گه‌ڕانه‌وه

(نێچیرڤان بارزانی) بۆ ڕۆژنامەی “بازرگانیی سەردەم”:سەرمایەدارانی كورد دەتوانن ڕۆڵێكی باش بگێڕن
 

image

  • email Email to a friend
  • print چاپی بکه‌
26 نیسان, 2010 [ 14:23 ]

لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ئابووریی (بازرگانیی سەردەم)،(نێچیرڤان بارزانی) داوای لە سەرمایەگوزارانی كوردستانی لە دەرەوەی وڵات كرد كە بگەڕێنەوە و سەرمایەكانیان بۆ خزمەتكردنی خۆیان و وڵاتەكەیان بخەنە گەڕ.
ئەو ئاماژە بەوە دەدات كە كەرتی تایبەت لە هەر وڵاتێكدا هەبێت، داینەمۆی ئابوورییە و دەتوانێت یارمەتیدەری حكوومەت بێت و بە پێویستی دەزانێت كە كەرتی تایبەت و حكوومەت دەست لە ناو دەست بنێن.

"هاووڵاتیانی كوردستان شایانەی هەموو خزمەتێكن"
حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پاش ساڵی 2003ـوە هەوڵەكانی خۆی زیاتر چڕ كردەوە بۆ ئەوەی كەرتی ئابووری و بازرگانی لە هەرێمدا بەهێزتر بكات و لەو ماوەیەیشدا پلانی بۆ ئەو پڕۆژەیە دانا و ئەركی تەواوكردنی ئەو پڕۆژانەی بۆ كابینەی شەشەم بە جێ هێشت. لە دیمانەكەیدا لەگەڵ (بارزگانیی سەردەم)ـدا، (نێچیرڤان بارزانی) ئاماژەی بەوە داوە و دەڵێت:
“ڕاستە من 10 ساڵ سەرۆكی دوو كابینەی حكوومەت بووم، بەڵام هەموو لایەك دەزانن كە تا ناوەڕاستی ساڵی 2003 هەرێمی كوردستان لە بارودۆخێكی تایبەتیدا بوو، ئەوە جگە لەوەی كە دوو گەمارۆمان لەسەر بوو، دواتریش گۆڕانكاریی گۆڕەپانی سیاسی عێراق و ناسەقامگیریی ئەمنی، دەرفەتی نەدا بەرنامەكەمان بە تەواوی جێبەجێ بكەین، دوای یەكگرتنەوەی حكوومەتیش تەمەنی كابینەی پێنجەم كە ماوەكەی (3 ساڵ) بوو و زۆر كورت بوو، لەو ماوەیەیشدا نەمانتوانی هەموو ئەركەكانی سەر شانمان جێبەجێ بكەین.”
ئەو ئاماژەی بەوەیش دا كە كاری زۆر ماوە بكرێت، بەڵام ئارامی و خۆڕاگری دەوێت، چونكە كوردستان وێرانە بوو، "خەڵكی ئێمەیش دەبێ خۆڕاگری زۆرتری هەبێت و هاووڵاتیانی كوردستانیش شایانی هەموو خزمەتگوزارییەكن."
(نێچیرڤان بارزانی)، هەروەها دەڵێت كە بە هەبوونی بوودجەیەكی سنووردار لە لایەن حكوومەتی بەغداوە، ناتواندرنێت وا بە ئاسانی وڵاتێكی وێرانی وەكوو هەرێمی كوردستان ئاوەدان بكرێتەوە. ئەو پێیشی وابوو كە ئەوەی پێی دەگوترێ ژێرخانی ئابووری لە كوردستاندا نییە و ئاماژە بەوە دەدات كە ژێرخانی ئابووری بە ساڵێك و دووان و سیان دروست نابێت، ماوەیەكی زۆری دەوێت، گرنگ لێرەدا ئەوەیە ئایا ئەو سیاسەتەی داڕێژراوە لەسەر ڕێگەیەكی ڕاست دەڕوات یان نا.

پەرەپێدانی سەرچاوە سرووشتییەكان
كارئاسانی بۆ كۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییەكان بە مەبەستی وەگەڕخستنی سەرمایەكانیان لە كوردستاندا و هەوڵدان بۆ ناردنەدەرەوەی نەوت و بونیادنانی چەندین پڕۆژەی ئابووریی دیكە لە هەرێمی كوردستاندا لە چەند ساڵی ڕابردوودا وەك ئەولەوییەتی یەكەمی حكوومەت دانراوە. (نێچیرڤان بارزانی) لەوبارەیەوە دەڵێت: “پەرەپێدانی توانای مرۆیی و تەكنیكی لە لایەك و پەرەپێدانی سەرچاوە سرووشتییەكانمان لە لایەكی دیكەوە، وەكوو حكوومەت جێگەی بایەخی تایبەتیمان بوو، تێڕوانینی ئێمە بۆ بونیادنانی كۆمەڵگەیەكی شارستانی و خۆشگوزەران و ئارام لە هەرێمی كوردستاندا، بە پەرەپێدانی تواناكانمان دەست پێ دەكات.” هەروەها ئاماژەی داوە كە “ئێمە وەكوو حكوومەت لە پێناو وەدیهێنانی ئەم ئامانجە سەرچاوەی دارایی زۆرمان تەرخان كرد، بەڵام پێویستە كەرتی تایبەت و سەرمایەدارانی ناوخۆ و بیانی هەوڵی زیاتر بدەن بۆ مسۆگەركردنی سەركەوتنی ئەم ئامانجە. ئەزموونی سەركەوتووی گەلانی دیكەی جیهانیش ئەوەمان پێشان دەدات، كە دەبێت گۆڕانێكی بنەڕەتی دروست بێت.”

هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی تەكنەلۆژیا
(نێچیرڤان بارزانی) ڕایگەیاندووە كە “ئێمە ئێستا بەشێكین لە سیستمی ئابووریی گشتگیری جیهانی، سیستمێك كە بە ڕێنمایی و ڕێساكانی ڕێكخراوی بازرگانیی جیهانی و یاساكانی كێبڕكێ و یاساكانی پاراستنی مافی خاوەندارێتی و ڕێساكانی كۆنتڕۆڵی جۆری و ستانداردی نێودەوڵەتی، ڕێك دەخرێت. بەرهەمهێنانی كاڵا و پشتبەستن بە لایەنی زانست و تەكنەلۆژیا، ئەمڕۆ باڵی بەسەر جیهاندا كێشاوە، بۆ ئەوەی ببینە بەشێك لەم جیهانە تازەیەی تەكنەلۆژیا و بەرهەمهێنان، پێویستە لە بواری فێربوون و خۆپەروەردەكردندا سەركەوتن و پێشكەوتن بە دی بهێنین.”

  • email Email to a friend
  • print چاپی بکه‌

Website counter
Copyright © 2007- Kurdistan Democratic Party / Second branche/designed by Rashid Botani