ساڵانێک بوو هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان بۆ پشکنین روویان دەکردەوە دەرەوەى هەرێم بۆ زانین و رێگریکردنیان لەو نەخۆشیانەى کەوا دووچارى دەبوون بەتایبەتى نەخۆشى کوشندە، خۆشبەختانە ئێستا لەهەولێر کۆمەڵگەى میدیا هەیەو بەباشترین شێوە پشکنین بۆ نەخۆشان دەکرێت و هەروەها باشترین کوالێتى دەرمانیشى تێدا دەست دەکەوى ئێمەش وەکو سایتى قەلات بۆ زیاتر تیشک خستنە سەر ئەو کۆمەڵگەیە(کۆمەڵگەى میدیاى پزیشک)ى دیدارێکمان لەگەڵ بەڕێز (سیروان محەمەد محیەدین) بەڕێوەبەرى کارگێڕى ئەو کۆمەڵگەیە سازدا..
سایتى قەڵات: بەڕێز کاک سیروان ئێوە وەکو بەڕێوەبەرى کارگێڕى کورتە باسێکى ئەو کۆمەڵگەیەبۆ خوێنەرانى سایتەکەمان بکەن کە لە چەند بەش پێک هاتووەو ئیشوکارەکانیان چین؟
کاک سیروان: کۆمەڵگەى میدیاى پزیشکى لەدوو بەشى سەرەکى پێکهاتوو بەشى تیشک و بەشى تاقیگە، جاران ناوى تاقیگە بوو بەلام ئێستا گۆڕیومانە کردوومانە بەکۆمەڵگە چونکە هەر نەخۆشێک لەسەرەتاوە چى پێویست بێت تاوەکو چارەسەر هەمووى لاى ئێمە دەکرێت بۆیە ناوەکەیمان کرد بە (کۆمەڵگە) ئێستا پزیشکى پسپۆرمان هێناوەتە ئێرە، ئەو نەخۆشەى کە دێت بۆ پشکنین ئیتر چ بۆ تاقیگە یان تیشک بێت ئەوا ئەگەر پێویستى بەبینینى پزیشک هەبوو ئەوا هەر لێرە پزیشک دەیبینى ، هەروەها لەو نزیکانە دەرمانخانەش دەکەینەوە کە دەرمانەکانى بەکوالێتیەکى باش لاى ئێمە دەست دەکەوێ، کەواتە نەخۆش لەکۆمەڵگەکەى ئێمە پێویستى بەدەرەوە نابێت هەمووى لاى ئێمە مەیسەر دەبێت. بەشى تاقیگەشمان پێکهاتووە لەبەشە سەرەکیەکانى تاقیگە بەشى (بایۆکیمیسترى، هیستا پاسالۆجى، هیماتۆلۆجى،سیرۆلۆجى، مایکۆبایۆلۆجى) کە ئێرە تاکە شوێنە کە بتوانێ پشکنینى خوێن و پیسایى و ئیدرارى تێدا بکرى، لەگەڵ جۆرەها پشکنینى ئیدرار کە لەهیچ شوێنێک ناکرێت تەناها لەکۆمەڵگەکەى ئێمە نەبێت، بەشى تیشکیش ئامێرە سەرەکیەکانى تێدایە وەکو(ئێم ، ئار، ئاى) و (سیتیسکان) و (ئێکس راى ئاسایى) و ئێکس راى دیجیتال) وهەروەها ئامێرى دیجیتالى مامۆگرافى کە پشنینى سنگى ئافرەتان دەکات کە لەهیچ شوێنێکى ئەم کوردستانەو بەڵکو لەعێراقیش نیە، هەروەها ئامێرى سۆنار دوو دانەمان هەیە لێرە کە زیاد لەپێویست بەکارى دەهێنین لەبەر ئەوەى نەخۆشێکى زۆر روومان تێدەکات بۆ پشکنینى سۆنار.

