|
|
|
|

01 حوزهیران, 2010 [ 23:03 ]
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان برای بەرێز جەنابی سەرۆك مام جەلال سەرۆك كۆماری ئێراقی فیدراڵ و سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان میوانە بەرێزەكان بەرێزانی خوشك و برایان و ئەندامانی كۆنگرەی سێیهەمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان سڵاوتان لێبێت و ئەم كاتەتان باش جێگای خۆشحاڵی و شانازییە، كە ئەمڕۆ لە ناو ئێوەدام و شاهیدی وەرچەرخانێك لە مێژووی یەكێتیە تێكۆشەرەكەتان و هەنگاونان بەرەو پەیڕەوكردنی پرۆسەیەكی دیموكراتیك لە ژیانی حزبایەتیدان و ئومێدی سەركەوتن بۆ كۆنگرەكەتان دەخوازم و هیوادارم بە كۆمەڵێك ئەنجامی باش و بەكارامەیی زیاتر و بەرنامەی بەهێزتر سەركەوتووانە ئەو كۆنگرەیە بە ئەنجام بگەیەنن و وزە و توانای یەكێتیەكەتان بەهێز لەجاران بخەنە خزمەت هەرێمی كوردستان و پاراستنی دەسكەوتەكانی گەلەكەمان. ئەمڕۆ لە قۆناغێكی هەستیارداین، پێویستە كاراتر و بەهێزتر لە جاران تێبكۆشین بۆ پتەوكردنی دەسكەوتەكانمان و هەنگاونان بەرەو دەستبەركردنی ئامانج و مافە رەواكانی دیكەمان. كۆنگرەكەش رژاندنی خوێنی نوێ و هێزی نوێییە بۆ ناو جەستەی حزب و دڵنیاین لە ئەنجامیشدا ئەم هێز و توانا نوێیەی كە بەرهەم دێت پێگە و رۆڵی یەكێتیە تێكۆشەرەكەتان بەهێزتر دەكات. بەرێزان... ئەم كۆنگرەیە وێستگەیەكە لە مێژووی خەبات و قوربانیدانی هاوبەشمان لەدوای پیلانی شومی جەزائیر و هەوڵی دوژمنان بۆ كوژاننەوەی بڵێسەی خەباتی گەلی كورد لە ساڵی 1975 كەشێك هاتە كایەوە زۆر كەس خەونیان بە كۆتایی شۆڕشی كوردەوە دەبینی، بەڵام ئیرادە و هێزی بڕوا بەخۆبوونی كورد هەموو ئەو خەونانەی ڕەواندەوە و بڵێسەی خەبات بە گڕوتینتر هەڵگیرسایەوە. خرۆشانەوەی پارتی و لەدایكبوونی یەكێتی نیشتمانی دەرهاوێشتەی ئەو بڵێسەیەی ئەوسای خەباتی گەلەكەمان بوو، پارتی و یەكێتی و پارتە تێكۆشەرەكانی دیكەی گۆڕەپانی خەباتی كوردستان نەیانهێشت خەونەكانی دوژمن بێنەدی و ئاڵای خەباتیان بەشەكاوەیی هێشتەوە. ئەمڕۆ ئەم بارەی هەرێم و دەسكەوتەكانی گەلی كوردستان بەرهەمی خەبات و خوێنی شەهیدانی پارتی و یەكێتی و گشت پارت و بزاوە رەسەنەكانی كوردستانە و پاراستنی هەر ئەركی ئەوانە. بەرێزان... مێژوویەكی هاوبەشمان هەیە پڕ لە خەبات و قوربانی و هەوراز و نشێوی، ئەزموون بۆ ئێمەی سەلماند هەر كاتێ پارتی و یەكێتی تەبابن، خەباتی گەلەكەمان بەرەو پێشەوە هەنگاوی ناوە و باری كوردستان گەشەی كردووە و هەر كاتێكیش گیروگرفت و ناتەبایی لە ئارادا بێت هەموو باری وڵات بەرەو ئاڵۆزی و نەهامەتی چووە. ئەم راستیەی سەرەوە هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی مێژوویی یەكێتی و پارتی هاندا بۆ ڕەوانەوەی گرژی و ناكۆكیەكان و بونیادنانی متمانە و یەكدەنگی و هێزی پێدان، كە بەسەر كۆسپ و تەگەرەكاندا زاڵبن و چوارچێوەیەك لە قاڵبی رێككەوتنێكی ستراتیژی بۆ هاوهەڵوێستی و تەباییان