شەوی 18/19ی ئەم مانگە لە ئاکامی شەڕو پێکدانێکدا 10 سەربازی تورک و 11 چەکداری پارتی کرێکارانی کوردستان کوژران، ئەمە سەرەتاییەک بوو بۆ دەستپێکردنەوەی جەنگ، بەڵام چاودێران و بەرپرسانی ئاماژە بەوە دەکەن ئەم دەستپێکە لە بەرژەوەندی تورکیا و پرسی چارەسەرکردنی کێشەی کورد نییە، سەرچاوەکانی هەواڵ رایانگەیاند، لە ناوچەی شەمزینان سەر بە هەرێمی هەکار، کە دەکەوێتە نزیک سنووری تورکیا و ئێراق ئەو پێکدادانە روویداوە لە نێوان کۆمەڵێک چەکداری پەکەکە و سوپای تورکیا. سەرچاوە سەربازییەکانی تورکیا ئاماژەیان بەوەداوە، هێرشەکە لەلایەن چەکدارانی پەکەکەوە بووە و لە کاتژمێر دووی شەو روویداوە و جگە لە کوشتنی 10 سەربازیان، بریندار بوونی 16 سەربازیان راگەیاندووە، هەروەک ئاماژەشکراوە، لەو هێرشەدا 11 چەکداری پەکەکە کوژراون. سەرچاوەیەک لە سوپای تورکیاوە رایگەیاندووە، دوا بەدوای هێرشەکە پاڵپشتی سەربازی رەوانەی ناوچەکە کراوە و لە رێگای تۆپخانە و کۆپتەرە جەنگیەکانەوە ناوچەکە تاکو ئەمڕۆش لە ژێر گەمارۆ و چاودێری هێزەکانیانە.
ئەم هێرشەی پەکەکە بۆ سەر سوپای تورکیا جارێکی دیکە ئەو بیانوویەی بەسوپای تورکیادایەوە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا بۆردومان بکاتەوە، لەهەمبەر ئەم هێرشانەی تورکیاش هۆشیاری زێباری وەزیری دەرەوەی ئێراقی فیدراڵ رایگەیاند، ئێمە پشتیوانی لەو هێرشانە ناکەین چەکدارانی پەکەکە ئەنجامیدەدەن، بەڵام هێرشەکانی تورکیاش چارەسەرێکی شیاو نین بۆ ئەو کێشەیە. هەروەک زێباری ئاماژەی پێکردووە، هێرشەکانی تورکیا بۆ تاقیکردنەوەی ئیرادەی حکوومەتی ئێراقە تاکو بزانێت تاچەند دەتوانێت بۆشاییەکانی دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا پڕ بکاتەوە، وەزیری دەرەوەی ئێراقیش تەئکیدی لەوەکردەوە، بەغدا لە توانایدایە بەرپرسیارێتیەکانی لە ئەستۆ بگرێت.
دوابەدوای هێرشەکە و دەنگدانەوەی لەرووی راگەیاندنەوە، سەرۆک وەزیرانی تورکیا رەجەب تەئیب ئەردۆگان با یاوەری سوپاسالاری وڵاتەکەی سەردانی شوێنی رووداوەکەی کرد و لەوێدا ئاماژەی بەوە کرد، ئێمە سوورین لەسەر بەرپەرچدانەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان و ئەو هێرشانە نیشانەی ترسنۆکییە، هەروەک ئەردۆگان ئاماژەی بەوەشکردووە، وڵاتەکەی سوورە لەسەر رووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی پەکەکە. لە هەمبەر لێدوانەکانی ئەردۆگان بەرپرسانی پەکەکەش هەڕەشەیان کردووە و ئاماژەیان بەوەداوە، هێزەکانیان ئامادەن هێرشە سەربازییەکانیان ببەنە ناو قوڵایی خاکی تورکیا ئەگەربێتوو تورکیا بەردەوام بێت لەسەر بۆردومانکردنی بارەگاکانیان. ئەردۆگان وەک ئاماژەیەکیش بۆ سیاسەتی وڵاتەکەی بەرامبەر چارەسەرکردنی کێشەی کورد ئاماژەی بەوەدا، هێرشەکانی پەکەکە ناتوانێت سیاسەتی تورکیا بگۆڕێت و ئارامی وڵاتەکەمان تێکبدات.
