گه‌ڕانه‌وه

سەرۆکى کوردستان بۆ ئەلعەرەبییە: هاوپەیمانی پێویستە لە نێوان هەر 4 لیستی یەکەمدا بێت
 

image

  • email Email to a friend
  • print چاپی بکه‌
03 نیسان, 2010 [ 19:42 ]

لە دیمانەیەکی کەناڵی تەلەفزیۆنی ئەلعەرەبیە، بەڕێز مەسعود بارزانی، سەرۆکی کوردستان تیشکی خستە سەر دوایین رەوشی عێراق و ناوچەکەو پرسی تایبەت بە هاوپەیمانێتی بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق. 

*فەخامەتی سەرۆك بەخێرهاتنی بەڕێزتان دەکەین و زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە و میواندارییە.
سەرۆکی کوردستان : بەخێربێن زۆر سوپاس.
* جەنابی سەرۆك بمبوورە ، داوای لێبووردن لە بەڕێزتان و بینەران دەکەم بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا تووشی هەڵامەت هاتم، بەڵام نەدەکرا ئەم دیمانەیە دوابخرێَ، با لەئەنجامی دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمان دەستپێبکەین، چۆنی دەخوێننەوە؟ ئایا وەک باسی دەکرآ تەنها گۆڕین بوو یاخود سەرلەنوێ دروستکردنەوەو بەرهەمهێنان بوو؟
سەرۆکی کوردستان: بەڕای ئێمە وەکو هەڵسەنگاندنی ئەم پرۆسەیە بەڵێ پرۆسەیەکی باش بوو، بەڵام دوور لەکەموکوڕی وگرفت نەبوو. ئەمجارەیان هەموو پێکهاتەکانی گەلی عێراق بەشدارییان لەپرۆسەکەدا کرد، گۆڕانەکە لێرەدایە. ئێستاش ئەنجامەکان ڕوون وئاشکران وئێمە چاوەڕوانی قۆناغی ڕاوێژکارین وەکو هەنگاوی ئایندە.

*باسی ئەوەتان کرد هەموو لایەنە عێراقییەکان بەشدارییان کرد، لیستی (العراقیە) زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی لەو هەڵبژاردنەدا بەدەستهێنا پێتان وایە ئەمە سەرکەوتنە بۆ تایفەیەک لەسەر حیسابی تایفەیەکی دیکە بەپێی بنکەی سوننیی ئەو لیستە یانیش سەرکەوتنە بەسەر تایفەگەری؟
سەرۆکی کوردستان: لەڕستیدا ئەمە سەرکەوتنی تایفە و ڕێکخستنێک نییە دژی یەکێکی دیکە. بەڵێ، سەرکەوتنی لیستی (العراقیە) لەخۆیدا گۆڕینێک بوو بەڵام ناتوانین بڵێین لیستی (العراقیە) تەنها لیستی سوننەیە ،ئەگەرچى پێکهاتەی سوننە زۆرینەی ئەو لیستە پێکدێنێ.

* ئایا هاوپەیمانیتان لەگەڵ لیستی عەللاویدا دەبێت؟
سەرۆکی کوردستان : عەللاوی لەمێژە هاوپەیمانی ئێمەیە.

*ئەی لیستەکەی؟
سەرۆکی کوردستان:ڕاوێژکاری لەماوەی ئایندەدا دەبێت وبەڕای ئێمەش هەر هاوپەیمانییەک پێویستە لەنێوان هەر 4 لیستی یەکەمدا بێت نەک لەنێوان 2 لیست وهاوشێوەی ئەم بابەتە.

*کەواتە پێشنیاری حکوومەتی یەکێتیی نیشتیمانی دەکەن؟
سەرۆکی کوردستان: بەڵێ پێموایە ئەمە خزمەتی بارودۆخەکە دەکات.

*چۆن؟
سەرۆکی کوردستان: بە پەراوێزخستنی هەریەک لەو4 لیستە پرۆسەکە کامڵ نابێت و پڕکەموکوڕی دەبێت و بێگومان دەرەنجامەکەی لەبەرژەوەندیی عێراقدا نابێت.

*بەڵام تۆ چۆن لەو هەوڵەی پەراوێزخستن تێدەگەی؟دوێنی عەللاوی گوتی هەوڵی پەراوێزخستنی لیستەکەی لەئارادایە وبەڵێ ئێستاو پێشتریش یاسای ڕیشەکێشکردنی بەعس لیستەکەی گرتەوە ڕۆژانەش هەڕەشەی جۆراوجۆر بۆ ئەندامانی ئەو لیستە دەبیستین وماوەیەک لەمەوبەر پرسی ناسنامەی دایکی عەللاوی لەئارادابوو کە عێراقی نییە و نابێ ببێتە سەرۆک وەزیران بۆیە عەللاوی گوتی ئەوە پرۆژەیەکە بۆ دژایەتیکردنی دەنگی تاکی عێراقی، ئایا عەللاوی باسی لەبەریەک هەڵوەشانەوەی عێراق دەکات؟
سەرۆکی کوردستان: لەڕاستیدا هەموو لیستەکان عێراقین ونیشتیمانین وسیفەتی نیشتیمانپەروەری ناکرێ بەیەک لیست بدرێ بەتەنیا هەموو لیستەکان عێراقی ونیشتیمانین، ناکرێ ئەو هەوڵانە بەسیاسی بکرێن ئەگەر هەر گرفتێکی وەکو ڕیشەکێشکردنی بەعس هەبوو دەبێ بەیاسا جێبەجێبکرێ.

*بەڵام ئێوە پاڵپشتیی ڕیشەکێشکردنی بەعستان کرد.
ئێمە لەگەڵ ئەوەدانین بەعس بکرێتە دەروازە، ئێمە هەر لەسەرەتاوە لەدژی نانبڕینی بەعسییەکان بووین ڕیشەکێشکردنی بەعس بەشێوەیەکی ڕاست ودروست جێبەجێ نەکرا.

*بەڵام بەڕیز بارزانی ئێمە ناڕەزاییتانمان لەمبارەیەوە نەبیست؟
سەرۆکی کوردستان: من هیچ کاتێک هەڵوێستی خۆم نەشاردووتەوە من گوتم ڕیشەکیشکردنی بەعس واتا ڕیشەکێشکردنی کاروکردەوەکانی بەعس و ڕەفتاری بەعس و دیکتاتۆرییەتە من ڕیشەکێشکردنم بەو واتایە زانی نەک نانبڕینی خێزانی عێراقی تەنانەت ئەگەر بەعسیش بن.

