|

04 ئازار, 2010 [ 09:08 ]
سەیرتان دەکەم، زیاتر لەوەی خۆتان بزانن چین؟ ئەگەر پێتانوایە چاوی کۆمەڵگە نزمە لە ئاستی ئێوە، بزانن هەڵەن. گەورەترن لەوەی کەس بە کەمدەسەڵات و بێ توانا لە جەستە باستان بکات، دەزانن بۆ، چونکە ئێوە بەرهەمی سەنگەرن، سەنگەری کوردستان، ئەو سەنگەرەی شەڕەفی بە هەموو کەس نابڕێت، بەڵام ئێوە بڕیتان و داهاتووتان بۆ خۆتان تێدا تۆمار کرد. تۆم بینی هاتی، ئاسایی نەبووی، ڕۆیشتنت وەک من نەبوو، زانیم ڕابردووشت وەک من نییە. تۆ، بە جەستە بەرەو پیلی نیشتمان ڕۆیشتووی و بە خوێن وڵاتت نەخشاندووە. بینیمی، خۆت جیهانت بۆ خۆت خوڵقاند و جوانی نیشتمانت زۆر لا گرینگتر بوو لە جوانی جەستەت. ئامادەبووی پێیەکانت لەدەست بدەیت، بەڵام خاک و نەتەوەکەت لەسەر پێ ڕاوەستاو بن. ئەگەر لە چاو کەمئەندامن، دڵگران مەبن، چون کوردستانێکتان هەیە کە هەموو ڕەنگێکی تێدا و جوان و پڕگوڵە، بەڵام خۆزگە ڕووناهی چاوتان ئێوارە پیاسەی کوڕ و کچانی کوردی دەبینی کە پاش ئاوابوونی خۆری بینینی ئێوە، بەسەر شەقامەکانی شاردا دەسووڕێنەوە. ئەگەر لە بیستن بێ بەشن، دڵنیاتان دەکەمەوە کە کوردستانێکتان جێهێشتووە ئارام و بێدەنگ و سەقامگیرە. بەڵام خۆزیام دەخواست، گوێبیستی دەنگی خۆشی گۆرانی کیژان و کوڕانی گووندەکانی کوردستان دەبوون کە بە یەکەوە سروودی "خوایە وەتەن ئاوا کەی" دەڵێنەوە، لەو گووندانە کە ئێوە تێیدا دەیان شەو و ڕۆژتان بەیەک گەیاندووەتەوە و شەوتان کرد بە هی دوژمن و ڕۆژتان بۆ کورد بەدیاری نارد و لە سەر ئاڵا سوور و سپی و کەسکەکەتان چەسپاند و خستانە پشت سەری مێژوو. ئەگەر لە دەست بێبەشن، نەکەن دڵگران بن، ئەو دەستانەی ئێوە شتێکیان تۆمار کرد، کە زۆربەی دەستەکانی ئەمڕۆ پێیان ناکرێت و تەنانەت کەمتر دەست هەیە بۆشی بنووسرێتەوە. ئەو دەستەی ڕۆژانێک بەرامبەر تیری ناحەز تیری وەشاند، ئەو دەستەی ڕوومەتی دوژمنی تەزاند، ئەرکی خۆی بردە سەر، ئیتر ئەمڕۆ پێویست ناکات خەمی نەبوونی لە دڵدا هەڵبگری. ناتوانم بە کەمئەندام ناوتان بهێنم، بۆیە پێتان دەڵێم، ڕۆژی جیهانیتان پیرۆز بێت ئەی ئەوانەی لە ..پێناو خاک و نیشتمان و گەلدا، پێش چوونی خۆتان، بەشێک لە جەستەتان بۆ خواکەتان ناردەوە.
|