لەلایەن خۆیشیانەوە بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکەن بۆردومانەکانی سوپای تورکیا بۆ ناوچە سنوورییەکان پێشێلکردنی سەروەری خاکی ئێراقە و بەرپرسانی بەغدا بەرپرسن لەوەی رێگری بکەن لەو هێرشانە و بەگوێرەی دەسەڵاتی دەستووریش رێگە بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەدراوە لە بارەی چارەسەری کێشەی سنووری لەگەڵ وڵاتانی هاوسنوورەوە هیچ رێککەوتنێک ئەنجامبدات، هەروەک جەختیش لەسەر ئەوە دەکەنەوە، چارەسەرکردنی ئەو کێشانە تەنیا بە رێگەی ئاشتیانە و دیالۆگ و کەناڵە دیپلۆماسییەکان دەبێت.
وەک کاردانەوەیەکیش بەرامبەر رەوشی هاووڵاتیانی ناوچە سنوورییەکان، کە بوونەتە ئامانجی تۆپبارانەکانی هەریەکە لە ئێران و تورکیا، نەتەوەیەکگرتووەکان نیگەرانی خۆی نیشانداوە و حکوومەتی ئێراقیش بە بەرپرس دەزانێت، نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئێراق ئاد مێلکەر لە لێدوانێکیدا رایگەیاندووە، ئێمە ئیدانەی دەستدرێژی دراوسێیەکانی ئێراق دەکەین و لێیان نیگەرانین، چونکە ئەوە پێشێلکردنی سنووری نێودەوڵەتی ئێراقە.
لە هەمانکاتدا پێشبینی دەکرێت ئەم گرژییە چەند رۆژەی لە نێوان پەکەکە و تورکیادا هەیە ببێتە هۆکاری لەشکرکێشی سوپای تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان، رادیۆیەکی فەرەنسی لە شکردنەوەیەکیدا، پێشبینی ئەوە دەکرێت سوپای تورکیا لەشکرکێشی بکاتە سەر هەرێمی کوردستان، رادیۆی نێودەوڵەتی فەرەنسا لە بۆچوونی چەند چاودێر و شیکەرەوەیەکی سیاسی رایگەیاندووە، پێشبینی ئەنجامدانی لەشکرکێشییەکی فراوانی سوپای تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە ئارادایە. هەروەک ئەو رادیۆییە لەسەر زاری سەرۆک ئەرکانی سوپای تورکیاوە رایگەیاندووە، سوپای وڵاتەکەی تەحەموولی ئەوە ناکات ببینێت رۆژ لە دوای رۆژ پیاوەکانی بەدەستی چەکدارانی پەکەکەوە دەکوژرێن.
ئەوەی مایەی هەڵوستە لەسەرکردنە، پرسی چارەسەر ئاشتیانە و پرسی کرانەوەی سیاسیەتی تورکیایە بەرامبەر ئەو بابەتە، کەسانی بە ئاگا لەم هەنگاوە پێیانوایە تورکیا دەبوایە هەنگاوەکانی چڕ و خێرا بووایە، لە دیمانەیەکی تودەی زەمەنی تورکیدا نووسەر و رۆشنبیری کوردی باکووری کوردستان ئاڵتان تان ئاماژەی بەوەداوە، کرانەوەی دیموکراسی و پرسی چارەسەرکردنی کێشەی کورد لەو وڵاتە هیچ کۆنکرێتیەکی بنەڕەتی نەهێناوەتە ئاراوە و زۆرجار هیوای چارەسەرکردن کەم دەبێتەوە، وەک ئاڵتان ئاماژەی پێداوە، ئەوانەی لە توندوتیژییەکان بەشداربوون چەند جارێک گوتوویانە توندوتیژی بەکاردەهێنینەوە، نووسەر لێرە مەبەستی(هێزی سوپای تورکیایە) کە رۆڵێکی سلبی لەمەڕ چارەسەرکردنی پرسی کورد دەبینین، ئاڵتان تان ئاماژەی بەوەشکردووە، هەنگاوەکانی چارەسەرکردنی پرسی کورد زۆر لاواز هاوێژراون وەک ئەوەی بەڵێندرا بوو ناوی رەسەنی گوندەکان بە کوردی بکرێنەوە و حکوومەت لەم بوارەدا کەمتەرخەم بووە و زۆرمان بە حکوومەت راگەیاند، خێرا بکات و پاشەکشە نەکات، بەڵام گوێیان نەگرت.