* ئێمە ئەمڕۆ لەسەر ئاستی سیاسیدا باس لەو بابەتە دەکەین ئایا ئێوە لەگەڵ جێبەجێکردنی سیاسیی ڕیشەکێشکردنی بەعسن ، زۆر قسە هەیە وئێوەش باش گوێبیستنی بوونە گوایە پێکهاتەی سوننە دوژمنی هەرە سەرسەختی کوردە بەعسیش وەکو کەناڵی هەرە سەرەکیی ئەو پێکهاتەیە جێگای مەترسیی ئێوەیە بەواتای ئەوەی بۆ پاراستنی نەتەوەی کورد لەنەتەوەی عەرەب دەترسی، چۆن وەڵامی ئەو قسانە دەدەنەوە؟
سەرۆکی کوردستان : ئەم قسەیە ڕاست نییە و شێواندنێکی تەواوی ڕاستییە با بۆ مێژووی نزیک بگەڕێمەوە،بەعس بۆماوەی 30 ساڵ حوکمی عێراقیان کرد،بەعس بوو چەکی کیمیاویی دژی کورد بەکارهێنا، ڕژێمی بەعس لەکۆی 500 گوند 4500 گوندی لەکوردستان وێران کرد و 8000 بارزانیی قەتلوعام کرد و لەهەڵەبجە لەماوەی چەند خولەکێکدا 5000 منداڵ وژن وپیرو گەنجی کوشت وزیاتر لە 12000 گەنجی فەیلیی کوشت. ئەو تاوانانە هەموویان لەلایەن حزبی بەعس ئەنجامدران. سەرەڕای ئەوەش ئێمە گفتوگۆمان لەگەڵ بەعس کرد، من لەساڵی 1991 چوومە بەغدا و بە بەعسییانم گوت و بە شەخسی بە سەددامم گوت ئەگەر لەنێو دەریایەکی خوێندا مەلە بکەم و بێمە بەغدا بۆ پرسێک کە قوربانیمان لەپێناوی دابێت من باکم نییە. لەکاتی ڕاپەڕینیش 2 فەیلەقی سوپای عێراق خۆیان بەدەستەوەدا بۆ جەماوەری کوردستن و بۆ پێشمەرگە، لەکاتەی بریندارانی چەکی کیمیاوی هێشتا لەنەخۆشخانەدابوون. دەتوانی بپرسی ئەگەی یەک سەربازی عێراقیش لەکوردستان ئەشکەنجە درابێ. ئێمە ڕیزمان لێیان گرت لەکاتێکدا ئەوان ئەو هێزانە بوون کەتاوانیان لەدژی گەلی کورد ئەنجامدابوو ،بۆیە ئێمە لەدژی عەرەبی سوننە نەوەستاین، بەڵام بەداخەوە تائێستاش کەسانێک هەن ئیدیعای نوێنەرایەتیی عەرەبی سوننە دەکەن لەدژی هەموو ویست وماف وبەرژەوەندییەکی کورد وەستان لەدەستووری عێراقدا. ئێمە ئەوان بەنوێنەری سوننە نازانین، بەڵام ناتوانین مامەڵە لەگەڵ شێوازی ڕەفتاری لەمجۆرە بکەین.

*بەڕێز بارزانی هیچ کەسێک و سەرکردەیەکی عەرەبی سوننە بەڵێنی فراوانبوونی هەرێمی لە کەرکووک بەئێوە داوە؟
سەرۆکی کوردستان : ئەوە فراوانبوون نییە بەڵکو مافی ئێمەیە. با بۆ مێژوو بگەڕێینەوە و ڕاستییە مێژوویی وجوگرافییەکان بخەینەڕوو، یانیش با بۆ بۆچوونی خەڵکی کەرکووک بگەڕێینەوە دوای ئاساییکردنەوەی بارودۆخ تیایدا، ئێمە داوای هیچ ناکەین لەدژی کەس، بەڵکو داوای مافێکی زەوتکراو دەکەین.

*ئایا لەنێو عەرەبی سوننەدا کەسانێک هەن لەو بۆچوونانەتان تێبگەن؟ لەسەرکردە سیاسییەکان؟ لەئەندامانی لیستی عەللاوی؟
سەرۆکی کوردستان: بەڵێ بێگومان بەڵام بەداخەوە ڕەوشی بەغدا وای لێهاتووە هەرکەسێک هەڵوێستێکی توند لەدژی کەرکووک نیشانبدات و دژایەتیی کەرکووک بکات بەنیشتیمانپەروەر لەقەڵەمبدرێ.

*کەواتە ئایا دانوستاندنی ژێرمێزی گفتوگۆ لەگەڵ کورد لەگەڵ ئەوەی لە ڕاگەیاندندا دەیبیستین جیاوازن لەبارەی کاندیدانی عەرەبی سوننەوە؟
سەرۆکی کوردستان: بەڵێ بێگومان

*وامان بیستووە ئێوە گرفتتان لەگەڵ ئوسامە نوجەیفی هەیە ناوبراویش لەلیستی عەللاویدایە؟
سەرۆکی کوردستان: ئێمە هیچ گرفتێکمان لەگەڵ ئەودا نییە بەڵکو خۆی گرفتی بۆخۆی خوڵقاند.

*ئایا ئەو مەسەلەیە لەلیستی عەللاویتان دووردەخاتەوە؟
سەرۆکی کوردستان : ئەگەر لەسەر ئەو ڕەفتارەی بەردەوامبوو بێگومان ئەوە شتێکی قبووڵنەکراوە بەڵام ئەگەر چاوی بەڕەفتارو هەڵسوکەوتی شەخسیی خۆی هێنایەوە ئەوە مەسەلەیەکی دیکەیە و دووپاتیدەکەمەوە هیچ دوژمندارییەکمان لەگەڵیدا نییە.

*بەڵام زەحمەتە هەڵسوکەوتی کەسانێکی سیاسی بگۆڕدرێ؟
سەرۆکی کوردستان : کەواتە هیچ شتێکی هاوبەشمان لەگەڵیدا نییە.

*ئەی چۆن حکوومەتی یەکبوونی نیشتیمانی پێکدێنن؟
سەرۆکی کوردستان: ئەو ئەندامی لیستی (العراقیە)یە بۆیە پێویستە لیستەکەی ئەم پرسە یەکلایی بکاتەوە.

