گه‌ڕانه‌وه

هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەرانى عیراقی فیدرال ویستگەیەکى هەستیارە بۆ ئایندەمان
 

image

  • email Email to a friend
  • print چاپی بکه‌
27 کانوونی دووه‌م, 2010 [ 08:41 ]

لەنجە دزەیی : لە رۆشنایی نزیک بوونەوە و خۆئامادەکردن بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانی عیراقی فیدرال و دەست کردن بە پروپاگەندە وکێبرکى بانگشەکردن بۆ ئەم هەڵبژاردنانە کە لە سەرتاسەرى عیراقی فیدرال وهەرێمى کوردستانیش وەک بەشێکى گرنگ وکاریگەر لەم پرۆسە سیاسیەدا هەڵبژاردن بۆتە جێى سەرنج وبایەخ پێ دانمان کە ماوەیەکە لەناو جم وجولێکى زۆرو کێشەو تەنگژەى سیاسی و یاسایی داین، ماوەیەک بەر لە ئێستا خاوەن بریارەکان توانیان بگەنە دارشتنى یاساى ئەم هەڵبژاردنە ولاى هەموومان ئاشکرایە کە روڵى کاریگەرى جەنابى سەرۆک بارزانى کە هەڵویستى نیشتمانى و نەتەوەیی دووپات کرد کە پێ داگیرى کرد لەسەر پاراستنى رێژەى کورسیەکانى کوردستان، رۆڵى هاوپەیمانى کوردستان  لە دەرکردنى ئەم یاسایە و گرنگیدان بە هاوسەنگى سیاسی بە پێى پێکهاتە جیاجیاکان بەو شێوەی تارادەیکى باش لە بەرچاوگرتنى دادپەروەرى زۆر گرنگ بوو، لە رەوانگەى ئەوەى کە ئەم هەڵبژاردنە دەبێتە پارسەنگێکى راستەقینە بۆ تاقیکردنەوەى سەربەخۆیی هەڵبژاردن و دەربڕینى بیروبۆچوونى سەربەست، ئەم کارە ئاسان نەبوو بەپێى ئەو بارە نوێیەو راو بۆچوونە جیاوازانەى کە ئەمرۆ تیایدا دەژین.

   پرۆسەى هەڵبژاردنى دیموکراسی لە عیراقى فیدرال پرۆسەیەکى بەتەمەن بچوکە، ئەمە سێیەمین پرۆسەیە لەم شێوەیە پیادە دەکرێت، بەڵام لە هەرێمى کوردستان بەتەمەن تر و ئەزمونترە ئەمەش لە ئەنجامى رزگاربوونى لە ژێر دەسەڵاتى رژێمى بەعسى دکتاتۆرى روخاودا بە ماوەى چەند سالێک پێشتر لە ناوچەکانى ترى عیراقدا، بەهۆى گرنگى وهەستیارى پرۆسەى هەڵبژاردنەکان کە بریتیە لە یەکێک لە گۆڕانە مێژوویەکانى هەر ووڵاتێک و جەختکردنەوە لە بەردەوامى و پاراستنى دیموکراسى و مافی مرۆڤ، ئەویش بەرێزگرتن و جێبەجێکردنى  یاسا ورێساکان و دەستوورى ووڵات لەم بوارەوە، هەر بۆیە بەگرنگ دەزانرێت کە خەڵکانى خاوەن ئەزموون لەم پرۆسەیە بێت و شارەزایانى بوارەکانى سیاسی و یاسایی و کۆمەڵایەتى کە لە ئاستى ناوخۆ و نێودەوڵەتیدا سەربەخۆیی و هاوسەنگى بپارێزن و رێگرى هەموو سەرپێچییەک بن و نەیەڵن رووبدات، یاخود تواناى بەرەنگارى بوونەوەیان هەبێت، بەتایبەتى لە ناو ئەو هەموو دەست تێدوەردانە و ناهەقییەى کە دەکرێت چ لە ناوەوە چ لە ئاستى دەرەوە لە هەندێک ووڵات ولایەنى تر،

