|

08 شوبات, 2010 [ 10:50 ]
مەسعودى مەلا هەمزە وا بڕیارە لە رۆژی ڤالانتایندا و بۆ پرۆژەى بە نەتەوەییکردنى سێوى مێخەکڕێژ گۆڤارى تاوى فۆتۆگرافی فایلێکى تایبەت بەو پرۆژەیە دەربکەن. پرۆژەى بە نەتەوەییکردنى سێوى مێخەکڕێژ کە لە 14/2/2010 لە زیاتر لە 40 شار و شارۆچکە بەڕێوەدەچێ گۆڤارى تاو فایلێکى تایبەت بەو پرۆژەیە دەربکەن. لەمبارەیەوە سۆنیا سدیق سەرنووسەرى گۆڤارى تاو گوتى: لە سەرەتادا وابڕیاربوو ئێمە ئەو ژمارەیە تایبەت بکەین بەو پرۆژەیە، بەڵام دواتر کە بیرمان کردەوە و لەبەرئەوەى بەشی زۆری فۆتۆکان لە ژمارەکانى پێشووى گۆڤارەکەمان بڵاوببوونەوە، بۆیە نەدەکرا فۆتۆکان دووبارە بڵاوبکەینەوە، بۆیە بڕیارماندا لەو ژمارەیەى کە لەو رۆژدا دەردەچێ فایلێکى تایبەت بەو پرۆژەیەو بەو رۆژە ئامادەبکەین و ئەو فۆتۆیانەى پێشتر لاى ئێمە بڵاونەبوونەتەوە بڵاویان بکەینەوە لەگەڵ ئەو 3 فۆتۆیەى کە وەکو باشترین سێ فۆتۆ لە پێشبڕکێکى فۆتۆکان ئەنجامیان بەدەست هێناوە. هەروەها سەیوان سەعیدیانیش گوتى: گۆڤارى تاو هاوکارێکى سەرەکى بەشى فۆتۆگرافى پرۆژەکە بوون و سپاس و رێزی خۆمیان ئاراستە دەکەم. بە پێشنیارى ئەو بەرێزانە بریارى کردنەوەى فایلێک تایبەت بەو پرۆژەیە درا و بە هۆى هاوتەریب بوونى لەگەڵ ئامانجى پرۆژەکە پیشوازى بڕیارەکە کرا. خۆشەویستى و ئاشتى دوو فاکتەرى سەرەکى بۆ پێشڤەچوونى کۆمەڵگایەکى تەندروستن. هیوادارم هەموومان بۆ گەیشتن و چێکردنى ژیانێکى مرۆڤانە و دوور لە توندوتیژى شانبەشانى یەکدى تێبکۆشین. بە تایبەت ئەو کەسانەى لە بوارى جوانیناسیدا کار دەکەن.
|