*ئەوەی بیستم واخەریکە لیستی دەوڵەتی یاسا و ئیئتیلافی نیشتیمانیی عێراقی وهاوپەیمانیی کوردستان لەیەکتر نزیک دەبنەوە، سەدرییەکانیش بەو مەرجەی مالیکی نەبێتە سەرۆک وەزیران لەنێو ئەو گرووپەدان بەهەبوونی عەللاوی بە شەخسی خۆی و بەحزبی خۆی، ئەو هاوبەندییە لەواقیعەوە نزیکە وانییە؟
سەرۆکی کوردستان: جارێ ئەو قسانە تەنها پێشبینین ، پێویستە پێکهێنانی حکوومەت ئەو 4 لیستە بگرێتەخۆ، ئێمەش ڤیتۆمان لەسەر هیچ کەسێک نییە تەنانەت ئوسامە نوجەیفیش هیچ شتێکمان لەدژی ئەودا نییە و ئەو ئەوڕێگایەی هەڵبژارد و ئاڵای دژایەتیکردنی کوردی بەرزکردەوە، ئەگەر هەڵوێستی خۆی گۆڕی گرفتمان نییە. بەڵام ئەگەر بیەوێ دژایەتیی کورد بکات و پۆستیش وەربگرێ ئەوە بۆ ئێمەی کورد قبووڵنەکراوە.

*ئەو شێوازەی باسمکرد واخەریکە دەبێتە ڕاستی وایە؟
سەرۆکی کوردستان: ئێمە لێرە لەهەرێمی کوردستان هیچ بڕیارێکمان نەداوە چۆن ولەگەڵ کێ هاوپەیمانی ببەستین، ڕۆژی شەممەی دادێ دیدارێکمان لەگەڵ لیستە براوەکانی هەرێمی کوردستاندا دەبێت و لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاری خۆمان دەدەین.

*لەسەر چ بنەمایەک؟
سەرۆکی کوردستان : ڕاوێژکاری لەگەڵ لیستە براوەکانی هەرێمی کوردستاندا دەکەین و هەڵوێستی خۆمان بۆ هاوپەیمانی لەگەڵ لیستەکانی دیکە ڕادەگەنین وشاندێک لەهەموولیستەکان پێکدێنین تا گفتوگۆی جیددی لەگەڵ لیست ولایەنەکانی دیکە دەستپێبکەین.

*کەواتە ئێوەی کورد دەبنە یەک دەنگ لەبەغدا؟
سەرۆکی کوردستان : بەڵی ئەوە خواستی ئێمەیەو پێموایە هەرئەوەش دێتەدی.

*بەڕێز بارزانی ئێوە سەرۆکی هەرێمی کوردستانن وبەپێی ئەنجامی هەڵبژاردن ئێوە سەرکردەی هەموانن، بۆیە ئەمڕۆ دەپرسم مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر چ بنەمایەک لەگەڵ گروویە سیاسییەکانی بەغدا هاوپەیمانی دەبەستن؟
سەرۆکی کوردستان: جارێ من تاکە سەرکردە نیم.

*بەڵام باواقیعی بین، ئەوپەڕی ڕیزمان بۆ بەڕیز تاڵەبانی ئەو دەنگێکی زۆری بۆ لیستی گۆڕان و نەوشیروان مستەفا لەدەستدا ئێوە لەبارودۆخێکی زۆر باشتر بوون؟
سەرۆکی کوردستان: ئێمە بەیەکەوە بەیەکبوونمان بەهێزین وبێگومان یەکبوونی خۆشمان دەپارێزین، ئێمە ڤیتۆمان لەسەر هیچ لیستێک نییە ئێمە 2 پڕۆگراممان هەیە یەکەمیان بەبارودۆخی عێراقەوە پەیوەستە ئەوەی دیکەیان بەهەرێمی کوردستان وپەیوەندیی هەرێم بەبەغداوە پەیوەستە. بێگومان هەر هاوپەیمانییەک پێویستە لەسەر بنەمای پابەند بوون بەدەستوور و دیموکراسییەت بێت بەهەبوونی هاوبەشییەکی هاوسەنگی فیعلی و کارا وناکرێ هیچ پێکهاتەیەک فەرامۆش بکرێ. دەربارەی پەیوەندیی نێوان بەغدا و هەولێریش بێگومان جەخت لەسەر جێبەجێکردنی دەستوور و ماددەی 140ی دەستوور دەکەین، ئەوە جگە لەپرسی نەوت و غاز وپێشمەرگە، پێویستە لەبارەی ئەو مەسەلانە بگەینە چارەسەر. پێشموایە ئەکەر نیەتی باش لەمبارەیەوە هەبن هیچ تەگەرەیەک لەبەردەم پرۆسەکەدا نابێت.

*بەڕێز بارزانی ئێمە باش لەوە دەگەین کاتەکە زۆر هەستیارە بۆ ئێوە، ئێوە لەڕاوێژکاری وگفتوگۆدان لەنێو(بازارێکی) پڕ لەناو و کەسایەتیی ناسراو بەڵام ئێوە دەڵێن ڤیتۆمان لەسەر کەس نییە، بۆ نموونە مالیکی لەزۆر لەو بەڵێنانە پاشگەز بۆوە کەبەکوردی دابوو بەتایبەتی لەبارەی کەرکووک وکۆمپانیاکانی نەوت ، کەواتە چۆن دەڵێیت ڤیتۆمان لەسەری نییە وچۆن بەگەلەکەی خۆى دەڵێیت جارێکی دیکە دەست لەنێو دەستی ئەو کەسە دادەنێین کەلەبەڵێنەکانی خۆی پاشگەز بۆتەوە؟
سەرۆکی کوردستان : نەخێر مەسەلەکە وا ئاسان نییە ، من تێبینیم هەیەو پێشبینیی شتی باشترم لەبرای بەڕێز مالیکی دەکرد. بەڕاستی بەڵام پەیوەندیی نێوانمان نەگەیشتۆتە ڕادەی بێئومێدیی تەواو یا دابڕان. بەڵێ ئێمە تێبینیمان هەبوو کەڕووبەڕوو پێیم گوت ونامەوێ بچمە نێو وردەکاریی زیاتر.

*هیچ گەرەنتییەکی پێدان ئەگەر بێت و بووە سەرۆک وەزیران شتی باشترتان پێشکەش بکات؟
سەرۆکی کوردستان: بەهەرحاڵ ئەگەر مالیکی یان کەسێکی دیکە بێنە سەر حوکم پێویستە هەموو شتێک نووسراو بێت و دیکۆمێنت وئیمزا کرابێت واتا ناکرێ تەنها پشت بە بەڵێن ونییەتپاکی ببەستین، پێویستە هەموو شتێک روون وئاشکرا و پارێزراو بێت.

