ئاسۆ عەلی فەرەج
پێش هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردنیش ئەم پرسیارە لەسەر ئاستی تاک یاخود هێز و گرووپ و لایەن و میدیاکانیشەوە پرسیارێک بووە تاڕادەیەک وەڵامەکەی روون نەبووەتەوە، ئەمەش بۆ هەندێک هێز و لایەنی بەشدار بووی پرۆسەکە دەگەڕێتەوە هێشتا بڕیاریانەداوە چۆن دەچنە بەغدا.
سەرۆک مسعود بارزانی سەرۆکی کوردستان لە چەندین پەیامیدا بۆ هەموو لایەکی روونکردەوە لە بەغدا کورد پێویستی بەیەک گوتاری و یەک دەنگی هەیە بەتایبەتی لە پرسە نەتەوەیی و ستراتیژییەکانی تایبەت بە کورد لەم ئێراقە نوێیەدا، پەیامەکە خواستی لایەک نەبوو ئەوەندەی خواستێکی گشتی کورد بووە، بەڵام لە هەڵبژاردندا ئەم پرسە تاڕادەیەک نەچووە سەر سکەی خۆی و ترسێکی لای خەڵک دروستکرد، ئاخۆ هەموومان یەک دەنگ دەبین یاخود نا، ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت ئیدی هەریەکە و بە ئامانج و کۆمەڵێک ئەجێندا و بە رێتم و ئاوازی جیاوازەوە جانتاکان پڕ دەکەن و بەرەو بەغدا بەرێدەکەون، چونکە چوون بەرەو بەغدا و کورد لە نێو ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراق و بەشداریکردن لە حکوومەتی ئایندەی ئەم وڵاتە پەیوەندی بە کۆمەڵێک پرسی بچووکەوە نییە، بەڵکو چون بۆ بەغدا، چوونە بۆ شەڕێکی دەستووری و نەتەوەیی، چون بۆ بەغدا وەک چوونی نێو پەرلەمانی کوردستان نییە، بەڵکو ئەمە پەیوەندی بە ئایندە و چارەنووسی میللەت و نەتەوەیەکەوە هەیە لەسەر ئاستی ئێراق.
وا بە چەند لیست و بەهاوپەیمانییەکی بەهێزەوە کورد بەشداریەکی زۆر فراوانی پرۆسەی هەڵبژاردنی گشتی ئێراق کرد، گەرموگوڕی هەڵمەتی بانگەشەیش نەبووە هۆکاری خوانەخواستە شەڕێکی نەخواستراو، ئەمەیان زۆر گرنگ بوو، چونکە دەلەلاتی خەمخۆری و هۆشیار وتێگەیشتنی تاک بوو بۆ پرۆسەیەکی مەدەنیانە و دیموکراسیانە. ئەنجامە بەرائییەکانیش ئاماژەی روونیان تێدایە، بەڵام هەموویان دەچنەوە سەر هەمان پرسیارەکە و شەقامی کوردی و میدیا و چاودێرانی سیاسیش دەپرسنەوە کورد چۆن دەڕواتەوە بەغدا؟
هەموو تاکێکی ئەم کۆمەڵگایە چاوی لەوەیە کورد لە بەغدا هێز بێت، هەرگیز کورد بیر لەوە ناکاتەوە کورد لە بەغدا پەرتوبڵاوبن و لەریەکە لە ئاوازێک بخوێنێت و پرسە گرنگەکانی تایبەت بە چارەنووسی کورد و ئایندەی ئەم نەتەوەیە بچووک بکرێتەوە بۆ ناکۆکیەکانی ناو هەرێمی کوردستان، هەر لەم پێناوەشدا بووە کورد بەم رێژە بەرچاوە و بەم حەماسەتە گەرمەوە بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردنی کردووە و متمانەی بە هێز و لیستەکان داوە، کەواتە مادامەکێ چارەنووسی نەتەوەیەک دەخرێتە بەردەم ویژدانی ئەم لیست و هێز و نوێنەرانەی کورد، دەبێت بە قەدەر ئەم متمانەیە لە ئاست ئەو بەڵێنەدا بن کە بە بەرێز مسعود بارزانی سەرۆکی کوردستانتاندا بۆ ئەوەی چوار ساڵی نوێنەرایەتیان لە بەغدا لە هەمبەر پرسە نەتەوەیی و نیشتمانیەکانی کورد یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بن و ئەو شەڕە بکەن مافی کورد و بەرژەوەندییەکانی نەکەوێتە مەترسییەوە.
aso_ali2003@yahoo.com