گه‌ڕانه‌وه

ئەم سیناریۆیە سەردەگرێت و کوردیش پێویستە وریا بێت/مەلاهەندرێن
 

image

  • email Email to a friend
  • print چاپی بکه‌
08 ته‌مووز, 2010 [ 13:33 ]

پاش ئەوەى نورى مالیکى، سەرۆکى لیستى دەوڵەتى یاسا، هەوڵێکى زۆرى دا تا لەگەڵ لیستى ئیئتلافى نیشتمانى بە سەرۆکایەتى عەمار حەکیم بە ئامانج و خواستى خۆى بگات و رازییان بکات کە نورى مالیکى وەک کاندیدى بێ رکابەرى هەر دوو لیستى دەوڵەتى یاساو ئیئتلافى نیشتمانى پەسەند بکرێت ، بەڵام سەرەنجام نەى توانى ئەمە بە دەست بهێنێ و گەیشتە ئەو بڕوایەى هەوڵەکانى لەگەڵ ئیئتلافى نیشتمانى جگە لە ئاسنى ساردە کوت هیچى تر نییە و نابێت. بۆیە هەنگاوى نزیک بوونەوەى بەرەو لیستى ئەلعراقیە هاویشت وراشى گەیاند کە لەگەڵ لستى ئەلعراقیە نزیک دەکەوێتەوە، وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە هەلوێستى ئیئتلافى نیشتمانى و نەرم نەبوونیان بەرامبەر، بە داواکارییەکەى.
      نورى مالیکى لە هەنگاوى نزیک کەوتنەوەى لە ئەلعراقییە دوو ئامانجى هەبوو:             

