئاستى نێودەوڵەتى ... هتد)، خەسڵەتى ئەم رێکەوتنامەیە دوپاتکردنەوە بوو لەسەر ئامانجی سەرەکى لە یەکسانى راستەقینەى بەشداریکردن شان بەشانى یەکسانى یاسایی، کە ئەمەش ئەنجام وکاریگەرى زۆرى هەبوو لەسەر چەند رێکەوتنامەیەک و راگەیاندنێکى ترى نێو دەوڵەتى، و کۆنگرەى پەکین کە لە ساڵى 1995 گەورەترین کۆنگرە بوو سەبارەت بەم پرسە لە گشت ڕوانگەکانەوە.


لەگەڵ دەرکردنى ئەم هەموو رێکەوتنامەو راگەیاندنانەى کە پەیوەستن بە مافی سیاسی ئافرەت بەڵام کاتێک بە گشتى پرسى ئافرەت لەم بوارە وەردەگرین و شیکردنەوەى بۆ دەکەین هەست بە کەم وکورتى و تارادەیەک وبە نایەکسانى دەکەین نەوەک بەهۆى ئەوەى کە ئێمە ئافرەتین وسۆزمان لەگەڵ پرسەکانى خۆمان هەیە و ئەگەر واش بێت مافێکى شەرعى خۆمانە و بەهانەى لۆژیکیانەمان بۆى هەیە کە ئێمە نیوەى کۆمەڵین و بەبێ بەشدارى ئافرەت کۆمەڵگە هیچ سەرکەوتنێکى راستەقینە بەدەست ناهێنێت و بەپێچەوانەشەوە راستە،

 ئافرەت لە هەموو توانا هزریەکانەوە هیچ جیاوازیەکى نیە لەگەڵ پیاو راستە لە رووى تکوین و بایۆلۆجیەوە جیاوازن بەڵام ئەمەش خەسلەتێکى سروشتى دەستکردی یەزدانى مەزنە و دووپاتکردنەوەیە لەسەر تەواوکەرى ئەم دوو رەگەزە بۆ یەکتر، بەڵام بەداخەوە لە کۆمەڵگەى ئێمەدا کە بەشێکین لە کۆمەڵگەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و کۆمەڵگەیەکى پیاو سالارییە و بە مەهانەى ئەو بیروباوەرانەى لە دێر زەمانەوە هەیەو نەوە لە دواى نەوە بۆمان ماوەتەوە و لەگەڵ ئەو هەموو پێشکەوتن وگۆڕانکاریانەى کە لە جیهاندا بەرپا بووە ئافرەت لەم کۆمەڵگانەدا تا ئێستاش لەژێر کاریگەرى ئەم بیرو باوەڕو ئاستەنگانەدایە کە بەرچاوترینیان بریتین لە پاشماوە مێژوویەکان کە رۆلى ئافرەتى بەستوە بە هەندێک بوارى وەک (پەروەردەى خێزان، بوارى پەروەردە ،

بوارە کۆمەڵایەتیەکان)، کەمى رۆشەنبیرى ئافرەت بە مافە یاسایى و دەستوریەکانى بەشێوەیەکى گشتى، ئەم بۆشاییەى کە لەنێوان ماددە دەستوریەکان ویاساکانى تایبەت بەم بابەتە و ئالیەتى جێبەجێکردنیان هەیە.
نکۆلی لێ ناکرێت ئەم پرسە لە هەرێمى کوردستانى عیراقى فیدرال گەر بەراوردى بکەین لەگەڵ زۆر لە ووڵاتانى دەوروبەر و ووڵاتانى تر لە رۆژهەڵاتى ناوەراست پێشکەوتنێکى بەرچاوى بەدەست هێناوە تارادەیەک، روونى مافى ئافرەت لە رەش نووسى دەستوورى هەرێمى کوردستان کە لە مادەى  21 دا دەڵێت (ئافرەت یەکسانە لەگەڵ پیاو و نابێ جیاوازى  لەدژى بکرێت و حکومەتى هەرێم هەموو ئەو مافە مەدەنى و سیاسیانەى لەم دەستوورە و لە پەیمان و رێکەوتنامە نێو دەوڵەتیەکان هاتوون کە دەوڵەتى عیراق پەسندی کردون، دەستەبەر دەکات،