دابڕێژن، بۆیە ئەم رێككەوتنە و هاوپەیمانییە دەبێتە خیارێكی ستراتیژی بۆ پاراستنی دەسكەوتەكانی گەلەكەمان و گەشەكردنی وڵاتمان لە كەشێكی هێمندا لە هەموو روویكەوە، هەر كەسێكیش دڵسۆزی كورد بێت و ئاواتی پێشكەوتنی كوردستانی هەبێت بەم نزیكبوونەوەی پارتی و یەكێتی دڵخۆشە، گەر گلەیی و تێبینیش لەسەر هەندێ دەرهاوێشتەی لاوەكیش هەبن، ئەوا لای هەموو دڵسۆزان روون و ئاشكرایە ئیجابیاتی ئەم هاوپەیمانییە زۆرترن و ئەو هاوپەیمانییە ستراتیژییە زەرورەتێكە بۆ ئەم قۆناغە و بۆ ئایندە. ئەمڕۆ سەربەرزین بە ئاكامەكانی پێشكەوتنی خەباتی هەموو لایەك، ئەم كەشە دیموكراسییەی ئەمڕۆی كوردستانیش بەرهەمی ئەو خەباتەیە و هەر لەم كەشەشدا زەمینەی پێشكەوتنی كۆمەڵگەكەمان هەموار دەبێت، بە یەكێتی ریزەكان و تەباییشمان دەتوانین ئەم دەسكەوتانە بپارێزین و بەرەو داهاتوویەكی پرشنگدار هەنگاو بنێین. خوشك و برایانی بەرێز... كۆنگرە دەرفەتێكە بۆ دووبارە خوێندنەوە و بواردانی زیاتر بەو بنەمایانەی فاكتەری سەرەكین لە پێشكەوتنی پارت و كۆمەڵگە و وڵاتەكەمان. رێزگرتن لەكەرامەتی مرۆڤ و مافە ڕەواكانی مرۆڤ بنەمایەكی نەگۆڕ و بنچینەیی بیروباوەڕمانە و دەبێت لە هەموو هەنگاوەكانمان رەنگبداتەوە. لەمێژووی نەهامەتیەكانماندا هەردەم كورد و مافەكانی قوربانی عەقڵیەتی بێ رێزی بەرامبەر بە مافەكانی مرۆڤ بوونە، بۆیە ئێمە دەبێت ئەم بنەمایە بۆ هەمیشە ئاوێتەی بەرنامە و پرۆگرامان بكەین، زەمینە بۆ پەیڕەوكردنی مافی مرۆڤ ناڕەخسێت، ئەگەر بوار بۆ بنەماكانی دیموكراسیەت خۆش نەكرێت. پێویستە ئەم بنەمایە و گیانی دیموكراسیەت لە ناو ناخماندا رەگ و ریشە داكوتێت و هەموومان لە ژیانی شەخسی و حزبی و ئیداری و سیاسی و كۆمەڵایەتیدا دیموكراتیك بین و رێز لە یەكتر و رای یەكتر بگرین و رای پێچەوانە و رەخنەی بونیادنەرانەتر بە سینگێكی فراوان وەربگرین. هەر لە پەیوەندی بەو بنەمایەوە جێگای خۆیەتی داوا بكەین بە هەموو لایەكمان هاندەر بین پرۆسەی دیموكراسی لە كوردستاندا بەرقەرار بێت و هەموو كەس ئازادە را و بۆچوونی خۆی هەبێت و با ئۆپۆزسیۆن هەبێت، بەڵام لە چوارچێوەی دیموكراسیدا، واتا با بەپێی پرۆسەی دیموكراسی و رەچاوكردنی رای خەڵك هەڵسوكەوت لەگەڵ بابەتی دەسەڵات و حوكمڕانی بكەین و با گەل بڕیار لەسەر ئیدارەی وڵات بدات، هەروەك چۆن ئەم بارەی ئێستای كوردستان ئەنجامی هەڵبژاردن و رای خەڵك بووە و كەس بە زۆر نەیسەپاندووە، كەواتە با رێز لەئیرادەی خەڵك، كە لە دەنگدان رەنگی داوەتەوە بگرین. بەرێزان... جەخت لەسەر سنگ فراوانیمان و بونیادنانی پەیوەندی باش لەگەڵ گەل و وڵاتانی دراوسێی و ناوچەكە دەكەم و دەبێت دروشمی چارەسەری ئاشتیانەی گشت كێشەكانی ناوچەكە بكەین بە بنەمای دانووستاندن لەگەڵ هەموو لایەك، دەبێت بەزمانی گفتوگۆ قەناعەت بە گشت لایەك بكەین، كە توندوتیژی و زمانی شەڕ و چەك تەنیا نەهامەتی بۆ گەلانی ناوچەكە لێدەكەوێتەوە. تیرۆر و ئیرهاب و خوێنڕشتن لەتێكڕای دەڤەرەكە مەحكووم و ریسوا