به ئاماده‌بوونی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و یۆنگ ۆن كانگ به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیای نیشتمانی نه‌وتی كۆریای باشور(KNOC) و هۆشیار سیوه‌یلی وه‌زیری كاره‌بایی هه‌رێم و ئاشتی هه‌ورامی وه‌زیری سامانه سروشتییه‌كان و ژماره‌یه‌ك له به‌ڕێوه‌به‌ره گشتییه‌كانی وه‌زاره‌ت و ژماره‌یه‌ك له لێپرسراوای حزبی و حكومی و جه‌ماوه‌ری سنوره‌كه، دوێنێ 12/7 له مه‌راسیمێكدا به‌ردی بناغه‌ی وێستگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌بای هه‌ڵمی 600 مێگاواتی خه‌بات له هه‌ولێر دانرا.
مه‌راسیمی دانانی به‌ردی بناغه‌ی وێستگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌بای هه‌ڵمی 600 مێگاواتی خه‌بات به‌پێشكه‌شكردنی چه‌ند وته‌یه‌ك ده‌ستیپێكرد، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا هۆشیار سیوه‌یلی وه‌زیری كاره‌با له وتارێكدا دوای سوپاسكردنی كۆریای باشور بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و پڕۆژه‌یه، ئاماژه‌ی به لایه‌نه‌كانی پڕۆژه‌كه كرد و رایگه‌یاند: توانای به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و وێستگه‌یه 600 مێگاوات كاره‌بایه و له قۆناغی یه‌كه‌مدا 300 مێگاوات كاره‌با لێ به‌رهه‌مدێت و له‌لایه‌ن كۆمپانیای نیشتمانی نه‌وتی كۆریای باشور(KNOC) پاره‌ی بۆ دابینكراوه و جێبه‌جێده‌كرێت، رونیشیكرده‌وه كه قۆناغی یه‌كه‌م له كۆتایی ساڵی 2013 دا ته‌واو ده‌بێت.
سه‌باره‌ت به‌شوێنی پڕۆژه‌كه‌ش هۆشیار سیوه‌یلی وتی: وه‌زاره‌تی كاره‌با له‌ڕێی كۆمپانیای (ئێڵ سی) ئیتاڵییه‌وه بۆماوه‌ی 6 مانگ توێژینه‌وه‌ی ته‌كنیكی كرا‌و دوو شوێنی بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كه ده‌ستنیشانكرد، ئه‌وانیش ته‌قته‌ق و خه‌بات بوون، به‌ڵام به‌هۆی نه‌بوونی ئاو و سووته‌مه‌نی و نه‌بونی وێستگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با له ته‌قته‌ق، خه‌بات ده‌ستنیشانكرا، جگه‌له‌وه‌ش وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه ئاوییه‌كانی عیراق له داهاتوودا وێستگه‌ی هایدرۆپاوه‌ر دروست ده‌كات، وه‌زیری كاره‌با راشیگه‌یاند: ئه‌و وێستگه‌یه له دوو یه‌كه‌ی 150 مێگاواتی هه‌ڵمی پێكدێت كه له‌ڕێی بۆرییه‌وه ده‌به‌سترێته‌وه به پاڵاوگه‌ی نه‌وتی خه‌بات و راسته‌وخۆ نه‌وتی ره‌شی بۆ دابینده‌كرێت و ئاوی پێویستی له روباری زابی گه‌وره‌وه بۆ دابینده‌كرێت و به‌رهه‌مه‌كه‌شی بۆ هه‌موو پارێزگاكانی كوردستان ده‌بێت.
دواتر یۆنگ ۆن كانگ به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیای نیشتمانی نه‌وتی كۆریای باشور(KNOC) له وته‌یه‌كدا رایگه‌یاند: دانانی به‌ردی بناغه‌ی ئه‌م پڕۆژه‌یه بۆ كۆریاش رووداوێكی گرنگه، رونیشیكرده‌وه كه په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ جێگربوونی سوپای كۆریا له كوردستا.