*ئێوە لەپەرلەمانی پێشوودا َزۆرتر بوون، وەک دەگوترا دروستکەری پاشاکان بوون، بەڵام ئەمڕۆ ئەگەر لەگەڵ عەللاویشدا بین هیچتان پێناکرێ کەواتە لەسەر چ بنەمایەک ئێوە گەرەنتی وەردەگرن؟
سەرۆکی کوردستان: ژمارەی ئێمە هەرچەند بێت لەگەڵ یەک لیست ناڕۆین بەڵکو لەگەڵ هەر3 لیستدا دەڕۆین بەڵام ئەگەر لیستێک بەویستی خۆی خۆی جیاکردەوەو ئەوە شتێکی دیکەیە، بەڵام بەتەنیا لەگەڵ یەک لیستدا ناڕۆین.

*ئێوە پێداگیری لەسەر ئەوە دەکەن کورد لەگەڵ هەر 3 لیستەکە یەکدەنگ دەبێت ولەدژی هیچ لیستێک نابێت بەتایبەتی لەگەڵ دەوڵەتی یاسا لەدژی (العراقیە) وایە؟
سەرۆکی کوردستان: بەڵێ وایە،وەکو گوتم ئەگەر لیستێک بەویستی خۆی دوورە پەرێزیی ویست ئەوە خۆی لەو بڕیارە ئازادە.

*سەرۆکایەتیی کۆمار ئەمجارەش بۆ ئێوەیە؟
سەرۆکی کوردستان: بێگومان ئێمە مام جەلال-مان بۆ ئەو پۆستە کاندید کردووە، زۆربەی لیستەکانی دیکەش یاخود هەموویان لەگەڵ ئەو بۆچوونەدان.

*ئایا ئێمە لەبەردەم ترۆکایەکی هاوشێوەی لوبنان داین ، سەرۆکی کۆمار کوردە ، سەرۆکی حکوومەت شیعەیە و سەرۆکی پەرلەمان سوننەیە؟
سەرۆکی کوردستان: حەزدەکەی باسی واقیعی عێراق بکەین یان باسی ئەو شتانە بکەین کە کەسانی دیکە دەیانەوێ گوێی لێ ڕابگرن؟ بەپێی واقیعی عێراق شیعە دەنگیان بۆ لیستە شیعەکان داوە لەناوچە شیعەنشینەکان سوننە وکوردیش هەروەها لەناوچەکانی خۆیان ئەوە واقیعە.

*ئەوە چ واتایەک دەدات؟
سەرۆکی کوردستان: ئەوە واتای ئەوە نیشاندەدات کە عێراق لەدوو نەتەوەی سەرەکیی کوردو عەرەب پێکدێت لەگەڵ ڕێزو پاڵپشتیم بۆ نەتەوەکانی دیکە کە لێرەدا دەژین، بەڵام پێکهاتە سەرەکییەکانی عێراق شیعەو کوردو سوننەن.

*بەڵام من سەیرم بەوە دێت تۆ ڕۆڵەی شۆڕشیت وسەرکردەیەکی زۆر بەهێزی ئەمڕۆ ئێوە سەرکردەی دووەمین نەتەوەن لەعێراقدا چۆن قبووڵتانە شێوازی دەوڵەتی عێراق وابێت؟بیرۆکەی دەوڵەتی هاووڵاتیبوون چیی بەسەرهات؟کورد لەباکوور وشیعە لەباشوور هەرێمی خۆیان هەبێ سوننە بۆ کوێ دەچن؟
سەرۆکی کوردستان: سوننەش هەن وئەوانیش ناوچەی خۆیان لەناوەڕاست وڕۆژئاوا هەیە.

*ئێوە پاڵپشتیی عێراقێکی لەمجۆرە دەکەن؟
سەرۆکی کوردستان: بابەتێک هەیە کەناتەوێ بیوروژێنی یانیش لەیادت کردووە ئەویش بابەتی نەوت وداهاتی نەوتە ، ئێمە لەگەڵ ئەوەداین نەوتی عێراق وداهاتی ئەم نەوتە بۆ هەموو ئێراقییانە بەشیعەو سوننەو کورد، کەواتە هیچ مەترسییەک بۆ دروستبوونی هەرێمی سوننە نییە بۆ زانیاریشتان ئەو هەرێمە دەوڵەمەندە.

*ناوی بووە هەرێمی سوننە؟
سەرۆکی کوردستان: مەبەستمە ئەگەرپێکهێنرا ، بەڵام ئەمە واقیعە. قسەکردن بۆمیدیاو هیواو ئاواتەکان شتێکن و واقیع شتێکی دیکەیە.

*ئەی دەربارەی کەرکووک؟دوای ئەو دابەشکردنە چارەنووسی بەرەو کوێ دەڕوات؟ بۆنموونە لیستی(العراقیە) لەکەرکووک ئەنجامێکی چاوەڕواننەکراوی هێنا لانیکەم بەبۆچوونی چاودێرانی سیاسی، ئەوان نیوەی کورسییەکان وپتر لەنیوەی دەنگەکانیان بەدەستهێنا؟
سەرۆکی کوردستان: ئەو ئەنجامە بەرامبەر کورد نەبوو، بەڵکو بەرامبەر لیستی هاوپەیمانیی کوردستان بوو، لیستی گۆڕان و یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵیش دەنگیان هێنابوو. ئەگەر دەنگی ئەوان بخرێتە سەر دەنگی لیستی هاوپەیمانی، کورد دەبێتە زۆرینەیەکی گەورە.

*ئێوە ئەو بڕوایەتان هەیە بۆیە لیستی عەللاویتان وەکو هاوپەیمانیی دووقۆڵی دوورخستەوە؟
سەرۆکی کوردستان: هاوپەیمانیی دوقۆڵی خزمەتی عێراق ناکات ، چۆن دەکرێ لیستی دەوڵەتی یاساو ئیئتیلافی نیشتیمانی پەراوێز بخرێن؟ بەواتای ئەوەی پتر لە نیوەی عێراق پەراوێزدەخرێ.

*کێ دەیەوێ پەراوێزیان بخات بەڕێز بارزانی؟
سەرۆکی کوردستان: کێ فەرامۆش بکرآ؟

*ئەمڕۆ هەوڵێکی جیددی بۆ دوورخستنەوەی لیستی (العراقیە) لەئارادایە بەڵێ ئێوە لیستی گەورەترن لەڕووی ژمارەی دەنگدانەوە بەڵام دەستوور باسی لیستی زۆرینەی پەرلەمانی دەکات دوای هاوپەیمانی ئایا ئەوە تاکتیکێکی هەرێمییە؟
سەرۆکی کوردستان: لەوانەیە بەڵێ، بەداخەوە دەوڵەتانی هەرێمی بەشێوەیەکی سلبی دەستیان لەکاروباری عێراق وەردا.