 هەروەها هەر شتێک دەبێ بە بەربەست دابنرێـت لە بەردەم یەکسانیان لەژیانى کۆمەڵایەتى و رۆشەنبیرى وئابوورى وسیاسیدا لابەرێت)، بۆیە ئێمەى ئافرەت ئەرکى سەرشانمانە کە دووپاتى ئەوە بکەینەوە کە ئێمە شایستەى ئەم مافە دەستورییەین و خۆمان دوپاتى بوونى خۆمان بکەین و بێینە ناو هەموو گۆڕەپانەکانى کۆمەڵگاکەمان بەتایبەتى گۆڕەپانى سیاسی کە زۆر روونە رۆلمان تیادا لە ئاستى پێوست نیە ئەمەش بە پلە یەک دەگەڕێتەوە بۆ کەم تەرەخەمی لە ئافرەت لەسەر بنەماى ئەوەى ماف وەردەگیرێت بە هەوڵ و ژیرى و نابەخشرێت و پێویستە ئافرەتانى بە توانا لەم بوارە پەرە بە بەهرەکانیان بدەن بۆ ئەوەى بتوانن بکەونە کێبڕکێ لەگەڵ پیاودا بۆ ئەم بەشداریکردنە،

 با دوور نەڕۆین و هەڵسەنگاندێک بکەین بۆ ئەنجامەکانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عیراقى فیدرال لە ئاستى هەرێمى کوردستان دەبینین لە کۆى گشتى ئافرەتە پالێوراوەکان تەنها یەک ئافرەت بە بەدەست هێنانى رێژەى پێوستى دەنگەکان سەرکەوتووە بە بێ کۆتا و ئەم پرۆسەیەش دەرئەنجامەکانى دوو لایەنەیە راستە بەشدارى ئافرەتى کردووە بە ئەمرى واقع بەڵام ئەمە لە ئاست خواستى ئێمەى ئافرەت دا نیە کە هیوا و خەونمانە بە کێبرکێ تواناکان و بە باوەر پێ هێنانى خەڵک ئەنجامەکان بەدەست بهێنین ئێمە گومانمان لە تواناى ئافرەتە بەرێزەکانى کە بەشداریان لەم پرۆسەیەدا کردووە نیە بەڵام کەم وکورى لە بیرکردنەوە و ئەو بنەمایانەیە کە گۆمەڵگاکانى ئێمە لەسەرى پەروەردە کراوە، بۆیە لەم قۆناغەدا کۆتا بە زەروورەت دەزانیین،

 لەگەڵ ئەمانەشدا ئەنجامى هەڵبژاردنەکان جێگەى هەڵوەست و گلیەیی وپرسیارکردنە؟ کەوا ئێمەى ئافرەت خۆمان کەمتەرخەمین لەوەى کە پشتگرى لە یەکتر بکەین وباوەڕمان بە تواناى خۆمان هەبێت لە بەشدارى سیاسی و بریادان لە لایەک و لە لایەکى تر کوا دەرئەنجامى رۆڵى ئەو ژمارە زۆرە لە سەنتەر و رێکخراوەکانى ناوخۆ NGOى تایبەت بە پرسى ئافرەت لە رۆشنبیرکردنەوەى کۆمەڵگا بەگشتى و ئافرەتان بە تایبەتى بە پێوستى وکاریگەرى بەشدارى ئافرەت و گرنگى رۆڵیان لە بوارى سیاسى لەسەر کۆمەڵگا؟ لێرە مەبەستمان لەوە نیە کەوا ئافرەت دەبێت تەنها دەنگ بە ئافرەت بدات و بەپێچەوانە بەڵام پێوستمان بە هەڵمەتى هۆشیارکردنەوە هەیە لە نێو کۆمەلگادا بە ئافرەت و پیاو بۆ جەختکردن لە بەشدارى هاوبەش بەپێى بەهرەکانەوە و کێبڕکێى دادپەروەریانە لە نێوان هەردوو رەگەز، زۆر کات لە میدیاکان ئەبینین و ئەبیستین لەم چەند ساڵەى ڕابردوو تاکو ئێستا کە چەندین خولى ڕاهێنان و پەرەپێدان بۆ ئافرەتى سەرکردە  لە ناوەوە و دەرەوەى ووڵات دەکرێتەوە بودجەى باشى بۆ سەرف دەکرێـت لە لایەن رێکخراوەکانەوە کوا ئەم ئافرەتانەوە تا چ رادەیک توانیویانە بگەنە ئاستى مەبەست ئەگەر هەش بێت ئەوا زۆر دەگمەنە؟!