سایتى قەڵات: کە نەخۆشێک روو لەکۆمەڵگەکەتان دەکات ئایا ئێوە پشکنینى سەرتاسەرى بۆ دەکەن یان بەگوێرەى پێویستى دکتۆر بۆ دەستنیشانکردنى نەخۆشیەکە پشکنینى بۆ دەکەن؟
کاک سیروان: بەڵێ، ئێمە لێرە بیرۆکەیەکى نوێمان هێناوەتە ئاراوە کە بەعەرەبى پێى دەڵێن(فحس عام) یاخود پشکنینى سەرتاسەرى زۆر کەس هەیە لەکوردستان عێراق یان لەهەر وڵاتێکى دیکە شەش مانگ جارێک دەبى ئەو جۆرە پشکنینانە بکات تاوەکو بزانێت رێژەى چەورى یان شەکرەیان لەچ ئاستێکدایە؟ هەروەها جۆرەها نموونەى تر تا ئێستا لەکوردستان ئەمجۆرە پشکنینانە دەکرا بەلام ئێمە بەپرۆفایل هەمانە.. ئەو کەسەى کە دێت ئەم پشکنینانە دەکات پێویستى بەدکتۆر نیە چونکە بەستانداردى جیهانى دیاریکراوە چەند جۆرە پشکنینێکى پرۆفایلە یانیش ئەگەر دکتۆرێک لەنەخۆشخانەیەک نەخۆشێکى رەوانە کردبێت بۆ ئێرە ئەوا دەتوانین پشکنینەکەى بۆ بکەین بەگوێرەى پێویستى دکتۆرەکە ئەگەریش هاتوو هەر نەخۆشێک بى پسولەو رەوانەکردنى دکتۆر بێتە لامان ئەوا لێرە دکتۆرمان هەیەو سەرەتا دەیپشکنى و پاشان بڕیارى لەسەر دەدات کە ئایا چ جۆرە پشکنینێکى بۆ بکەین تاقیگەیى یان تیشکى بێت.
سایتى قەڵات: کاک سیروان جیاوازى پشکنینى کۆمەڵگەکەى ئێوە چیە لەگەل ئەو پشکنینانەى کە لەدەرەوەى ئێرە لەتاقیگەکان دەکرێت؟
کاک سیروان: لەرووى نرخەوە بێگومان جیاوازى هەیە، چونکە ئەوەى لێرە بۆ نەخۆش دەکرێت بەو ئامێرو سیستمەى کە دانراوە لەهیچ شوێنێکى تر نیە رەنگە بەشێکى هەبێت، چونکە ئێمە سیستمى کوالێتى کۆنترۆل بەکار دەهێنین واتە رۆژى دووجار سیستمى( کالبرێشن) بەکار دەهێنین واتە پشکنینەکە کوالێتى کۆنترۆڵى لەسەر دەکرآ ئەگەر ئامێرەکە نەزانێت ئەو سیستمەى کە ئەروا لەسەرى تەواو نیە ئامێرەکە پشکنینەکە ناکات، دڵنیابە بەپێى ستانداردى جیهانى 96%پشکنینى ئێمە راست و دروستە، نەخۆشى وامان هەبووە چووە هەمان پشکنینى لەدەرەوەى وڵات کردووە پاشان هاتۆتەوە لامان هەمان ئەنجامى ئێمەى هەبووە کە ئەو ئامێرانەى ئێمەش گرانبەهان و زۆر وردبینن بۆیە لەنرخ دەبى جیاوازیەک هەبى. بەڕێزیشتان ئاگادارن لەوەى کە ئەو پشکنینانەى لەهەندى تاقیگەى بازاڕدا دەکرى لەو ئاستەدا نیە بۆیە پشکنینەکانى هەر تاقیگەیەک ئەنجامێکە، بەلام لێرە یەک ئەنجامە کە جیاوازى یەکەش لەنرخدا بەبەروارد لەگەلڕ بازاڕ زۆر نیە،زۆر نەخۆشیش هەبووە کە لەدەرەوەى ولات هەمان پشکنینى ئێرەى کردووە بەلام بەبڕە پارەیەکى زۆر زۆر لەوەى ئێرە کەواتە نرخ لاى ئێمە گران نیە.

سایتى قەڵات: هەرچەندە تەمەنى کۆمەڵگەکەتان کورتە لەرووى دروستبوونیەوە بەلام لەگەڵ ئەوەشدا خەڵک و نەخۆشێکى زۆر رووى لێرە کردووە، ئایا لەدەرەوەى هەولێر یان کوردستان نەخۆشیتر سەردانى ئێرە دەکەن؟
کاک سیروان: جگە لەشارى هەولێرو شارەکانیترى کوردستان نەخۆشێکى زۆر لەباشوورى عێراق بۆ لاى ئێمە دێن، هەر نەخۆشێک ناوبانگى ئێرەى زانیبى رووى لێرە کردووە ئیتر لەهەر شوێنێکەوە بێت، بۆ زانین تا ئێستا ئەنجومەنى پارێزگاى بەغدا دوو جار بەفەرمى داوایان لێکردووین کە ئەو خزمەتەى لێرە پێشکەش بەنەخۆش دەکرێت بتوانین لەبەغداش بیکەین چونکە پێویستیەکى زۆریان پێیە ئێمەش لەدیراسەکردنى ئەو داواکاریەى ئەنجومەنى بەغداین کەوا لەئایندەیەکى نزیکدا هەمان خزمەت بگوازینەوە ناوچەکانیترى عێراق وەکو جەنابى بەڕێز (نێچیرڤان بارزانى) لەکردنەوەى تاقیگەمان کە لە(21/7/2009) باسى کردو وتى (من ئاواتم ئەوەبوو کە کۆمەڵگەیەکى وا هەبێ لەهەولێر تاوەکو هەموو کوردستان و عێراقیش سوودى لێوەرگرێت و ناچار نەبێت روو بکاتە دەرەوەى ولات بۆ دەستنیشانکردنى نەخۆشیەکەى ئەوە ئێمە لێرە ئەیکەین ئێستا).