*بەچ شێوەیەک؟
سەرۆکی کوردستان: بەوشێوەیەی لەگەڵ بەرژەوەندییەکانیان بگونجێ.

*ئێران بۆنموونە؟
سەرۆکی کوردستان: هەموویان بەبێ جیاوازی.

*ئایا ڕاستە ئەمڕۆ نفووزی ئێران لەنفووزی هەموو دەوڵەتانی عەرەبی وتورکیا وئەمەریکا زیاترە لەعێراق؟
سەرۆکی کوردستان: من ئینکاری ئەوە ناکەم ئێران نفووزێکی زۆری لەعێراقدا هەیە.

*ئایا گەورەترین نفووزە؟
سەرۆکی کوردستان:لەوانەیە.

*مەبەستی سەردانی سەرۆک تاڵەبانی بۆ ئێران و دیداری لەگەڵ چەند کەسایەتییەکی ئەوێ چی بوو؟
سەرۆکی کوردستان: داوەتنامەکە ئاراستەی سەرکردەی ئەو وڵاتانە کرابوو کەجەژنی نەورۆز لەلای ئەوان جەژنێکی میللییە، ئەوان دەچنە تاران ولەوێ کۆدەبنەوە.

*ئایا داوەتەکە(بەریئە) بەڕێز بارزانی؟سەرۆک تاڵەبانی دانیشتنەکانی جامیعەی عەرەبیی جێهێشت؟
سەرۆکی کوردستان: ئەوەی بیستم داوەتی ڕەسمیی ئاراستە نەکرابوو بۆ ئامادەبوون لەلوتکەی عەرەبی.

*ئایا ئەوە پەیامێکە لەعەرەبەوە بۆ هەموو کورد بەوەی کە لە هاوپەیمانێتییەکانیان ناڕازین؟
سەرۆکی کوردستان: مام جەلال سەرۆک کۆماری عێراقە ونوێنەرایەتیی هەموو عێراق دەکات، بەڵام داوەتنامەی ئاراستەنەکرابوو. بۆیە نەچووە تەرابلوس بۆ دانیشتنی جامیعەی عەرەبی، من وام بیست.

*وەزارەتی دەرەوە ئەمڕۆ هی ئێوەیە بۆ قۆناغی ئایندە ئایا ئێوە هەمان وەزارەتتان دەوێ یان وەزارەتی نەوت بۆ ئێوە باشترە؟
سەرۆکی کوردستان: ئەو بابەتە هێشتا یەکلایی نەبۆتەوە، بەڵام لەوانەیە چاو بەومەسەلەیەدا بخشێنین ولەوانەیە بەوەزارەتێکی دیکەی بگۆڕین.

*جەنابی سەرۆک باسی نفووزی هەرێمیمان کرد، هەموویان تەدەخول دەکەن وئێوەش ئاماژەتان پێی دا، من دەمەوێ باسی شتێکی گرنگتر بکەم، کە لە فڕۆکەخانە دابەزیم پشتێنەیەکی جوانی سەوزاییم لە دەوروبەری کوردستاندا بیمی بەتایبەتی هەولێر بەڵام ئەوەی بە پلەیەک تێبینیم کرد وەبەرهێنان لەکوردستان بەپلەیەک بۆ کۆمپانیاکانی تورکیایە. ئەو پەیوەندییە سەیرە، ئایا تورکیا دوژمنە، دۆستە، هاوپەیمانی بازرگانییە بەتەنها؟
سەرۆکی کوردستان: تورکیا دەوڵەتێکی گرنگە لەناوچەکەداو دراوسێی ئێمەیە و بەدرێژیی نزیکەی 300 مەتر سنوورمان بەیەکەوە هەیە.

*بەڵام مێژووێکی پڕلەشەڕتان هەیەو تورکیا تائێستاش ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بۆردومان دەکات؟
سەرۆکی کوردستان: بەڵێ گرفت وناکۆکی هەن بەڵام شتی هاوبەشیشمان لەنێواندا هەیە. لەماوەی دواییشدا پەیوەندی لەگەڵ تورکیا بەرەو باشتر پێشکەوتنی بەخۆوە دی، تەنانەت لەگەرمەی ناکۆکییەکاندا پەیوەندیی ئابووری وبازرگانی کاریگەر نەبوو. کۆمپانیای تورکی بەپلەی یەکەم دێت لەوەبەرهێنان لەکوردستاندا بواریش بۆ کۆمپانیای عەرەبی وکۆمپانیای دیکەش کراوە بوو تورکەکان ئەو دەرفەتەیان قۆستەوە.

*بەڵام سوپای ئەو وڵاتە وا لادێکانتان بۆردومان دەکات ئەمە واتای ئەوە نادات تورکیا دەوڵەتێکی بەهێزەو سوپاکەی لەئێوە بەهێزترە؟
سەرۆکی کوردستان: ئێمە هەمیشە ئیدانەی بۆردومانکردن وتەعەدداکردنمان بۆسەر هەرێمی کوردستان و هەر ناوچەیەکی عێراقی کردووە، بەڵام بەرەنگاربوونەوەی ئەو مەسەلانە لەدەسەڵاتی حکوومەتی عێراقدایە. ئێمە هیچ کاتێک پاڵپشتیی ئەوەمان نەکرد هێزەکانی تورکیا خاکی عێراق بۆردومان بکات.بەڵام تورکیا دزەکردنی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستانی بۆ نێو خاکی تورکیای کردۆتە بیانوو. بۆیە ئەوان ئەو ناوچانە بۆردومان دەکەن.ئەو ڕفتارانە بۆ ئێمە قبووڵنەکراوە. ئەو ناوچانە ناوچەی چیایی سەختن ومەسەلەکە بەبۆردومان وتانک وفڕۆکە چارەسەر ناکرێ.

*ئەی چۆن چارەسەر دەکرێ؟
سەرۆکی کوردستان: ئەو گرفتە بەڕێگای ئاشتییانەی دیموکراتی چارەسەر دەکرێ، ئێمەش پاڵپشتیی دوا هەنگاوەکانی دەوڵەتی تورکیامان کرد کاتێک دەستپێشخەریی بۆ چارەسەری ئاشتییانە کرد.