 بەهۆى ئەوەى دوژمنانى دیموکراسى بە هیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندیاندا نییە کە ئەم پرۆسە سیاسیە دیموکراسیە لە عیراقى فیدراڵى نوێى سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، لە مەترسى پەڕینەوەى ئەم پرۆسەیە بۆ لای دەسەڵاتیان و لەدەستدانى کورسى حوکمڕانی کە بەهیچ شێوەیەک ئامادە نین دەستبەردارى بن، هەتا ئەگەر باجەکەى قوربانى و رشتنى خوێنى زۆر لە هاوڵاتیانى بێتاوانى ووڵاتەکەشیان بێت.لێرەوە دەبێت هەست بە بایەخ و پێوستى پاڵپشتى کردنمان بکەین لە گرنگى و هەستیارى ئەم بارودۆخەى ئێستاو بەشداریکردنمان بەتایبەتى لە هەرێمى کوردستان، کە بەداخەوە نەک تەنها دەست تێوەردانى دەرەکی بەڵکو هەموومان دەزانین کە هەندێک لە پێکهاتە سیاسیەکان و لایەنى ناو عیراقى فیدرالیش لە رەگەزپەرست و شوفێنزمەکان کار بۆئەوە دەکەن کە رۆلى کورد بە هەموو شێوەیەک لاوازبکەن و رێگرى ئەم مافە دەستوریانەمان بن و بەرەواى نابێنن، بەڵکو ئەوەى هەشمانە تا لە توانایان دابێت کەمى بکەنەوە و لە دەستمان دەربێنن. بۆیە دەبێت رۆلى کاریگەرمان هەبێت لە بەرنگارەبوونەوە و بنبڕکردنى هەموو هزرێکى دیکتاتۆرى و رەگەزپەرستى نەتەوایەتى بە شێوازێکى ئاشتى خوازانەو دیموکراسى هاوچەرخ، ئەویش بە بەشداریکردنمان لە پرۆسەى هەڵبژاردن و دەنگدان بەو لیست و کاندیدانەى کە ئەتوانن خواست و ویستەکانمان بەشێوەیەکى لوژیکانە بێننەدی و هەموو مەرجە بابەتیەکانیان تیادا هەبێت،

بۆ ئەم مەبەستە لێرەدا پێشى دەستنیشانکردنى ئەم لیست و کەسانە پێوستە ئاماژە بەدیاریکردنى ئەو شێوە وبنەمایانە بدەین کە پێوستە تیایاندا هەبێت بۆ ئەوەى هەڵبژاردنى هاووڵاتى ووشیار و پۆزیتفانە بێت، هەر بۆیە ویستمان هەندێک شیکردنەوەى بابەتیانە بۆ ئەم پرسانە بگرینەبەر کە هەڵبژاردنى دیموکراسى و هاوبەشیى بەرپرسیارەتى جەختمان لێ دەکات بۆ ووردبوونەوە و دلسۆزى لە دیاریکردنى لیستەکان و کاندیدی نیشتمان پەروەرى بەتوانا کە پێوستە چۆن بێت؟لە بارەى پێناسەى یاسایی پرۆسەى هەڵبژاردن کە بریتیە لەو ماوە دیاریکراوە بۆ لیست و کاندیدەکان کە بەرنامەى خۆیان پێشکەش بە هاووڵاتیان بکەن بەشێوازێکى یاسایی هەمووشیان بە هاوسەنگى بەشدارى لەم کێبرکیەدا بکەن.  دەربارەى بەرنامەکان دەبێت دەستنیشانکردنێکى وورد و بابەتیانە و تەواوى هەموو ئەو کێشە وئاستەنگە سیاسی و یاسایى و کۆمەڵایەتیانەى تیادا بێت کە ئەمرۆ پیایدا دەڕۆین،

شان بەشانى پێشنیارکردنى چارەسەرى لوژیکیانە و لەبەرچاو گرتنی پێکهاتەى سیاسی و کۆمەڵایەتى و ریزگرتن لە هەموو یاساو رێسا ناخۆیی و نێودەوڵەتیەکان لە چوارچێوەى دەستورى دەوڵەتى عیراقى فیدرال کە مافى هەموو ئەم پێکهاتانەى تیادا بە هەموو نەتەوە و ئایین و مەزهەبەکانەوە دیاریکراوە لەسەر بنچینەى کە هەموویان عیراقین ویەکسانن لە هەموو مافە دەستوریەکان بەبێ هیچ جیاوازیەک، بۆیە پێوستە لیستەکان و کاندیدکراوەکان ئامانجیان بەر لە هەموو مەبەستێک ئارەزووى راستەقینەى خزمەتکردن و نوێنەرایەتى هاووڵاتیان و هەڵگرى خواست و ویستەکانى ئەوان بن و بە ئەمانەتەوە لەهەوڵى دابینکردن و هێنانەدى داواکاریەکانیان بن. پێش ئەوەى ماف و ئەرکەکانى کاندیکراو دیاری بکرێت ئەرکێکى وابەستەبوون بەرپرسیارەتیە لە چوارچێوەى دەست نیشان کردنى ئەویش ئەو پارتە سیاسیە کە ئەندامە تیایدا یاخود کاندیدیەتى کە هەموو قورسایی و هەڵبژاردنی کاندیکراوەکانى دەکەوێتە ئەستۆ و دەبێت لەبەر چاو بگرێت کە هەڵبژاردنەکان بریتیە لە تکنیکێکى سیاسی کە پێوستە بەکارى بهێنێت بۆ قەبوڵکردنى خەیارى دیموکراسى نەک ئیستغلالی بکات بۆ وێنە کێشانى دیموکراسیەتێکى رووکەش کە ئەمە هەردەم بوارێکى نالەبار دورست دەکات لە شێوازى  پەراوێزبوون و دوورکەوتنەوە لە بەشدایکردنى سیاسی، کە هیوادارین کاندیدکراوەکانى پارت ولیستەکان لە ئاستى ئەم کێبرکێیە توندو بەهێزە بن کە لە گۆرەپانی سیاسی ئەمڕۆماندا هەیە،

