|
|
|
|

14 نیسان, 2010 [ 12:45 ]
بەڕێز كاك د. بەرهەم سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەبووانی هێژا خوشك و برایانی بەڕێز ئێستا لە حزوری رۆحی پاكی ئەم پەپولە شەهیدانەین، ئەم منداڵە ساوایانانە، كە لە سێ مانگ هەتا دە ساڵ و ئەو دایكە گیاندارانەی كە هیچ شەرعیەتێك و یاسا و عورفی دنیا نییە رێگە بدات بە دڵ رەقی و دڕندەی بكوژرێن، ئەویش تەنیا لەبەر ئەوەی، كە ناسنامەی نەتەوەییان كورد بوو، كەس نییە پاساوێكی تاوانێكی جینۆسایدی لەو چەشنە بداتەوە، هیچ بەرپرسێكی رژێمی پێشووی ئێراق ناتوانێ ئەمڕۆ بێت لێرە ڕاوەستێ و بیانوو بۆ ئەم تراژیدیە بهێنێتەوە، ئەم تەرمە بچكۆڵانە شاهیدی نەگۆڕی ئەو جینۆسایدە گەورەیەن كە لە ساڵی 1988 رووبەڕووی گەلی كوردستان بووە. هەموویشمان دەزانین كە كۆمەڵكوژی لەسەرتاسەری كوردستان چەندین ساڵ بوو بەر لە 1988یش بەردەوام بوو. ئەمڕۆ رەشەبای مەرگ بەیادمان دێتەوە، كە چ بە گرتن و كوشتنی بە كۆمەڵ یا بەچەكی كیمیاوی و ژەهری كوشندەی قەدەغەكراوی دیكە لەو ساڵەدا زیاتر لە 182 هەزار مرۆڤی مەدەنی بێتاوانی كوردستان بوون بە قوربانی. هەربۆیەش دەبێ هەمیشە تێبكۆشین تا كۆڕ و كۆمەڵگەی جیهانی تاوانەكانی ئەنفال و كیمیاباران بە جینۆساید دەرهەق بە گەلی كوردستان بناسێت. تائێستاش چەندن بڕیاری قەزایی و یاسایی و گرنگ لەلایەن دادگای باڵای تاوانەكانی ئێراقەوە دەرچووە، كە یەكەم: تاوانەكانی ئەنفال بەجینۆساید دەزانن، دووەم: دەبێ كەسوكار و قوربانیان و گەلی كوردستان قەرەبوو بكرێنەوە. دواتر پەرلەمانی ئێراقی فیدراڵی و دەستەی سەرۆكایەتی كۆماری ئێراق ئەو تاوانەیان بە جینۆساید ناساند، بێگومان بڕیارەكانی دادگای باڵای تاوانەكان، كە دادگایەكی سەربەخۆی دادپەروەرییە لە ئاستی یاسای نێودەوڵەتیشدا گرنگی و بایەخی خۆی هەیە و دەبێ، هەر بۆیەش چەندین پەرلەمانی ئەورووپا و حكوومەت و رێكخراوی نێودەوڵەتی كردەوەی ئەنفالیان بە جینۆساید لە قەڵەمداوە، كە دیاریدەیەكی هەرە گرنگە، دەبێ بە هەموو لایەكمان هەوڵی زیاتر بدەین تا گەلان و دەوڵەتانی جیهان بە گشتی لەو راستییە تێبگەن. كە بەڕاستی ئەوەی بەسەر كوردا هاتووە جینۆسایدە، بەڵام هێشتاش حزب و لایەنی سیاسی ئێراقی و كەسایەتی سیاسی ئەم وڵاتە هەن، كە ئەسڵەن داننانێن بە رووداوەكانی تاوانی ئەنفال و بە چەواشەكاری دەیانەوێ كارەساتی كیمیاوی هەڵەبجە بشارنەوە. لێرەوە لەم رۆژەدا پێشنیار دەكەم لیستی هاوپەیمانی كوردستان و گشت لیستە كوردستانیەكان لە گفتوگۆ و دانووساندن لەگەڵ كوتلە و لیستە ئێراقییەكان مەرجێك دابنێن، كە دەبێ تاوانەكانی ئەنفال و كیمیاباران بە جینۆساید بزانن. بێگومان مەبەستمان گشت ئەنفالەكانی فەیلی و بارزانی و گەرمیان و پارێزگای سلێمانی و هەولێر و دهۆك و دەوروبەری كەركووكە. بۆچی دەبێ ئەمڕۆ لە ئێراقدا كەسانێكی سیاسی هەبن حوكمڕانیان لە بەغدا بووێ، بەڵام نایانەوێ تاوانەكانی