وتیشی: ئه‌وان روڵێكی باشیان گێڕاوه له پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری به هاووڵاتیان، بۆیه جێبه‌جێكردنی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ش له چوارچێوه‌ی هه‌وڵه به‌رده‌وامه‌كان دێت بۆ درێژه‌دان به‌و په‌یوه‌ندییانه كه له قۆناغی یه‌كه‌مدا ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ی هێنایه‌دی، ئێمه پابه‌ندیشین به‌پاراستنی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه.
بۆ سوود وه‌رگرتن له ئه‌زمونی كۆریاش یۆنگ ۆن كانگ وتی: كۆریا وڵاتێكه له گه‌شه‌سه‌ندن ئاستێكی به‌رزی هه‌یه، به تایبه‌ت له دوای شه‌ڕی ناوخۆ به‌ماوه‌یه‌كی كه‌م توانی هه‌ستێته‌وه، بۆیه ئه‌و ئه‌زمونه‌ی كۆریا له دووباره بونیادنانه‌وه‌ی وڵات و ژێرخانی ئابوری و پێشكه‌وتن و ته‌كنه‌لۆژیا و زانیاری و كاره‌با و ئه‌لكترۆنیات و بواری پیشه‌سازی خه‌ڵك و حكومه‌تی كوردستان ده‌توانێت له‌ڕێی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌وه سوود له‌و ئه‌زمونه ده‌وڵه‌مه‌نده وه‌ربگرێت
.
له كۆتایشدا ئه‌وه‌ی راگه‌یاند: له هه‌ر سه‌ردانێكمدا بۆ كوردستان ئه‌و دڵگه‌رمی و هه‌وڵدانه ده‌بینم كه كاتی خۆی له كۆریا له خه‌ڵك و حكومه‌ته‌كه‌ی هه‌بوو بۆ بونیادانه‌وه‌ی وڵات، هه‌روه‌ك خۆشحاڵی خۆشی
نیشاندا كه له داهاتوودا پڕۆژه‌ی هاوشێوه له كوردستان جێبه‌جێبكه‌ن
.
پاشان نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ووتارێکی پێشکەش کرد
:
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز...میوانه به‌ڕێزه‌كان... ئه‌م كاته‌تان باش و هه‌موو لایه‌كتان به‌خێر بێن به‌سه‌رچاو.
به گه‌رمى به‌خێرهاتنى به تایبه‌تى به‌خێرهاتنێكى گه‌رمى به‌ڕێز( یۆنگ وۆن كانگ) سه‌رۆكى كۆمپانیاى نیشتیمانى نه‌وتى كۆریاو جێگرى سه‌رۆك و ته‌واوى به‌رپرسانى ئه‌م كۆمپانیایه ده‌كه‌م كه ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ ئێمه به‌شدارى ده‌كه‌ن هه‌موو لایه‌كتان به خێربین به‌سه‌ر چاو.
به‌خێرهاتنى ئێوه‌ى به‌ڕێزیش ده‌كه‌م كه ئه‌مڕۆ لێره له‌گه‌ڵمان ئاماده‌ن بۆ دانانى به‌ردى بناغه‌ى وێستگه‌ى كاره‌باى هه‌ڵمى 600 میگاواتى له شارۆچكه‌ى خه‌بات وه‌كو قۆناغى یه‌كه‌م 300 مێگاوات له‌م پڕۆژه‌یه.
ئه‌مه‌ش هه‌وڵێكى دیكه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمه بۆ فراوان كردن و زیادكردنى تۆڕى به‌رهه‌م هێنانى كاره‌با له هه‌رێمى كوردستان و هه‌موو عێراق.
ئێمه به تێڕوانینى هاوبه‌ش و جدیه‌ت له كاركردن توانیمان سه‌ربكه‌وین له‌م هه‌وڵه‌ماندا. ئه‌م پڕۆژه‌یه نموونه‌یه‌كى گه‌شه له ئاكامى كارى هاوبه‌شیمان له‌گه‌ڵ دۆستانى كۆرى. بۆیه به‌م بۆنه‌یه‌وه ده‌مه‌وێت سوپاسى حكومه‌ت و گه‌لى كۆریا و به‌رپرسانى كۆمپانیاى نیشتیمانى نه‌وتى كۆریا KNOC بكه‌م
په‌یوه‌ندی ئێمه له‌گه‌ڵ كۆریا به هاتنى تیپى زه‌یتون بۆ هه‌رێمى كوردستان له هه‌ولێر ده‌ستپێكرد تیپى زه‌یتون له ماوه كاركردنیان له هه‌ولێر جێگایه‌كى تایبه‌تیان له دڵ و ده‌روونى خه‌ڵكى كوردستان به تایبه‌تى خه‌ڵكى هه‌ولێر به جێهێشت.