 ئەوەش بە پشت بەستن بەو پێوەرانەى لە سەر بنەمای زانستى وشارەزایی و ئەزمون دیاریکرابێت نەوەک لەسەر پەیرەوکردنى سیاسەتى پرکردنەوەى بۆشایی و رازیکردنى هۆز و خانەوادە و کەسایەتیەکان، ئێمە لە قۆناغێکین کە پێوستە کەسانێک دیاری بکەین  کە تواناى شەرى دبلوماسى و دایەلۆگى سیاسی و یاسایى وپەرەپێدانیان هەبێت، بۆیە پێوستە کاندیکراو ئەرکەکانى لە کاتى پرۆسەى هەڵبژرادن (تواناى بەهێزکردنى هەستى بە هاووڵاتیبون و نیشتمان پەروەرى لە نێو بازنە ئینتخابیەکەى خۆیی هەبێت کە ئەوەش پێوست بە خورەوشت و رۆشنبیریەکى بەرز دەکات کە لە ناخیەوە هەبێت، نەک دورستکراو بێت تاکو بتوانێت کونترولى ئالیەتى گەیاندن لە گەڵ هاووڵاتیان بکات کە گرنگتریان بریتیە لە دایالۆگى شارستناى بنیادنەر، رونکردنەوەى بەنارمەى هەڵبژاردنى بەدڵسۆزانە و روونیەوە، خاوەنى دڵێکى فراون بێت بۆ گوێى رایەڵکردن لە کێشە وڕەخنە و گلیەکان بەشداریان بکات بە راو پێشنیارى گونجاو و بۆ چارەسەرکردن، بەردەوام بوونى لە ناو جەماوەردا هەبێت نەک تەنها ئێستا بەڵکو رابردوویەکى باشى هەبووبێت لەم بابەتانە وسەرکەوتنیشی لەم بوارەدا پابەندە بە ئەزمون و هەڵقوڵانى لە ژینگەیەکى سیاسی کۆمەڵایەتى و حزبى و جەماوەرى دورست زۆر زیاتر لەوەى کە بە باری سیاسى و داراییەوە بەند بێت،

 بەگشتى رۆڵى کاندیکراو  لە داهێنانى بارێکى دیموکراسیی پاک دەبێت لەم پرۆسەیە کە ئەرکیەتى زۆر بە ووردى زانیارى تەواوى لە سەر ماف وبەرپرسیارەتیەکانى هەبێت کە لەسەرەتاى هەموو شتێک پابەندبونیەتى بە یاساى هەڵبژاردن و کاراکردنى لە رێگەى روونکردنەوە و نیشان دانى بەرنامەى لیسستەکەى و پێناسکردن و خستنە رووى داهێنانەکانى خۆیی و لیستەکەى لە رابردوو و خەونەکان بۆ ئاییندە و چونیەتى دەستەبەرکردنى و ئەو ئەرکە گرانەى لە ئەستۆیاندایە بۆ جێبەجێکردنى ئەم ئەرکە نیشتمانیە و پتەوکردنى مومارەسەى دیمکراسی و گونجان و یەکتر قبوڵکردن لە نێوان هەموو پێکهاتە جیاجیاکان و داکۆکردنى کردن لە هەموو مافە دەستوریەکان بە بێى جیاوازى، دوور بێت لە هەموو خورەوشتێک و بیرێکى نا بەرپرسانە و تەسک، جگە لەوە دەبێت ئاگادارى ئەوەبێت کە هۆشیارى سیاسی هاوڵاتیان بەندە بەو ژینگە کۆمەڵایەتى وسیاسی و رۆشنبریەى کە بەپێى خێزان و ئاستى زانستى و داراییی تیادا پەروەردە بووە لەکۆمەڵگا کە داواى لێدەکات بزانێت بە زمانى هەموو چین و توێژەکان بدوێت و ئەوەى دەیەوێت بەئاسانى پێان بگەینێت نەک لە زۆر کاتەکان ووشەى فەلسەفى و زمانێکى نا رۆشن بەکاربهێنێت).  