   یەکەم/ دورستکردنى فشارو نیشاندانى کارتى سور بە ئیئتلافى نیشتمانى بۆ ئەوەى ناچاریان بکات رازى بن بە داواکاریەکەى وبیکەن بە کاندیدى بێ رکابەرى هەردوولایەنى شیعى بۆ پۆستى سەرۆکى حکومەت . جا ئەگەر لیستى ئیئتلاف هاتە رایێ، ئەوە دەتوانێت پۆستى یەکەم لە حکومەت مسۆگەر دەکات.
    دووەم/مەبەستێکى ترى نزیکبوونەوەى لە عەللاوى ئەوەیە کە ئەگەر نەتوانێت پۆستى سەرۆکى حکومەت لە عەللاوى وەربگرێت ، ئەوە بەدڵنییایەوە دەتوانێت پۆستى سەرۆکى کۆمار بە کۆمەڵیک دەست کەوتى زیادەشەوە بەدەست بهێنیت. چونکە مالیکى ئەو راستیە دەزانێت ئەگەر ئیئتلافى نیشتمانى نەیکەنە کاندیدى خۆیان، ئەوە نەک هەر پۆستى سەرۆکى حکومەتى لەدەست دەچێت ، بگرە دەکەوێتە دەرەوەى دەسەڵات و ئاکامەکەى بەباش نابینرێت، بۆیە مالیکى واى داناوە ئەگەر سەرۆکى حکومەت نەبێت، دەوتوانێت لەگەڵ عەللاوى سەرۆکى کۆمار مسۆگەر بکات. لە راستى دا لەم چەند رۆژانەى دواى مالیکى بە فەرمى کشانەوەى خۆى لە هاوپەیمانى لەگەڵ ئیئتلافى نیشتمانى راگەیاند و عەممار حەکیمى ئاگادار کردەوە. لە وەڵامى ئەمەش ئیئتلافى نیشتمانى بە فەرمى نورى مالیکیان ئاگادار کردەوە کە ئەوان ئامادە نین ئەو بکەن بە کاندیدى بێ رکابەرى شیعە بۆ پۆستى سەرۆکى حکومەت .بەمەش دەکرێت بلێین دوا رایەڵەى دروستکردنى گەورەترین لیستى شیعى لەناو پەرلەمان کوتایى هاتوو و نورى مالیکیش بەلاوازیەوە کەوتە باوەشى ئەلعراقیە .بۆیە ئیستا سیناریۆی هەرە بەهێز ئەوەیە، کە سەرۆک کۆمار بۆ شیعەو سەرۆک وەزیران بۆ سونەو پەرلەمان بۆ کورد، ئەمە سیناریۆیەکى بێ رکابەرەو زۆرترین چانسى سەرکەوتنى لە پێشەو لە ئاستى هەرێمایەتى و نێو دەوڵەتیش پاڵپشتى تەواوى لێ دەکرێت ، ئەوانەى کە بەم سیناریۆیە ناڕازین و بە زیانى خۆیانى دەزانن، لەناوەخۆ لایەنى ئیئتلافى نیشتمانى و لیستى کوردستانیە و لە دەرەوەش ئێرانە.
   بەڵام نورکى مالیکى ئامادەیە لە بەرژەوەندى خۆى سازش لەسەر مافەکانى شیعە بکات و ناڕەزاى ئیئتلافیش هیچ لە بابەت ناگۆڕێت.جگە لەوەى پێیان دەڵێن ئێوە دەتوانن لەم دەورەیە ئۆپۆزیسیۆنى حکومەت بن، دەربارەى کوردیش رەنگە بتوانن گرفتێک لەبەردەم ئەم سیناریۆیە چێ بکەن. چونکە بەبێ لایەنى کوردى  حکەمەتێک پێک نایەت، بەڵام کورد ناتوانێت تا سەر رێگرى لەم ویستە بەهێزە ناوخۆییە بکات و سەرنجام سەرۆک کۆمار بەدەست ناهێتەوە. ئەویش لەبەر ئەوەى هیچ سیناریۆیەکى شوێن گرەوە بۆئەم سیناریۆیە  لە ئارادا نیە کە بتوانێت هەردوو لایەنى شیعەو سونە بەیەکتر رازى بکات، بۆیە بە راى من لەسەر لایەنى کوردى پێویستە دووربین بێت و بزانێت چۆن لەبەرامبەر لەدەستدانى سەرۆک کۆمار شتى تر بەدەست دەهێنێت، چونکو مەترسى ئەوەش هەیە بەناوى دڵسۆزى و خەم خۆرى بۆ یەکێتى عیراقى و گیانى ئاشتەوایى، کورد بێ بەرامبەر دەست لە مافەى خۆى بەربدات. بە تایبەتى ئەگەر ئاشتەوایى هاتە کوردستان ئەو مەترسیە زیاتر دەبێت و بە کورتى ئەم هەنگاوانە بۆ لایەنى کوردى پێویستە:-
1ـــ لەبەرامبەر نەمانى پۆستى سەرۆک کۆمار، کورد مەرجى پێکهاتنى ئەنجومەنى نوێنەرانى هەرێمەکان و وەرگرتنى پۆستى سەرۆکى ئەنجومەن دابنێَت، لە تەک وەرگرتنى پۆستى سەرۆکى پەرلەمان و وەزارەتى دەرەوەو جێگرێکى سەرۆکى حکومەت.
2ـــ هەوڵ بدات زەمانەتێکى نێودەولەتى بۆ جێ بەجێ کردنى دەستورو مادەکانى تایبەت بە مافى کورد بەدەست بهێنێت و نەچێتە ژێر بارى وەعدوبەلێنى زارەکى وسەرپێیى.
3ــ دەکرێت لەگەڵ بەستانى هەماهەنگییەکى باش لەگەڵ لایەنى ئۆپۆزیسیۆن ، رەوشى ناو پەرلەمان کۆنترۆڵ بکرێت رێگالە بەشێکى گرنگى مەترسیەکانى ئایندە بگیرێت ، واتا هەر کاتێک دوو لیستەکەى تر گەرەکیان بوو دژ بە کوردو لایەنى ئۆپۆزیسیۆن بڕیارێک لە پەرلەمان یان یاسایەک دەربکەن ، ئەوە دەتوانن  پەکى بخەن.

  • email Email to a friend
  • print چاپی بکه‌

Website counter
Copyright © 2007- Kurdistan Democratic Party / Second branche/designed by Rashid Botani