ئێمه هه‌موو جار ئه‌وه دووپات ده‌كه‌ینه‌وه كه ئێمه هه‌میشه ئه‌و هێزه‌مان وه‌كو به‌شێك له كۆمه‌ڵگه‌ى خۆمان سه‌یر كردووه، ئه‌وان هاتن و یارمه‌تى ئێمه‌یان دا له بوارى بنیادنانه‌وه‌و هه‌ندێ پڕۆژه‌ى زۆریشیان له هه‌رێمى كوردستان به ئه‌نجام گه‌یاند.
كاتێ ئه‌و په‌یوه‌ندییه له‌گه‌ڵ كۆریا ده‌ستى پێكرد ئێمه بیرمان له‌وه كرده‌وه كه شێوه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كه بگۆڕین له تیپى زه‌یتونه‌وه بۆ كاركردن پێكه‌وه له مه‌سه‌له‌ى ووزه له هه‌رێمى كوردستان، ئه‌ویش بۆ په‌ره‌پێدانى ژێرخانى ئابوورى له هه‌رێمى كوردستان و خزمه‌تكردنى زیاترى هاوڵاتیان. پڕۆژه‌كه زۆر ساده بوو ئه‌ویش ئه‌وه بوو دابینكردنى نه‌وت به‌رامبه‌ر به‌وه‌ى یارمه‌تى ئێمه بده‌ن له بونیادنانى ژێرخانى ئابوورى هه‌رێمى كوردستان.
من ده‌مه‌وێ ئه‌وه روون بكه‌مه‌وه كه ئه‌م بیرۆكه‌یه له كوێ سه‌ری هه‌ڵداوه، وو‌ڵاتى ئێمه ووڵاتێكى ده‌وڵه‌مه‌نده له ڕووى سه‌رچاوه‌ى سروشتى خۆی هه‌رێمى كوردستان و ته‌واوى عێراق.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌یرى مێژووى كۆن و نوێى ئه‌و ووڵاته بكه‌ین، ئه‌وه‌ى كه به‌رچاومان ده‌كه‌وێ یه‌ك شته ئه‌ویش ئه‌وه‌یه هه‌میشه نه‌وتى ئێمه فرۆشراوه چه‌كى پێكڕاوه له لایه‌ن حكومه‌تى پێشووى عێراق. ئه‌و چه‌كه‌ى به‌كار هێناوه بۆ وێرانكردنى گونده‌كانمان و به‌كارهێنانى گازى كیمیاوى دژى هاوڵاتیانمان و وێرانكردنى ئه‌م ووڵاته له هه‌موو ڕووێكه‌وه ته‌نها ئه‌وه‌ى كه گه‌لى ئێمه قازانجى لێكردبێ ته‌نها ئه‌وه‌بووه كه نه‌وتى ئێمه فرۆشراوه له به‌رامبه‌ردا خۆى پڕچه‌ك كردووه‌و ئه‌م ووڵاته‌ى وێرانكردووه.
من كه ده‌ڵێم ئه‌مرۆ ڕۆژێكى مێژووییه به ڕاستى ڕۆژێكى مێژووییه، رۆژێكى مێژووییه چونكه بۆ یه‌كه‌م جار ئێمه هاتین باس له‌وه ده‌كه‌ین سه‌رچاوه‌ى سروشتى خۆمان به‌كار بێنین بۆ بونیادنانه‌وه‌ى وو‌ڵاتى وێرانى خۆمان بۆ خۆشگوزه‌رانى خه‌ڵك له كوردستان.
ئێمه به بودجه‌یه‌كى سنووردار كه له به‌غداوه بۆمان دێت ناتوانین ووڵاتێكى وێران به‌و خێراییه‌ى كه ئێمه حه‌زى لێده‌كه‌ین و میلله‌تى ئێمه چاوه‌ڕوانه ئاوه‌دان بكه‌ینه‌وه.