رژێمی پێشوو مەحكووم بكەن. نەبەس ئەوەی لە ناو ئێراقدا، بەڵكو لە ناو وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیشدا، كە زیاتر لە 50 وڵاتن تائێستاش دەنگی هیچ دەزگایەكی یاسایی و شەرعی و حكوومی و تەنانەت میللیش نابیستین كە تاوانەكانی ئەنفال و كیمیاباران مەحكووم بكەن، نە جامیعەی عەرەبی و نە رێكخراوی گۆنگرەی ئیسلامی و نە هیچ حكوومەتێكی عەرەبی و ئیسلامی تا ئەمڕۆش لە ئاست ئەو تاوانانەی دەرهەق بە گەلی كوردستان كراوە بێدەنگ بوون، ئەوەش لە كاتێكدا كە زۆرێك لە پەرلەمانانی ئەورووپایی یا هەندێك فراكسیۆنی پەرلەمانی ئەو وڵاتە و ئەوی دیكە، هەروەها چەندین رێكخراو و كۆڕ و كۆمەڵگای جیهانی ئەم تاوانەیان بەجینۆساید ناساندوە. كەواتە هێشتا كاری زۆرمان لە پێشە تا جیهان بەتایبەتی دنیای عەرەبی و ئیسلامی ئیدانەی تاوانی جینۆساید دەرهەق بە گەلی كوردستان بكات. ئەو تاوانەی كە كرا دژ بە میللەتێك كە زۆربەی هەرە زۆری موسڵمان و باوەڕداری دڵ پاك و دڵسۆزن. خوشك و برایانی ماتەم ئێستا كە لە پێش حزوری ئەم رۆحە پاك و بێگەردانە كڕنووش دەبەین، جارێكی دیكە سەرەخۆشی خۆمان بە كەسوكاری ئەم شەهیدە شادڕەوانانە و گشت شەهیدانی ئەنفال و كیمیاباران و قوربانیانی كارەساتی دیكە رادەگەیەنین. شكور بۆ خوا كە هیچ نەبێ ئەو دەرفەتە بۆ گەلەكەمان رەخساوە كە رژێمی دیكتاتۆری لە ناوچوو، ئازادی و دیموكراتی بانگی هەڵداوە و ئێمەش دەتوانین ئەمڕۆ تەرمی پیرۆزی شەهیدانمان بدۆزینەوە و ئەوەندەمان پێ ببڕێ كە رێزی شایەن لە یادیان بنێین. سوپاسی گشت ئەو خوشك و برایانە دەكەین كە بەشدار بوون لە دۆزینەوە و گواستنەوەی تەرمی ئەم شەهیدە نەمرانانە و سوپاس بۆ وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان و پەیمانگای پزیشكی هەرێم و كارمەندانیان كە شەو و رۆژ كاریان كردووە. دەبێ لەمەودواش هەوڵبدەین تەرمی هەر شەهیدێك بدۆزرێتەوە بۆ ناو كوردستان و جێگەی زێدی باوباپیرانیان بگوزرێتەوە، ئەمەیان وەزیفەی مرۆڤایەتی و كۆمەڵایەتی و نەتەوەیەتیمانە دەرهەقی هاووڵاتیانی كوردستان كە هەموو پێكەوە لەم وڵاتەدا هاووڵاتین و خوشك و برای یەكین. هەوڵی جددی بدەین بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری شەهیدان بە گشت گەلی كوردستان لەم پرۆسەیەدا هیوادارم حكوومەتی ئایندەی ئێراق ئەم مەسەلەیە زۆر بەجددی وەربگرێت و بە زووترین كات هەوڵی قەرەبووكردنەوەی ئەو شەهیدانە و كەسوكاری ئەنفالكراوەكان بدات و بەم هەنگاوەی بتوانێت سارێژی ئەو برینە بكاتەوە، كە دوای تێپەڕبوونی چەندین ساڵ هەتا ئێستاش وەك برینێك بە جەستەی كوردستان و هەرێمی كوردستان و گەلی كوردستان ماوەتەوە، ئەم خاڵەش بكەینە داخوازییەكی رەوای گەل و حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەموو گفتوگۆیەكماندا لەگەڵ حزب و لایەنە ئێراقییەكانی دیكە لە بەغدا. سڵاو بۆ یادی گشت شەهیدان سوپاستان دەكەم
|
|
|