بۆیە دەبێت هەوڵەکانمان بە بەرنامەى ستراتیژى پوخت و دارێژراوى درێژ خایەن بێت و بۆ ئەوە بێت کە لە ئایندەیەکى نزیک بتوانین وەک کۆمەڵگا پێشکەوتووەکان لەم پرۆسانەدا کاربکەین هەروەک چۆن لە کاتى هەڵبژاردنەکانى ولایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا هیلارى کلنتن و  ووڵاتى ئەلمانیا ئەنجیلا میرکل... هتد،

 بە کێبرکێى توانیان ئەم پۆستە باڵایانە بەدەست بهێنن، ئێمەش لە هەڵبژاردنەکان بتوانین دەستبەردارى لە کۆتا بکەین، لەگەڵ گشت ئەمانەى باسمان کرد پێوستمان بە پاڵپشتى دەسەڵاتى سیاسیە لەم قۆناغەدا بۆ فراوانکردن و کاراکردنى ئەم بەشداریکردنە لە گۆرەپانى سیاسی و هەروەها رۆلى راگەیاندنەکانمان بە گشت دامو دەزگا و کەسایەتى کارا و پرۆفیشنال تیایاندا بۆ ئەوەى کاریگەرى سەرەکیان هەبێت لەم پرسەدا کە ئەوان دەسەڵاتى چوارەمن و پپَویستە چاوى خەلک بن لەسەر راستیەکان.


 ئەگەر شیکردنەوەیک بۆ ئەم پرسە لە هەرێمى کوردستان بکەین لەگەڵ ئەو هەموو گۆرانکارییانەى هاتونەتە کایەوە و جێگاى دڵخۆشکەرن بۆ ئاییندە، لە ئاستى بەشدارى ئافرەت لە پارتە سیاسیەکانەوە، کام لەم پارتانە گەورە بێت یاخود بچوک ئافرەتیان تیادایە ئەندامى مەکتەبی سیاسی بێت یاخود بەرپرسى یەکەمى پارتەکەى بێت لە پارێزگاکان یا لە هەر ناوچەیەک لە ناوچەکانى کوردستان ئەگەر هەش بێت ئەوا بە رێژەیەکى زۆر کەمە و دەگەرێتەوە بۆ هۆکارى مێژووى و سیاسی خانەوادەکانیان، لە رووى دەسەڵات و بەڕێوەبردن لە گشت کابینەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان یەک لەدواى یەک دەبینین رێژەى ئافرەتە وەزیرەکان رێژەیەکى کەم بووە،

 لە پۆستى پارێزگار بەردەوام بێبەش بووە، راستە ئێستا قائیمقام و بەڕێوەبەرى ناحیەکان بەشێکیان ئافرەتن کە ئەمانەش هەنگاوى گرنگن بۆ ئەوەى هیوامان هەبێت لە ئایندەیکى نزیک ئافرەتێکى پارێزگار لە یەکێک لە پارێزگاکانى کوردستان ببینین؟ جگە لە پۆستە ئیداریەکانى تر کە ئەبینین بەشدارى ئافرەت تیادا لە ئاستى پێوست نیە.

ئێستا لە سەرەتاکانی سەدەى بیست یەک و لە سایەى کوردستانێکى ئارام کە ئەمن و ئاسایش تیایدا بەرقرارە و  زەمینە روخساوە بۆ ئەوەى ئافرەت خۆى لەم بوارەدا بسەلمێنى و پەرەى پێبدات و پێداچوونەوە بە خۆیدا بکات لەو پرسە و دان بەوە بنێت کە خۆى بەرپرسى یەکەمە لە لاوازی ڕۆلى لەم بابەتە، بۆیە دەبێت هەوڵ و تواناکان بەگەڕ بخەین بۆ فراوانکردنى بەشدارى لە دەسەڵات و شوێنەکانى بڕیاردان و جەخت لەسەر بونمان لە نەخشەى سیاسی ووڵات زیاتر بکەینەوە.

  • email Email to a friend
  • print چاپی بکه‌

Website counter
Copyright © 2007- Kurdistan Democratic Party / Second branche/designed by Rashid Botani