*بەڵام جەنابی سەرۆک بێمتمانەییەک لەسووریاو لەتورکیاو لەئێرانەوە هەیە لەو بارودۆخەی ئەمڕۆی کورد کە تێنەگەیشتراوە، ئایا فراوانبوونتان دەوێ؟دروستکردنی ئوممەی کوردیتان دەوێ؟
سەرۆکی کوردستان: ئێمە مافی خۆمانمان دەوێ، ئەو مافانەی خوای گەورە پێی بەخشیوین، بۆچی تورک مافی ژیانیان هەیەو دەوڵەتیان هەیە؟ بۆعەرەب ئەو مافەیان هەیەو زیاتر لەیەک دەوڵەتیان هەیە؟ فارس دەوڵەتیان هەیە بۆچی کورد لەو مافە بێبەش بکرێ؟

*چونکە خاکەکەی لەنێو سەروەرییەکی عەرەبیدایە؟
سەرۆکی کوردستان: نەخێر ڕاست نییە، ئێمە لێرە لەسەر ئەو تێگەیشتنانە جیاوازین.

*کەواتە ئێوە دەتانەوێ ئوممەی کوردیتان هەبێ؟
سەرۆکی کوردستان: ئوممەی کوردی بوونی هەیە و شتێک نییە کە نەبآ و دروستی بکەین، بەڵام بەبێ ویستی خۆی دابەشکراوە وئەو دابەشکارییەی لەسەر فەرزکراوە، بەڵام من بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەوەدانیم بەتوندوتیژی ئەو مافەی بەدی بهێنێ، پێویستە ئەو مافەی کورد بێتەدی.

*مسعود بارزانی کوڕی شۆڕشی کورد و کوڕی مستەفا بارزانی کە ئەمڕۆ بەبینینی وێنەکەی شەرافەتمەند بووین، پێت وایە ئەم دەوڵەتانە بێن وبڵێن ئەوەتا خاکی ئێوە؟
سەرۆکی کوردستان: سەیری گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بکەن لەماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا، ئەوکات کێ پێشبینیی ئەو گۆڕانکارییە دراماتیکییەیان لە عێراق وناوچەکەدا دەکرد؟هەموو شتێک قابیلی گۆڕانە، بەڵام ئوممەی کوردی هەیەو بوونی هەیە بەڵام دابەشکراوەو زوڵمی لێکراوە.

*بەڵام بۆ بەدەستهێنانی ئەومافە شەڕناکەن؟
سەرۆکی کوردستان: من پاڵپشتیی توندوتیژی ناکەم بۆ ئەو مەسەلەیە چونکە دەمانخاتە نێو بارودۆخێکی زۆر ناخۆش وخوێناوی وبەبێ هیچ ئەنجامێک.

*ئایا لەبەر ئەوەیە ئێوە بەپێی پێویست ئەمڕۆ بەهێز نین؟
سەرۆکی کوردستان: پێموایە نەتەوەی کورد نەتەوەیەکی بەهێز وزیندووە وپتر لە 100 ساڵە لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەدا دەژی کە باست لێوەیان کرد بەهەموو شێوەیەک هەوڵیانداوە گەلی کوردو نەتەوەی کورد بسڕنەوە بەڵام کورد ناسنامەو بوونی خۆیان پاراست و سەلمێنرا نە سوپاو نە فڕۆکە ناتوانێ گەلێک لەناوببات. ئەم ئەزموونەمان بەخوێن و دەستوبازووی خۆمان سەلماندووە.

* ئەمڕۆ پەیوەندیتان لەگەڵ ئەمەریکا چۆنە ؟
سەرۆکی کوردستان: پەیوەندیی زۆرباشمان لەگەڵ ئەمەریکادا هەیە.

*بەڵام لەزۆر پرسی ناوخۆییدا هاوڕا نەبوون؟
سەرۆکی کوردستان: وەکو؟

*ڕیشەکێشکردنی بەعس؟
سەرۆکی کوردستان:ئێمە لەبارەی ئەو پرسە لەگەڵ ئەمەریکییەکاندا بەریەک نەکەوتین، چونکە هەرێمی کوردستان لەپرسی ڕیشەکێشکردنی بەعس بەرپرس نییە ئەو گرفتە لەهەرێمی کوردستاندا نەبوو.

*نفووزی ئەمەریکا ئەمڕۆ لەعێراق بەگشتی چۆن دەبینن؟
سەرۆکی کوردستان: بێگومان نفووزی ئەمەریکا کاریگەریی زۆریان هەیە بەڵام نەک وەکو ساڵانی پێشوو.

*بابگەڕێینەوە پرسی هاوپەیمانییەکان، ئەمڕۆ ناوی دیکە بۆحکوومەت دەخرێَنە پێش نە عەللاوی ونە مالیکی ، ئایا ئێوە پاڵپشتیی ئەم بیرۆکەیە دەکەن؟
سەرۆکی کوردستان: بەڕاستی هیچ زانیارییەکم لەوبارەیەوە نییە وجارێ تەنها قسەی ڕاگەیاندن وپێشبینیی ئەم و ئەوە.

*بەڵام ئێوە لەسەر هێڵی گەرمی گرفتەکانن، ئەمڕۆش شاندی لیستی (العراقیە) لەلای ئێوە بوون؟
سەرۆکی کوردستان: بەڵی ڕاستە بەڵام ئەو مەسەلەیە باس نەکرا . وەکو گوتم شەممەی دادێ دیدارێکی کوردی لەگەڵ لیستە براوەکان ئەنجامدەدەین وشاندێکی کوردستانی پێکدێنین ئەو شاندەش بەپرسیارێتیی ڕاوێژکاری لەگەڵ لیستەکانی دیکەدا دەگرێتە ئەستۆ.

*بەڕێز بارزانی قسەیەک هەیە گوایە کورد دڵی بە شلەژانی بارودۆخی بەغداوە خۆشە، سەدرییەکان ڤیتۆ دەخەنە سەر مالیکی و عەللاوی قبووڵ ناکرێ بەڵام هەرشتێک لەویست وخواستی ئێوەدا نەبێت ئێوە یەکسەر ناڕەزایی پیشاندەدەن ئایا ئەمە ڕاستە؟
سەرۆکی کوردستان: نەخێر ئەمە ڕاست نییە ، کاتێک ڕژێم ڕووخا من و بەڕێز مام جەلال چووینە بەغدا و یەکبوونی عێراقمان پاراست.

*چۆن پاراستتان؟
سەرۆکی کوردستان: ڕێکخستن لەبەغدا نەبوو، وڵات ڕووخابوو. لەهەرێمی کوردستاندا هیچ بۆشاییەکی سیاسی وئیداری ڕووینەدا.