سایتى قەڵات: لەبەرنامەى کۆمەڵگەکەتان دانیە لەداهاتوودا دکتۆرى پسپۆر لێرە دامەزرێنن؟
کاک سیروان: بەڵى، لەبەرنامەماندایەو دەستیشمان پێکردووە، کە بەڕێز دکتۆر (جمال عبدالحمید پالانى) یەکەم دکتۆرە لێرە نۆڕینگەى تایبەتى خۆى کردۆتەوە لەگفتوگۆداین تاوەکو دکتۆرى پسپۆریتر بهێنین بۆ کۆمەڵگەکەمان ئەو کاتە کۆمەڵگەکەمان سەرتاسەرى دەبێت نەخۆش پێویستى بەوە نابێت لەشوێنێک دکتۆر بیپشکنى و پاشان بێتە ئێرە، حەز دەکەم ئاماژە بەوەش بکەم کە ئێمە تاکە شوێنین لەکوردستان و بگرە لەعێراقیش کە سیستمى ناردنى وێنە تیشکەکان بۆ شوێنێکیتر بۆ نووسینى راپۆرتەکەو بگەڕێتەوە ئێستا ئێمە دەستمان پێکردووە لەگەل بەریتانیا لەوى دکتۆرێکى پسپۆرمان هەیەرۆژانە وێنە تیشکەکانى بۆ دەنێرین و ئەویش لەماوەى 24 کاتژمێر راپۆرتەکەمان بۆ رەوانە دەکاتەوە ئەمەش خزمەتێکى زۆر زۆر گەورەو بەبەهایە تا ئێستا نەخۆشدەبوو بچێتە دەرەوەى ولات و تیشکەکەى بکات و لەوى دکتۆر راپۆرتى بۆ بنووسى جگە لەتێچوونى پارەیەکى زۆرو زەحمەتى هاتوو چۆ بۆ دەرەوەى ولات، بۆیە ئێمە لە کۆمەڵگەکەمان ئێستا بەهەمان تواناو بەهەمان ئاست ئەو کارە دەکەین، ئەو کەسانەى کە لێرە لەسەر ئامێرەکان کار دەکان 80% یان لەدەرەوەى کوردستان و عێراق هێناومانە تاوەکو کادیرى خۆشمان رابێنن لەسەر ئەو ئامێرانە.
سایتى قەڵات: ئەو دەرمانانەى کە لەدەرمانخانەکەتاندا بوونى دەبێت چ جیاوازیەکى دەبێت لەگەڵ دەرمانى دەرمانخانەکانى بازاڕ؟
کاک سیروان: لەو نزیکانە دەرمانخانەکەمان دەکرێتەوە وا رێککەوتووین لەگەل ئەو دەرمانفرۆشە کە 24 کاتژمێر واتە شەوو رۆژ دەرمانخانەکەى کراوە بێت بۆ زیاتر خزمەتکردنى نەخۆشان، بەر لەهەموو شتێک دەبى ئێمە رەزامەندى بدەین لەسەر کوالێتى دەرمانەکان هەروەها دەبى بزانین لە چ کارگەیەکى دەرمان دروستکراوە، چونکە هەروەکو خۆتان دەزانن ئێستا دەیەها جۆر لەدەرمانى ئێکسپایەرو بێکەڵک کە کارگەکەى دیار نیە لەبازاڕدا هەیە، بۆیە ئێمە زیاتر لەخزمەتى نەخۆشان دەبین و رەچاوى نرخى دەرمانەکانیش دەکەین بۆ زیاتر سوود وەرگرتنى نەخۆشان.
سایتى قەلات: زۆر سوپاس کاک سیروان
کاک سیروان: زۆر سوپاس بۆ ئێوەو سایتە بەنرخەکەتان هیوادارین هەردەم ئەو شوێنانە بەسەر بکەنەوە کە خزمەتى هاولاتیانى کوردستان دەکەن.. سوپاس بۆ تۆش دووبارە.
سازدانى دیمانە: شاهین نەجمەدین