ـــ خەڵکى بەشەرەفى کوردستان
ـــ هاوڵاتیانى خۆشەویستى شارى هەولێر
هەموو ساڵێک خەڵکى کوردستان لە مانگى ئاداردا، ئامادەسازن بۆ پێشوازیکردن لە یادەوەرییەکانى راپەڕین و تەواوى سەرکەوتنەکانى گەلەکەمان کە لە رابردوو لەم مانگەدا بە خوێنى شەهیدان و خەبات و قوربانیدانى پێشمەرگەکانى کوردستان تۆمارکراون، بۆ ئەم مەبەستەش خەڵکى کوردستان لە تەواوى شاروشارۆچکەکاندا تۆمارنامەى رۆژانى راپەڕین و رۆژانى رزگارى و سەرکەوتنەکان بەرزو پیرۆز رادەگرن و بە ئاهەنگ و خۆشییەوە پێشوازى لێدەکەن.
هەولێرى قەڵاو منارەش لە 11ى ئاداردا، دوو مەدالیاى شانازى سەرکەتن بەیەخەى خۆى هەڵدەواسێ و جیا لە شارو شارۆچکەکانى تر، لە 11ى ئادار، یادى دوو سەرکەوتنى مەزن دەکاتەوە.
سەرکەوتنى یەکەم یادى رێکەوتنامەى 11ى ئادارى ساڵى 1970یە کە گەلەکەمان لە سایەى شۆڕشى مەزنى ئەیلول و سەرۆکایەتى بارزانى نەمر توانى رژێمى ئەوساى بەغدا ناچار بکات دان بە مافى رەواى گەلەکەمان لە چوارچێوەى ئۆتۆنۆمى بۆ کوردستان دابنێ. ئەو سەرکەوتنە دەسکەوتێکى مەزنى مێژوویى بوو کە ئەو کاتە بزوتنەوەى سیاسى گەلەکەمانى بردە قۆناغێکى تازەو بەهێز.
راپەرینیش وەک ئەنجامێکى ئاسایى زوڵم و زۆردارى رژێم دەرهەق بە گەلەکەمان سەیر دەکرێت، ئەو زوڵم و زۆردارییەى کە بریتى بوو لە پرۆسەکانى گرتن و کوشتن و لە سێدارەدان و وێرانکردنى لادێکان و زەوتکردنى سەرەتاییترین مافەکانى ژیان، پاشان بە ئەنفال و کیمیابارانکردن، زوڵم و زۆردارى گەیشتە چڵەپۆپەى دڕندەیى و وەحشیگەریانە بەرامبەر بە خەڵکى بێ تاوانى کوردستان.
هەموو ئەو بارودۆخانە دواى چەندین ساڵ خەبات و شۆڕشى بەردەوام، زەمینەیەکى لە بارى ناوەکى و دەرەکى رەخساند بۆ ئەوى خەڵکى کوردستان بە پاڵپشتى هێزى پێشمەرگەى بەرەى کوردستانى رق و کینەى خۆیان بەرامبەر بە دەسەڵاتى ستەمکارى سەدام بتەقێننەوە. ئەوەبوو لە مانگى ئادارى ساڵى 1991 دا تەنها لە ماوەى کەمتر لە بیست رۆژ بڵێسەى راپەڕین سەرتاسەرى کوردستانى گرتەوەو سەرەنجام تەواوى شاروشارۆچکەکان، بە کەرکوکى دڵى کوردستانیشەوە تاراى سەرکەوتنیان پۆشى.
ئێمە کە یادى هەردوو سەرکەوتنى 11ى ئادار دەکەینەوە، وەک لقى دووى پارتى دیموکراتى کوردستان، وێڕاى پیرۆزبایى گەرممان بۆ خەڵکى کوردستان بە گشتى و خەڵکى خۆشەویستى هەولێر بەتایبەتى، کە 7/ 3 دا کەرنەڤاڵى سەرکەوتنێکى شارستانى مەزنیان لە مێژوو تۆمار کرد، ئەوا موژدەى سەرکەوتنى گەلى کوردستان لە پرۆسەى هەڵبژاردنى نوێنەرایەتى بۆ پەرلەمانى عێراق رادەگەیەنین و پیرۆزباییەکى گەرم ئاراستەى هەموو لایەک دەکەین، هەروەها سەرکەوتنى زۆربەى کاندیدەکانى پارتیمان لەم هەڵبژاردنەدا دەستکەوتێکى ترەو دەچێتە پاڵ سەرکەوتنەکانى تر. بۆیە پیرۆزبایى لەخۆمان و گەلى کوردستان دەکەین و بە هیواین نوێنەرانى خەڵکى کوردستان لە چوار ساڵى ئایندە بتوانن مافە بەدەستهاتووەکان بپارێزن و مافە بەدەست نەهاتووەکانیش بۆ خەڵکى کوردستان بەدەست بێنن.
هەر لێرەوە بە بۆنەى ئەو هەموو یادو سەرکەتنانە کە گشتى بەرهەمى خوێنى شەهیدانە، سەرى رێزو نەوازش بۆ گیانى پاکى شەهیدانى کوردستان بە گشتى و شەهیدانى راپەڕینى شارى هەولێر نەوى دەکەین و بەڵێنیش دووپات دەکەینەوە کە رۆڵەیەکى دڵسۆزى گەلەکەمان دەبین و هەردەمیش لە خزمەتى خەڵکى هەژارو کەمدەرامەت و تەواوى هاوڵاتیانى شارەکامان بین، بە تایبەتیش کەس و کارى شەهیدان و ئەنفالکراوەکان و پێشمەرگە دێرین و پەککەوتەکان و قوربانیانى رێگاى رزگارى کوردستان.
ـــ سلاًَو لە گیانى بەرزەفڕى شەهیدانى راپەڕینى هەوڵێرو تەواوى شەهیدانى کوردستان.
ـــ سڵاو لە خۆڕاگرى خەڵکى قەڵاو منارە.
ـــ بەرزو پیرۆز بێ 11ى ئادار رۆژى راپەڕین و رزگارى شارى هەولێر.
ـــ روڕەشى و شکان بۆ دوژمنانى گەلى کوردستان.
پارتى دیمکراتى کوردستان
لقى دوو
11ى ئادرى 2010 هەولێر