گه‌ڕانه‌وه

سەرەنجێک لەبارەی ڕاپۆرتەکەی رۆژنامەی نیویۆرک تایمزەوە
 

image

  • email Email to a friend
  • print چاپی بکه‌
18 ته‌مووز, 2010 [ 12:08 ]

.
جوتیار حازم :


سەبارەت بەو ڕاپۆرتەی کەماوەیەک لەمەوبەر رۆژنامەی (نیۆیۆرک تایمز) ی ئەمریکاییدا بڵاوبۆتەوە وتیایدا باس لە سەپاندنی گەمارۆی ئەمریکا بەسەر ئێران و بەقاچاخبردنی نەوت لەسنوورەکانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئێران دەکات. هەندێ لایەن و ڕۆژنامەی ناوخۆیی وەکو پیشەی هەمیشەییان دیوە خەراپەکەی میدیا بۆ مەبەستی یەکلاکردنەوەی ململانێی سیاسی ناوەخۆ بەکاردەهێنن. بۆیە ئەو ڕاپۆرتەیان بەهەڵزانی وەک ئەوەی هەنگوینیان لەکلۆرەداردا دۆزیبێتەوە. هەرزوو ئەوەیان قۆستەوە بۆ ئەوەی جارێکی دی بیکەنەوە بە خاڵی لاواز لە دژی  دەسەڵاتی سیاسی  هەرێمی کوردستان .

 هەر وەک ئاشکرایە، تەماعکارانی نەوتی کوردستان کە چاویان بەو هەموو دەستکەوت وپێشکەوتنانەی ئەزموونی هەرێمی کوردستان هەڵنایە. دوای ئەوەی زانیان کە کورد دەزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ بۆندە نەوتییەکانی خۆی دەکات ولەسیاسەتی نەوت مەلەوانە و، دەزانێت لەچوارچێوەی ئێراق و دەستوور و یاسا چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە گرنگەیە دەکات . بەجۆرێک کەهیچ کەلێنێک ناهێڵتەوە سوودی لێوەربگیرێت و هیچ بیانوویەکیش ناداتە دەستەوە کە شەهرستیانیەک لەپاڵ ئامانجێکی سیاسی سوودی لێ ببینێت!  لەگەڵ ئەوەشدا بۆندە نەوتییەکانیش شەفافانە وبەپێی دەستووری ئێراق بەڕێوەدەچێت. ئەوەی شەهرستانیەکان بەیاسا نەیانتوانی لەگەڵ کورد بیکەن. ئەمجارە بە ئامرازێکی تر کەوتنە پیلانگێڕان ئەویش بەناردنی ئەو ڕاپۆرتە بۆ ڕۆژنامەی (نیۆیۆرک تایمز )ی ئەمەریکی.

  ئەوەی جێگای ئاماژە بۆکردنە تەوقیتی وڕوژاندنی ئەم پرسە هەستیارە لەکاتێکدایە کەفڕاکسیۆنە کوردستانیەکان لەبەغدا لەکاتی دانوستان کەماوەی کەمتر لەدوو هەفتە ماوە بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستی هەرسێ سەرۆکایەتی پێش دانیشتنی پەرلەمانی ئێراق. بۆیە ڕەنگە ووڕوژاندنی ئەم بابەتە لەم کاتەدا وەکو فشارێک بێت بۆ سەر کورد بۆ ئەوەی هەست بە سەرپێچی یاسای نێودەوڵەتی بکات و پێگەی لە دانوسانەکان لەگەڵ بەغدا لاواز بکرێت!

 لایەنێکی تری تەوقیتی ئەو پیلانە نەزۆکانە ڕێک لەدوای ئەو پێشڤەچوونانەی پەیوەندییە ئابووری وبازرگانیانەوە دێت کە لەدوای زنجیرەیەک سەردان و گەشتە فەرمیەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ هەریەک لە وڵاتانی   ( تورکیا ، فەرەنسا، ئەردەن ، میسر ) کە بە داوەتنامەی ڕەسمی داوەتکرابوو ڕەنگە ئەمەیشیان فاکتەرێکی ناڕەحەتبوونی نەیارەکان تایبەت بێت بۆ ئەو بەرەوپێشڤەچوونەی ئەزموونی هەرێم بەخۆیەوە دیوە.  سەبارەت بە دەقی ڕاپۆرتەکەی (نیۆیۆرک تایمز) ، ڕاپۆڕتەکە جگە لەوەی کە زۆر دوورە لەڕاستی و بەڵگەی سەلمێنەری لەهەمبانەدا نیە، هەروەک ئاماژەم بۆی کرد لەوە دەچێت مەبەستی سیاسی بەدواوە بێـت نەک شتی تر. هەر لەدوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتەکە.

هەندێ لەو ڕۆژنامە ناوخۆییانە هەرزوو چوونە بەرەی (شەهرستانی) وەزیری نەوت وجارێکی دیکە ئەو قەوانە سواوەی گەندەڵی و ئاودیوکردنی نەوتیان لێدایەوە بۆ ناشرینکردنی دەسەڵاتی هەرێم و لەکەدارکردنی ناوبانگی هەرێم. مەخابن بۆ ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن و ڕاگەیاندنەکانی کە لە پرسێکی ئاوا هەستیار و لەم قۆناغەدا ئەوە هەموو هەڵوێستی ئۆپۆزسیۆن بێت! بەوەی کە ڕاگەیاندنەکانی تەپڵ بۆ ڕاپۆرتەکەی نیۆیۆرک تایمز دەکوتن و بوونەتە (توتی ) بۆ ڕاگەیاندنەکانی (شەهرستانی) و ئەوەی شەهرستانی لەبەغدا دەیڵێـت ئەمان لێرە وەکو (توتی ! ) دەیڵێن ودەیڵێنەوە!. ئەمە لەبری ئەوەی لەپرسێکی وەکو پرسی نەوت کەسامانی نەتەوەییمانە و ژیانی خەڵکی پێیەوە بەندە.

 بەرگری لە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی هەرێم بکەن و بەلایەنی کەم راستیەکان وەکو خۆی بەبێلایەنانە بخەنە ڕوو. کەچی بەهەناسەیەکی پڕ لەگرێی دەروونی و توڵەسەندنەوە و تەسفیەی حیساب دەکەونە بەرەی نەیارانی ئەزموونەکەمان. 


 

  • email Email to a friend
  • print چاپی بکه‌

Website counter
Copyright © 2007- Kurdistan Democratic Party / Second branche/designed by Rashid Botani