وەلێ لێرەدا پرسیار گەلێک دێتە پێشێ، ئایا ئەوانەی لیستی گۆڕانیان درووست کرد بێ بەرین لەو هەموو گەندەڵیانەی کاک فەرمان باسیان دەکات؟ یان ئەو هەموو کوشتارگەلەی لە کوردستاند کرا سەرانی گۆڕانی تیانەبوون؟ ئەو کۆمپانیایانەی بەناوی سەرانی گردەکەوەیە و چەندساڵە پارەی میللەت هەڵدەلووشن ناچنە خانەی گەندەڵییەوە؟ وەرن با سەروەت و ماڵ و موڵکەکانیان بژمێرین ، بزانین پێش ڕاپەڕین چیان هەبووە و ئێستاش چیان هەنە؟ دەوەرن سەیری سامانی قادری حاجی عەلی و ملازم عومەر و کۆمپانیای ووشە و نەوشیروان مستەفا و سالار عەزیز و دانای ئەحمەد مەجید و هەموو ئەوانەی تۆ ئەمڕۆ شانازیان پێوە دەکەیت، بکەین و لێیان بپرسین لە کوێتان بوو؟ ڕاستە لەوانەیە چەند کەسانێکی تیابێت فریا نەکەوتبێت بخوات و ببات. یان دڵسۆزی گەل و نیشتیمانەکەیەتی و ناتوانێت بیخوات ، ئەمانە کەمن و بە پەنجەی دەست دەژمێردرێت.
سەیرم پێ دێت دەبێژێت پێشمەرگە !!!! ئەوان ناوێکی نوێیان بۆ دۆزییەوە و ناویان نا ( میلیشیا ). یانی بەکرێگیراو و جاش و خۆفرۆش، ئەمە داهێنانە!!!
لەهەمان نووسیندا باسی سەرەوەریەک دەکات کە فراکسۆنی گۆڕان داهێنانی تیا کردووە لە مێژووی کوردا ، بڕینەوەی بڕە پارەیەک بۆ خانمانی ماڵەوە یان کابان، ئەرێ کاکە مەلا ، خەڵکینە ئەوان ماوەیەک لەمەو پێش گلەیی ئەوەیان نەدەکرد گوایە موچەخۆر هێندە زۆرە هەموو بوجەی حکومەت دەچێت بۆ ئەوان؟ ڕەخنەیان لە پارتی و یەکێتی دەگرت و دەیان گووت موچەخۆریان زۆرە و پارەی میللەت بەفیڕۆ دەدەن. کەچی ئێستا بێ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ بوجەی هەرێم و توانای حکومەت ، دێن موچەیەکی دی لە یەخەی حکومەت دادەڕن و فشارێکی دی بۆ سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان دروست دەکەن. ئێوە دەتانەوێت بەو جۆرە پڕۆژانە خۆتان لە لای خەڵکی شیرین بکەن ، دەنا بۆخۆتان باش دەزانن کە ئەوە کارێکی سەقەتە و لە هیچ شوێنێکی دنیا لەو پڕۆژانە نەکراوە. لەباتی ئەو جۆرە پڕۆژانە بۆ داوا لە حکومەت ناکەن کارگەی ڕستن و چنین یان کارگەی جگەرە بکاتەوە و ئەو ژن و ئافرەتانەی لە ماڵەوەن و بێکارن بیانخەنە سەرکار ، تا بژێوی ژیانیان دابین بکەن و لە هەمان کاتیشدا لەماڵەوە بێنەدەرێ.
لە لایەکی دی باسی ئەم هەڵوێستەی دوایی فراکسۆنی گۆڕان دەکات و ئافەرینیان دەکات لەوەی پارەی سەیارەیان وەرنەگرتووە و ڕەتیان کردۆتەوە. بیری چووە کە کوێستان خان پێش ماوەیەک ٥٢ ملیۆن دیناری وەرگرتووە لە بری خانە نشینی، یان هەندێک لە پەرلەمانتاران پارەی سەیارەیان پێدرا و هەمووشیان شوقەی مەفروشەیان پێدراوە و مانگی چەند ملێۆنیک دەخەنە تەنکەی باخەڵیان و کاک مەلا فەرمانیش دەست خۆشیان لێدەکات. کاکە مەلا هیوادارم لەو خەوە خەبەرت بێتەوە و بیرێک بکەیتەوە ، ئەمانەش هەموویان هەر بۆ بەرژەوەنی خۆیان کار دەکەن . ئەو شێرە کوڕانەی جەنابتان باسیان دەکەن هەموویان شەریکن لەو گەندەڵیەی لە کوردستاندا کراوە لە کاک نەوشیروانەوە هەتا سایەق و حەرەسەکانی گردەکە( لەگەڵ ڕێزمدا ). وەرگرتنی ئەو گردە لەگەڵ چەند ملیۆن دۆلارێک،
بەرتیلێک نەبوو لەلایەن یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە بۆ نەوشیروان مستەفا و هاوەڵەکانی؟ ئایا ئەمە گەندەڵی نیە چییە؟ ئێوە ئەمە بە شەریکایەتی گەندەڵکاران دانانێن؟ جانم ئەمانەی تۆ باسیان دەکەیت داهێنان نین ئەوە تەنها ئاژاوە نانەوەیە و پلانی بۆ دانراوە، ئەمانە دەچنە خانەی هاندانی گەلەوە لە دژی حکومەت و پەرلەمانێک کە خۆمان دەنگمان بۆ داوە ئێوەش بەشێکن لەو پرۆسە دیموکراسیەی لە کوردستاندا پیادە کراوە. ئەوەی گۆڕان دەیکات تەنها بۆ ئەوەیە میللەت لە حکومەت و پەرلەمان هاربکەن و هانی خەڵکی بدەن بۆ توند و تیژی و دەنگ پەیدا کردن و هیچیتر.
دیارە گۆڕان تەنها لە ئاژاوەدا دەژین ، وەک و بەکتریا وان تەنها لە ژینگەی پیسدا پەرە دەسێنن و زیاد دەکەن. کاک فەرمان ئێستا ساڵی ٢٠١٠ یە ، نە ساڵی شەستەکانە و نە ساڵی نەوەدەکانە ناتوانن هەروا بە ساناهی خۆڵ بکەنە چاوی خەڵکەوە. سەردەم سەردەمی ئینتەرنێت و عەولەمەیە .