*ئێوە چیتان بۆ بەرژەوەندیی عێراق بەگشتی پێشکەشکرد نەک تەنها بۆ هەرێم؟
سەرۆکی کوردستان:بەشداریمان لەپێکهێنانی حکوومەت کرد لەئەنجوومەنی حوکمەوە جگە لەسوپا بۆ زانیاریش یەکەمین 3 لیوای سوپای عێراق لەپێشمەرگەی کورد دامەزرا، نەشیعەو نە سوننەش ئامادە نەبوون بگەڕێنەوە نێوسوپا ،دوای دامەزراندنەوەی سوپای عێراق فەرماندەکانى کوردیان لە سوپا دوورخستەوە، بەمشێوەیە چاکەی ئێمەیان دایەوە.
*لەبەر ئەم هۆیە ئێوە 3 ساڵ لەمەوبەر لەدیمانەیەکی (العربیە) دا گوتتان دەتانەوێ لەشکرێکی بەرگریی کوردستانی دروستبکەن؟
سەرۆکی کوردستان: من نەمگوت لەشکر، من گوتم پێشمەرگە بەپێی دەستوور هێزێکی یاسایی ودەستوورییەو پێویستە ئەوهێزانە یەکبخرێنەوە.

*ئەی چەک لەکوێ دێنن؟لەبودجەی عێراقەوە؟
سەرۆکی کوردستان: ناکۆکییەکە لێرەدایە تا ئێستا یەک دیناریش لەبودجەی عێراق بۆ پێشمەرگە سەرف نەکراوە، بەڵکو لەبودجەی هەرێمەوە.

*بودجەی هەرێم لەکوێوە دێ؟
سەرۆکی کوردستان: لەبەشی هەرێم لەداهاتی گشتیی عێراق کە ڕێژەی له‌ سه‌دا 17 یە،بودجەی هەرێمیش لەنەوتی کەرکووک وکێڵگەکانی دیکەی نەوتەوە دێت کەزۆربەیان لەکوردستانن هەروەها لەباشووریش وەکو ڕێککەوتووین نەوتی عێراق بۆ هەموو عێراقە و کەس منەتمان لەسەرناکات. لەماوەی ڕابردووشدا لەکوردستان گەیشتینە ئەو ڕادەیەی ڕۆژانە 100 هەزار بەرمیلی نەوت لەکوردستاندا بچێتە دەرەوە داهاتەکەش بۆ خەزێنەی دەوڵەت دەچێ.

*پێتانوایە لەماوەی ئایندەدا قەیرانێک لەمبارەیەوە دروست ببێت دەربارەی نەوتی کەرکووک، وناوچەکانی دیکەو کۆمپانیاکانی نەوت، بۆنممونە ئێران زۆر بەشێوەیەکی ئاسایی دێتە ژوورەوەو ئاڵای خۆی دادەنێت؟
سەرۆکی کوردستان: ئەو گرفتە لەکەرکووک ولەهەرێمی کوردستاندا نییە بەڵام ئێمە لەدژی ئەو تەدەخول وزێدەڕۆییەن لەلایەن ئێران وهەر دەوڵەتێکی دیکە.

*چۆن دەتوانن وابکەن لەکاتێکدا ئێوە لێرەن وپەیوەندیتان تەنها لەگەڵ شیعەدا باشە؟
سەرۆکی کوردستان: بابەڕاشکاوی قسە بکەین، تائێستا هیچ بەرپرسێکی شیعە قسەی لەدژی ماف وبەرژەوەندیی گەلی کوردی نەکردووە دەیەها کەس لەوانەی خۆیان بەنوێنەرانی برایانی سوننە دادەنێن بەبێ دوودڵی کوردیان تۆمەتبار کردووە و لەدژی هەر ویستێکی کورد وەستاون دەتوانن پرسیار لەهەر تاکێکی شەقامی کوردی بکەیت هەمان وەڵامت دەداتەوە.

*بەڵام عەللاوی ئەمڕۆ هاوپەیمانی لەگەڵە لەوانەی باسیان دەکەیت لەکاتێکدا هەڤاڵ وهاوپەیمانە لەگەڵ ئێوە بەڵام من سەیرم پێدێت ئایا پێتان یاش نییە لەوانە نزێک ببنەوە تا ئەو ببێتە ناوبژیکار لەنێوانتاندا؟
سەرۆکی کوردستان: ئەوان نوێنەری هەموو سوننە نین، عەشیرەتی عەرەبی هەن پەیوەندیی مێژووییمان لەگەڵیاندا هەیە و لەسنووری هەرێمی کوردستان دادەنیشن و دەتوانی بچیتە لایان وبیانبینی تەنانەت لەهەڵبژاردندا دەنگیان بەکورد دا ودەنگیان بەعەرەب نەدا. کەسایەتیی زۆر بەڕێزی عەرەبی سوننە هەن پاڵپشتیی گەلی کورد دەکەن وپەیوەندیی باشمان لەگەڵیاندا هەیە.

*ئەی لەبەرچی لەگۆڕەپانی سیاسیدا نین؟
سەرۆکی کوردستان: بەڵێ هەن بۆ نموونە د.ڕافیع عیساوی کەسایەتییەکی زۆر بەڕێزە، هەروەها د.ئەیاد سامەڕایی ئەوە جگە لەعەشیرەتەکانی جبوور کەپەیوەندیی مێژووییمان لەگەڵیاندا هەیە بەڵام کەسانێک هەن دژایەتیی کورد دەکەن ئەوان تەنانەت خزمەت بەعەرەبیش ناکەن.

*بەڕێز بارزانی لەسلێمانی لیستی گۆڕان بەسەرۆکایەتیی نەوشیروان مستەفا قاعیدەی بارودۆخی سیاسیی شکاند بەڵام لەهەولێر ئەم شتە نەبوو لەبەرچی؟
سەرۆکی کوردستان: ئەوان سەنگیان لە سلێمانییە.

*بەڵام دەگوترێ بارزانی لێرەدا دەسەڵاتی گرتۆتە دەست و واقیعی عەشایەری یارمەتیی ئەو شتەی دەدات ئایا ئێوە لەگەڵ ئەو قسەیە دان؟
سەرۆکی کوردستان: هەڵبژاردن بەڕێگایەکی دیموکراسی وئازاد دەبێت خەڵک لەهەڵبژاردنی خۆی ئازادە.