دەكەین، دەبێت ئەم دیاریدە ترسناكە لە تێكڕای دەڤەرەكە بسڕێتەوە. خوشك و برایانی بەرێز... ئێمە دەمانەوێ سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەكە جێگیر بێت، دەمانەوێ رێز لە سەرەوەری دراوسێیەكانمان بگیرێت و هەرێمی كوردستان نەبێتە مەیدانی تەسفیەی حساباتی هیچ كەس و لایەنێك، بەڵام نابێت جارێكی دیكە خوێنی كورد بە دەستی كورد برژێتەوە. ئەمە بەنیسبەت ئێمەوە پرەنسیپێكی نەگۆڕە و هیچ هێزێك ناتوانێت بەرەو ئەوەمان راكێشێت، كە دیاریدەی شەڕی خۆكوژی دووبارە بێتەوە، لێرەدا جێگای خۆیەتی نەهامەتیەكانی شەڕی خۆكوژی بەبیر خۆمان بهێنینەوە، ئەم شەڕە، شەڕێكی نەخوازراو بوو، كە بەسەرماندا هات و فەترەیەكی ناخۆشی مێژووەكەمان بوو، نابێ ئەو لاپەڕانەی مێژوو دووبارە ببنەوە، لێرەدا جارێكی دیكە داوای لێبوردن لە قوربانیانی شەڕی خۆكوژی دەكەین و هەرگیز لە بەرپرسیاریەتی رامان نەكردووە و وەزعێك بوو بەسەرماندا هات، بەڵام بەرپرسیاریەتی گەورەتر ئەوەیە، كە رێگە نەدرێ ئەم نەهامەتیە دووبارە بێتەوە. بەرێزان... ئێمە پێویستە عاقڵانیتر هەڵسوكەوت لەگەڵ بابەتی ئازادی و رادەربڕین لەهەرێمدا بكەین و دەبێت وریا بین و بەناوی ئازادییەوە مافی كەس پێشێل نەكرێت، ئێمە میللەتێكین لە ناوچەكەدا، كە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، چ وەك دەڤەرەكە و چ وەك گەلی كورد و كوردستان هەندێ تایبەتمەندی و دابونەریتی خۆمان هەیە. ئەو هەوڵانەی بۆ ئەوە دەدرێ هەموو دابونەریتیەكان بسڕێتەوە و پیرۆزییەكان نەهێڵن سەركەوتوو نابن، ئازادی ئەوە نییە فەرهەنگی نامۆ بە زۆر بەسەر كۆمەڵگە و خەڵكی خۆمان بسەپێنین. كاریگەری كلتور و فەرهەنگەكان لەسەر یەكتری پرۆسەیەكی سرووشتییە، بەڵام هەنگاونان بە پێچەوانەی ئەم پرۆسەیە جیا لە كێشە و ئاڵۆزی چیتری لێناكەوێتەوە. ئازادی خۆمان دەپارێزین و دەست بە دابونەرییتە ئیجابییەكان دەگرین و ئەوەی دەخوازێت رووبەڕووی هەموو دابونەریت و موقەدەسات بووەستێت ڕووبەڕووی زۆربەی هەر زۆری میللەت دەبێتەوە. خوشك و برایانی بەرێز.... هەرێمی كوردستان وەك بەشێك لە ئێراقی فیدراڵ پێگەی خۆی لە ناوچەكە و جیهان هەیە، شوكر بۆ خوا بەهیمەتی هەموو لایەك ئەمڕۆ هەرێم پێشكەوتنی زۆری لە بواری سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و ئاوەدانیەوە بەخۆیەوە بینووە، كە ئەمەش ئەنجامی زاڵبوونی كلتوری لێبوردەیی و بەرقەراری ئەمن و ئاسایشە لە هەرێم. ئەمڕۆ لە ئاستی ناوچەیی و دەولیدا كوردستان بەڕووی جیهاندا كراوەیە و ئاستی پەیوەندییەكانمان لە چوارچێوەی فەرمیدا رۆژ بە رۆژ لەگەڵ وڵاتان فراوانتر دەبێت و ژمارەی نوێنەرایەتی و كۆنسوڵگەری وڵاتان لە هەرێم لە بەرزبوونەوەدایە و خوازیارین پەیوەندییەكانمان لە ئاستی جیهانی و ناوچەكە و وڵاتانی عەرەبی زۆر فراوانتر بێت و دەستی دۆستایەتی بۆ هەموو ئەوانە درێژ دەكەین كە بڕوایان بە پێكەوە ژیان و ئاشتی و رێزگرتنی بەرامبەر و پێشكەوتن هەیە، پێویستە ئاماژە بە