گه‌ڕانه‌وه

هەولێر و واشنتۆن بەدوای کام ئێراقدا دەگەڕێن؟
 

image

  • email Email to a friend
  • print چاپی بکه‌
28 کانوونی دووه‌م, 2010 [ 07:47 ]

ئاسۆ عەلی فەرەج


پێش ئەوەی ئەمەریکا بڕیاری یەکلایی خۆی لەبارەی رووخانی رژێمی پێشووی ئێراق بدات، پەیوەندی هەولێر و واشنتۆن پەیوەندییەکی قوڵ نەبوو، بەڵکو پەیوەندییەک بوو هیچ تروسکایەکی تێدا نەبوو، لەگەڵ ئەمەشدا کورد ئومێدی هەبوو ئەم پەیوەندییە رۆژێک دادێت لە ئاستێکی باڵاتر و بە بنکەیەکی فراوانتر لەگەڵ واشنتۆن جموجۆڵی تێ بخات و بەرژەوەندییەکانیان بەیەک ئاراستەیش نەبێت گرێبدەن و بنەمایەکی دیکەی پەیوەندییەکان دڕێژنەوە، کورد دەیزانی یا بەرچاو روونی هەبوو رۆژێک دێت لە چوارچێوەی ئێراق و ناوچەکەدا ئەمەریکا زلهێز پەنا دەبات بۆ گرێدانی کۆمەڵێک بەرژەوەندی هاوبەش و کاری هاوبەش پێکەوە، بڕیاری رووخانی رژێم دەسپێکی گرنگی پەیوەندییەکە بوو، هاوکاری کورد لە ئێراق بۆ ئەمەریکا سەکۆیەکی باشتری رەخساند بۆ ئەوەی ئەمەریکا بەجیدی بیر لە کورد بکاتەوە وەک فاکتەرێکی گرنگ لە ئێراق، چونکە ئەوان(ئەمەریکا)دەیانزانی ئێراق بە هۆی پێکهاتە نەتەوەیی و مەزهەبیە ئاڵۆزەکەیەوە رۆژێک دێت لە قەیرانێکدا گیرۆدە بێت، بۆیە بەشێواز و سیاسەتی جۆراروجۆر مامەڵەکەی لەگەڵ هەولێر دەستپێکرد، ئەگەرچی هەولێر روونتر و راشکاوانەتر هاتەپێشەوە، بەڵام سەرەتاییەکی بچووک لەلایەن ئەمەریکاوە بینرا، ئەویش لەسەردەمی حاکمیەتی مەدەنیی و دواتر لە کێشمەکێشمی دەستوور.


وا دەبینرێت بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ئێراق و نزیکبوونەوەی وادەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و هاتنە پێشەوەی تاقیکردنەوەیەکی دیکەی ئێراقیەکان لە رێگای هەڵبژاردنەوە ئەمەریکا جارێکی دیکە دەکەوێتە ناو قەیرانی ئاڵۆزی ئێراق و ناوچەکەوە، یەمەن و حوسییەکان سەرئێشەیەکی دیکەی بۆ ئەمەریکا لە ناوچەکە دروستکردەوە، وێڕای ئەفغانستانی لانکەی قاعیدە، بۆیە ئەمەریکا پەلەقاژەی کۆڵەکەکەی هاتە پێش ئەویش پرۆسەکەیە لە ئێراق، ئەو پرۆسەیەی ناتوانرێت پێشبینی ئەوتۆی لێچاوەڕوان بکرێ، کە ئایا حکوومەتی ئایندەی ئێراق ئەو حکوومەتە دەبێت ئەمەریکا خوازیاریەتی؟ ئایا حکوومەتی ئایندە و نەخشەی سیاسی نوێ لە بەرژەوەندی ئەمەریکا دەبێت یاخود دیسانەوە پەلکێشی دەکات بۆ چوارچێوەی دیکەی ئاڵۆزی؟ چونکە چاودێرانی سیاسی ناوچەکە و خودی ئەمەریکاش دڵنیاین لەوەی بەغدا و هەولێر نەگەنە چارەسەرێکی دەستووری ئەوا پشێوی یاخود خولێکی دیکەی ناکۆکی سەختر روودەدات و وەزیفەی ئەمەریکا قورستر دەکات، ئەمەش لە ساتەوەختی پەسەندکردنی پرۆژەیاسایی هەڵبژاردنی 2010ەوە وەک گڵۆپێکی سوور هاتە پێش کاروانەکەی ئەمەریکا و مانۆڕە دیپلۆماسیەکانی ئەمەریکاش لە نێوان هەولێر و بەغدا دەلالەتێکی روونن، کە ئەمەریکا و هەولێر بەدوای ئێراقێکەوەن زەمانەتی تێدا بێت، چ بۆ کورد کە داوای جێبەجێکردن و پیادەکردنی دەستووری هەمیشەیی ئێراق دەکەن بۆ ئەوەی ناکۆکیەکان رێچکەی دیکە نەگرێت و لە سایەی دەستورێک و تەوافوقێکی سیاسی رێگری بکەن لە هەر ئەگەرێک کە مایەی دروستبوونی ناکۆکی بێت، خودی ئەمەریکاش دەیەوێ ئێراقێ بەجێبهێڵێت گونجاوبێت و شەرعیەتی داگیکردنەکەی لە سەر ئاستی ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەدۆڕێنێت و نەبێتە عەیبەیەکی دیکە بەسەر سیاسەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە و لە هەمانکاتیشدا دەستی وڵاتانی ئیقلیمی ببڕێت کە لە ئەنجامی ناکۆکیەکاندا رۆڵی خۆیان دۆزیەتەوە.


لەم هەفتەی رابردوو هەموو میدیاکان و ناوەندەکانی راگەیاندن و سیاسی بینیان سەرۆک ئۆمابا و سەرۆکی کوردستان سەرۆک بارزانی و شاندە یاوەرەکەی چەند بە چڕی و وردییەوە لە ئایندەی هەولێر و بەغدا کۆبوونەوەیان بە ئەنجامگەیاند و گوتەبێژ و بەرپرسانی هەردوو لایان جەختیان لەسەر پرسی چارەسەری کێشەکان کردەوە بەرێگای دەستووری و بوونی زەمانەت، کەواتە ئێرە وێستگەیەکی دیکەی گەڕانەکەی هەولێر و واشنتۆنە بەدوای ئێراقێکی دیموکراسی و فیدراڵی و رێزگرتن لە بوونی نەتەوە و پرەنسیپەکانی رێککەوتن لەسەر ئێراقی هەمووان.
aso_ali2003@yahoo.com

  • email Email to a friend
  • print چاپی بکه‌

Website counter
Copyright © 2007- Kurdistan Democratic Party / Second branche/designed by Rashid Botani