ووڵاتێكى وێران پێنچ هه‌زار گوندى وێران 182 هه‌زار ئه‌نفال برینى زۆر قووڵى ئه‌م گه‌له به بودجه‌یه‌كى سنووردار له به‌غداوه ناتوانرێت ووڵاتێكى وا له ماوه‌یه‌كى كورت ئاوه‌دان بكه‌ینه‌وه.
ئێمه بیرمان له‌وه كرده‌وه كه ئێمه ده‌توانین له گه‌ڵ دۆستانمان له وڵاتى كۆریا كارێكى وا بكه‌ین كه ئه‌وان به‌رامبه‌ر ئێمه ته‌كنۆلۆژیان هه‌یه ئیمكانیه‌تیان هه‌یه، ده‌توانن ئێستا یارمه‌تى ئێمه بده‌ن به خێرایى هه‌ندێك پڕۆژه‌ى خزمه‌تگوزارى و ژێرخانى ئابوورى جێبه‌جێ بكه‌ن. له به‌رامبه‌ریشدا له ئاینده‌دا ئه‌وان بتوانن نه‌وت وه‌ربگرن كه پێویستییه‌كى سه‌ره‌كى ئه‌وانه.
چونكه ئێمه ده‌مانه‌وێ هه‌نگاوه‌كانمان خێرابن بۆ پێشكه‌وتنى ووڵاته‌كه‌مان ده‌مانه‌وێت هه‌نگاوه‌كانمان خێرابن بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى هه‌رچى زووترى ئه‌و ووڵاته‌یه.
بڕوامان وایه كه ئه‌و ده‌ست پێَشخه‌ریه‌ى كردمان بووه هۆى هاندانى په‌ره‌پێدانى سه‌رچاوه سروشتیه‌كانمان به‌رامبه‌ر به پشتگیرى بۆ پڕۆژه‌كانى ئابوورى باشترین به سوودترین رێگایه بۆ خزمه‌ت گه‌یاندن به هاوڵاتیان.
ئێمه ئه‌م گفتوگۆیه‌مان له‌گه‌ڵ كۆریا دوو ساڵ پێش ئێستا ده‌ستپێكرد و خۆشحاڵم ئه‌مڕۆ كه ده‌بینم یه‌كه‌م پڕۆژه كه دانانى وێستگه‌یه‌كى كاره‌بایه قۆناغى یه‌كه‌م 300 مێگاوات و قۆناغى دووه‌م 300 مێگاوات و پڕۆژه‌یه‌كى تر له شارى سلێمانى له چوارچێوه‌ى ئه‌و رێكه‌وتنه‌ى نێوان ئێمه و كۆریا جێبه‌جێ ده‌كرێت.
لێره‌دا خاڵێك هه‌یه كه پێویستى ده‌زانم ئه‌گه‌ر قسه‌ى له‌سه‌ر نه‌كه‌م له مه‌راسیمه‌كه واده‌زانم كه ناعه‌داله‌تیم كردووه، ئه‌ویش رۆلى وه‌زیرى سامانه سروشتییه‌كانه دكتۆر ئاشتى هه‌ورامى له‌م پرۆسه‌یه هه‌مووى له دوو ساڵى رابردوو ده‌ستی پێكردووه‌و ئه‌مرۆ ئێمه له قۆناغى یه‌كه‌مى ئه‌و پرۆژه‌یه‌داین، من ده‌مه‌وێ ئه‌وه بلێم كه بنه‌ماى بیرۆكه‌كه له لایه‌ن دكتۆر ئاشتییه‌وه ده‌ستى پێكرد.
ئێمه شانازى ده‌كه‌ین كه خه‌ڵكى وه‌كو دكتۆر ئاشتیمان له‌گه‌ڵدایه كه له ماوه‌ى دووساڵدا زۆر به جیدى كاریكردووه بۆ سه‌رخستنى ئه‌م پرۆژه‌یه، ئێمه ده‌ستمان پێكرد و وا چاوه‌ڕوانمان ده‌كرا كه پرۆسه‌كه زۆر به ئاسانى ده‌ڕوات، به‌ڵام پرۆسه‌كه زۆر ئاسان نه‌بوو زۆریش سه‌خت بوو زۆر جاریش كۆسپى ده‌كه‌وته به‌رده‌م.