*بەڵام ڕکابەرت نییە؟
سەرۆکی کوردستان: بەڵێ هەبوو لەهەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕکابەرم لەگەڵ هەبوون.3 یان 4 بوون.

*واباس دەکرێ پێشخستنێکی بەپەلە بۆ هەولێر هەیە لەشارۆچکەیەک بۆ پایتەخت بۆ شارێکی گەورە بەڕای ئێوە ئەو پێشکەوتنە باشە و بۆ خێراتر نییە؟
سەرۆکی کوردستان: وڵاتی ئێمە بەیەکجار ڕووخابوو ئەوەش بۆ ئێمە سەرەتایە.

*بەڵام باسی بیروکراتییەتیش دەکرێ لەوەبەرهێناندا؟
سەرۆکی کوردستان: هەموو شتێک یۆئێمە تازەیە وئێمە پێویستیمان بە شارەزایی هەیە، ئێمە ناڵێین بارودۆخی ئێمە نموونەییە. بەڵێ کەموکوڕی هەن بەڵام ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی بەرەو ئایندەیەکی باشتر بڕۆین.

*لەکۆتایی دیمانەکەدا بەڕێز بارزانی ئایا ئێوە بە ئایندەی عێراق دوای ڕاوێژکاری وگفتوگۆ گەشبینن یانیش قەیرانێکی گەورەی سیاسی لەئارادایە؟
سەرۆکی کوردستان: من گەشبینم بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێشبینیی ئەوە دەکەم پرۆسەکە ئاسان نییە، بەڵکو زەحمەتە.

*تەگەرەکان چین؟
سەرۆکی کوردستان: تەگەرەکان زۆرن یەک ناتوانێ لەیەک تەگەرەدا کۆی بکاتەوە.

*بەڵام ئایا ئەو تەگەرانە دەرکیی هەرێمین یانیش کەسانی تایبەت بۆ نموونە؟
سەرۆکی کوردستان: تەدەخول وبەرژەوەندی وحزب هەن، دەستێوەردانی هەرێمی هەیەو هەستیاری هەیە.

*بەڵام ئەمڕۆ جگە لەئایاد عەللاوی و نووری مالیکی ناوی دیکەش دێنە ئارا وەکو جەعفەر ئەلسەدر وهی دیکە ئایا ئێوە لەگەڵ ئەو ناوانەدان؟
سەرۆکی کوردستان: ئێمە ئێستا هیچ کاندیدێکی دیاریکراومان نییە بەڵام لەماوەی ئایندەدا ئێمە داخیلی گفتوگۆی جیددی دەبین بەهەموو وردەکارییەکەوە وهەوڵدەدەین بگەینە ڕێککەوتن بۆ کاندیدێک.

*زانیاریتان دەربارەی کشانەوەی مالیکی چییە لەپۆستەکەی تەنانەت لەلیستەکەیدا لەحزبی دەعوەش کەسانێک هەن دەڵێن گرفت نییە مالیکی دەکشێتەوە هەندێکیش پێچەوانەی ئەو قسانە دەکەن زانیاریی ئێوە چییە لەمبارەیەوە؟
سەرۆکی کوردستان: ئێمەش هەمان شتمان بیست وپەیوەندیمان لەگەڵیاندا هەیە بەڵام وەک دەیزانین تائێستا مالیکی کاندیدی حزبی دەعوەیە.

*ئایا گۆڕانی هەڵوێست لە حزبی دەعوە لەئارادایە؟
سەرۆکی کوردستان: ئەگەر هەشبێ پێموانییە بەدیلیان بۆ مالیکی هەبێ.

*دەکرێ سەدرییەکان لەدژی مالیکی لەگەڵ عەللاوی بن تا مالیکی نەبێتەوە سەرۆک وەزیران؟
سەرۆکی کوردستان: پرسیارەکەت زەحمەتە و ناتوانم وەڵامی بدەمەوە.

*تۆ سیاسیەتمەدارێکی شارەزایت و دەتوانی ئەو بارودۆخە شیبکەیتەوە.

سەرۆکی کوردستان: من دەزانم سەدرییەکان هەستیارییان بەرامبەر مالیکییەوە هەیە بەڵام گەیشتن بەڕێککەوتن لەگەڵ مالیکی بەدوور نازانم واتا لەنێوان دەوڵەتی یاساو ئیئتیلافی نیشتیمانی ئێستاش کاتی ماوە قسە لەسەر ئەم شتە بکرێ.

*بە یەك وشە چ بە کوردو بە عێراقییان دەڵێیت؟
سەرۆکی کوردستان: هیوای ئایندەیەکی گەش و دڵخۆشی بۆ کوردو هەموو عێراقییان دەخوازم، بۆکورد داوایام لێدەکەم ڕیزەکانیان یەکبخەن وبەیەک ئەجەنداو یەک هەڵوێست و یەک دیدگا بچنە بەغدا. بۆ عێراقییانیش بابەرژەوەندیی عێراق لەسەرووی هەموو بەرژەوەندییەکان بێت وڕێگە نەدەین دەستێوەردانی ئیقلیمی لەجیاتی عێراقییان بڕیار بدات وڕەتیبکەینەوە.من لەگەڵ باشترین پەیوەندیی دراوسێتیم لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ بەڵام ئەگەر دەوڵەتێک بێت ودەست لەبڕیاری عێراقی وەربدات لەجیاتی عێراقییان من لەوکەسانەم کەبەشێوەیەکی ڕەها لەدژی ئەو مەسەلەیە دەوەستم.

*باسی ئێران دەکەیت؟
سەرۆکی کوردستان: ئێران و هەموو دەوڵەتان بەبێ جیاوازی، بەڵی راوێژیان لەگەڵدا دەکەین و رایان وەردەگرین، بەڵام پێویستە عێراقییان بڕیار بدەن.

*بڕیاری دروست بە رای تۆ لەلایەن ئەو لیستانەوە چییە؟
سەرۆکی کوردستان: ئەو 4 لیستە ڕاوێژ دەکەن ولەسەر یەك کاندید رێکدەکەون وحکوومەتی یەکێتیی نیشتیمانی دادەمەزرێ.

*بە یەك وشە چی بە عەره‌ب دەڵێت؟
سەرۆکی کوردستان: بفەرموون سەردانی کوردستان بکەن و راستیی بارودۆخ ببینن و گوێ مەگرن لەو پڕۆپاگەندانەی لە دژی کورد دەگوترێن.

  • email Email to a friend
  • print چاپی بکه‌

Website counter
Copyright © 2007- Kurdistan Democratic Party / Second branche/designed by Rashid Botani