كەمووكوڕییەكانیش بدەم، بەهەموو توانا لەگەڵ حكوومەتی هەرێم خەریكین چارەسەریان بكەین و پێویستمان بە پشتیوانی جەماوەر و هێزە سیاسیەكان هەیە، چونكە كارێكی ئەوەندە ئاسان نییە، بەڵام سوورین كە دەبێت سەركەوین. بەرێزان.... ئاگادارن لە دوای هەڵبژاردن ئێراق تووشی قەیرانێك بووە و گفتوگۆكان لەنێوان هێزە سیاسیەكانی براوەی هەڵبژاردن خەریكە بگاتە بنبەست یا گەیشتۆتە بنبەست، ئەم بارە لە بەرژەوەندی گەلانی ئێراقدا نییە و پێویستە بەرژەوەندییە باڵاكان لەسەرووی بەرژەوەندی تەسك دابنرێ و ئیلتیزام بە دەستوورەوە بكرێ تا پرۆسەی سیاسی لەو بنبەستە دەربچێ. ئێمە وەك هەرێمی كوردستان نابینە بەشێك لە كێشەكان و هەوڵمانداوە بەشێوەیەكی لۆژیكی و بەرێزگرتن لە دەستووری ئێراق هەڵوێستمان بۆ لایەنەكانی دیكە روون بكەینەوە، هەروەها هەوڵی نزیكبوونەوەی لایەنەكانی دیكەش بدەین، شوكر بۆ خوا لیست و قەوارە سیاسیەكانی كوردستان بەیەكڕیزی و یەكدەنگی بەرەو بەغدا دەچن و هەڵوێستی ئێمەش لە دانووستانەكان روون و ئاشكرایە، ئێمە لەگەڵ ئەوە نیین هیچ پێكهاتەیەكی ئێراقی پەراوێز بخرێت و لەگەڵ ئەوەین حكوومەتێكی نیشتمانی هاوبەش پێكبهێنرێت، بۆ ئێمە گرنگە كێ سەرۆك وەزیران بێت، بەڵام لەوەش گرنگترە بەرنامەی حكوومەتی داهاتووە، بۆ ئێمە ئەوە جێگای بایەخە كە دەستوور ناوبژیوان بێت و دەبێت ناوەڕۆكی دەستوور لەوانەش جێبەجێكردنی ماددەی 140 چی دیكە پشتگوێ نەخرێ، ئامانجی ئێمە دەستبەركردنی مافەكانی كورد و گشت پێكهاتەكانی دیكەی ئێراقە. داواكردنی مافەكانمان لە چوارچێوەی دەستووردا لەسەر حسابی پێشیڵكردنی مافی هیچ پێكهاتەیەكی دیكە نییە، ئێمە بەشداربووی سەرەكی و كارایی پێكهێنانی ئێراقی نوێ بووینە و لەخەباتمان بۆ گەشەسەندنی دیموكراسی و پێشكەوتن و ئاسودەیی لە ئێراقی فیدراڵدا بەردەوام دەبێت. لێرەدا جێگەی خۆیەتی رۆڵی بەرێز جەنابی مام جەلال سەرۆك كۆماری ئێراقی فیدراڵ بەرز بنرخێنین، كە رۆڵێكی بەرچاو و هەوڵێكی نەپساوەی هەیە بۆ نزیككردنی بیروبۆچوونی لایەنەكان لەیەكتری و رزگاركردنی ئێراق لەم دۆخە ئاڵۆزە، هەروەها پێویستە پێزانینی خۆمان ئاڕاستەی بەرێزیان بكەین بۆ ئەو رۆڵەی هەی بووە و بەردەوام هەیەتی لە پتەوكردنی ریزەكانی گەلەكەمان، ئێمەش لێرەدا بە بەرێزیان رادەگەیەنین كە پشتیوان و یارمەتیدەری بەرێزیان دەبین بەو هیوایەی بە هەوڵ و تێكۆشانی هەموو لایەك داهاتوویەكی رووناكتر بۆ گەل و وڵاتمان بەدیبێت، بەهەموو لایەكیش رادەگەیەنین، بەرێزیان كاندیدی ئێمەیە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار. لە كۆتاییدا وێڕای داوای سەركەوتنی دووبارەی كۆنگرەكەتان، جەخت لەسەر پێویستی یەكڕیزی و تەبایی هەموو لایەنەكانی گۆڕەپانی سیاسی كوردستان دەكەمەوە و ئومێد دەخوازم بە زمانی سەردەمیانە و لێكتێگەیشتن گفتوگۆ لەگەڵ یەكتر بكەین و بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان بخەینە سەرووی هەموو شتێك. سوپاستان دەكەم و هەر سەركەوتوو بن
|
|
|