به‌م پرۆژه‌یه جیدیه‌تى تیمى هه‌ردوولا ئه‌م خه‌ونانه‌ى ئه‌مرۆى هێنایه‌دى، ئێمه هیوادارین كه ئه‌م پرۆژه‌یه‌ى ئه‌مرۆ له كوردستان ئه‌نجامماندا وه‌كو مۆدێلێك له هه‌موو به‌شه‌كانى تر‌ى عێراق جێبه‌جێ بكرێت.
ئه‌م پرۆژه‌یه هه‌نگاوێكى دیكه‌یه له رێى مسۆگه‌ركردنى داهاتوویه‌كى رۆشن بۆ هه‌موو گه‌لى عێراق. گه‌لى عێراقیش وه‌كو ئێمه زۆر سه‌ختیان بینیوه، له نه‌بوونى خزمه‌تگوزارى. پێمان وایه ئه‌و مۆدیله له هه‌موو به‌شه‌كانى تر‌ى عێراق جێبه‌جێ بكرێت.
ئه‌مرۆ قۆناغێكى تر‌ى په‌یوه‌ندی به‌سوود وه‌رگرتنى ئه‌زموونى ده‌وڵه‌مه‌ندى وو‌ڵاتى كۆریا له په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان ئێمه و كۆریا ده‌ست پێده‌كات.
ئێمه به‌و پشتگیرییه‌ى وو‌ڵاتى كۆریا له عێراق خۆشحالێن و بێ شك ئه‌مرۆ رۆژێكى ئاسایى نیه له مێژووى هاوچه‌رخى وو‌ڵاتى ئێمه.
به‌كاركردن له‌گه‌ڵ كۆمپانییه‌كى گه‌وره وه‌ك كۆمپانیاى نیشتمانى نه‌وتى كۆریا حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هه‌میشه ڕایگه‌یاندووه كه به‌ڵێ ئه‌م گرێبه‌سته‌و ئه‌و هه‌نگاوانه‌ى ئێمه هاوێشتوومانه به مه‌به‌ستى خزمه‌ت گه‌یاندن به هاوڵاتیانى خۆمان له چوارچێوه‌ى ده‌ستوورى عێراق و ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌یه كه به ئێمه دراوه، ئه‌نجامدانى ئه‌م پرۆژه‌یه‌ش له ئاكامى ئه‌و متمانه بووه كه له نێوان حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و كۆمپانیاى نیشتمانى نه‌وتى كۆرى له ئارادایه.
دووباره سوپاسى حكومه‌ت و گه‌لى كۆریا ده‌كه‌م بۆ به‌شداریكردنیان له ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان و له كوردستانه‌وه‌ش بۆ هه‌موو عێراق.
من لێره‌وه پشتگیرى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ ئه‌م پڕۆژه‌یه‌و ته‌واوى ئه‌و پرۆژانه كه له هه‌رێمى كوردستان و عێراق ده‌كرێن دووباره ده‌كه‌مه‌وه.
گه‌لى ئێمه شایسته‌ى هه‌موو خزمه‌تگوازیه‌كه‌یه چونكه ناخۆشى زۆریان بینیوه كێشه‌ى زۆریان هاتۆته پێش ئێمه هیوادارین له ئاینده‌دا به خۆشگوزه‌رانى و به خۆشى بژین.
سوپاسى هه‌وڵى وه‌زاره‌تى كاره‌باى هه‌رێمى كوردستان و جه‌نابى وه‌زیریش ده‌كه‌ین بۆ سه‌رخستنى ئه‌م پڕۆژه‌یه، ئێمه دڵنیاین كه له‌سه‌ر رێگایه‌كى ڕاست ده‌ڕۆین و سه‌رچاوه سروشتییه‌كانى خۆمان به‌كار دێنین به شه‌فافیه‌ته‌وه بۆ خۆشگوزه‌رانى خه‌ڵكى خۆمان له هه‌رێمى كوردستان.
دووباره به خێرهاتنتان ده‌كه‌م و زۆر سوپاسى هه‌موو لایه‌كتان ده‌كه‌م. .