 دەربارەى رۆلى هاووڵاتى و گرنگی لەم پرۆسەیەدا کە پێوست دەکات هەموومان ئەو راستیە بزانین هەڵبژاردن تەنیا ساتێکى سیاسی نیە؟ بە ڵکو ساتێکى ستراتیژى زۆر هەستیارە کە دوارۆژى سیاسی و کۆمەڵایەتى و ئابوورى گەل و نیشتمانى پێوە بەندە بە بەشداریکردنمان و ووردى دیارکردن لە لیست و نوێنەرانمان بەشدارى دەکەین لە دابینکردنى ئەو دوا رۆژەدا کە هەردەم خەونی پێوە دەبینین و هەر کەم تەرخەمیەک لەم بابەتە زەرەرو زیان نەک هەر بەخۆمان بەتەنها بەڵکو بە بەرژەوەندى گشتى دەگەیەنێنن بەتایبەتى ئێمەى کورد لە هەرێمى کوردستان کە بە درێژایی مێژوو رووبەرووى نەهامەتى و زوڵم وناهەقیەکى زۆر هاتووین و زۆرمان باج داوە تا گەیشتین بەم رۆژە، لەگەڵ ئەوەى کە دۆست و لایەنگرانى راستەقینەى دیموکراسى لە هاوپەیمانیەکى پتەودان لەگەڵمان بەڵام نابێت چاوپۆشى لە مەترسى خەڵکانێکى شوفینزم و رەگەزپەرست بکەین کە هەردەم هەولێان بۆ ئەوەیە سەنگ و رۆڵى کورد لە پرۆسەى سیاسى داهاتووى عیراقى فیدرال کەم بکەنەوە، ئەم رۆڵە کاریگەرو بەهیزەى هاوپەیمانى کوردستان لە پەرلەمانى عیراق کەواى کرد لە زۆرى بابەتە چارەنوسسازەکان دەستى باڵایان هەبێت و بۆ مێژوو بسەلمێنن کە کورد گەلێکى ئاشتیخوازە و بەشێکى سەرەکیە لە چارەسەرى سیاسی نەک کێشەکان، بۆ نموونە روڵى ئەم هاوپەیمانیە لە گۆڕین و لادانى سەرۆکى پەرلەمانى عیراق، سەرگرتنى رێکەوتننامەى ئاسایشى لە نێوان عیراقى فیدراڵ ووڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و دەرکردنی یاساى هەڵبژاردن و چەندین بابەتى ترى گرنگ و چارەنوساز، کە لێرەدا ماوە نیە هەمووى بەدرێژى بخەینەروو،

لەم روانگانەوە ئەرکى سەرشانى هەموومانە کە ئەم دەستکەوتانە بپارێزین ئەمەش  بە بەشداریمان لەم پرۆسەیە وئەرکى قورسى سەرشانمان لەوەدایە کە چۆن بتوانین بە دڵنیایى لیست و کاندیدکراوەکان لە کاتى بریادان دەست نیشان بکەین کێین ئەوانەى کە لە ئاستى ئەم نوێنەرایەتى کردنەدان  ئەویش پێوستە لە کاتى پرۆسەى بانگەشەکردن بۆ هەڵبژاردن و بە مافى رەواى خۆمانى دەزانینن کە پرسیارو دیالۆگ لەگەڵ کاندیکراوەکان بکەین دەربارەى بەرنامەى لیستەکانیان لە بەرێوەبردنى کاروبارى ووڵات و کۆکردنەوەى زانیارى لەسەر باکگراوندى سیاسی و فکرى و کۆمەڵایەتیان و چەندى جموجۆلێیان، لەم بوارەوانە لێکۆڵینەوە لە خەسڵەتە مرۆییەکان و ئاستى رۆشەنبیرى وزانستیان بکەین، بۆ ئەوەى بتوانین بە لوژیکى ژیاریى و بەرپرسیاریانە بیر لەم خەسڵەتانە بکەینەوە کە پێوستە لە کاندیکراوەکاندا هەبێت بۆ یە لێرە دەڵێم من ئەو کەسە هەڵدەبژێرم کە

  (1. هەردەم بەرژەوەندى گشتى بەسەر بەرژەوەندى تایبەتدا لاى زاڵە 2. سەرکەوتنى زۆرى بەدەست هێناوە و هەردەم بە گەشبینى سەیرى دوا رۆژ دەکات 3.خاوەن پەیوەندى بەهێزە ئەتوانێت بەگەڕى بخات لە پێناو بەرژەوەندی گەل ونیشتمان  4. دەتوانى هەستى لێبوردەیی و خۆشەویستى لە نێوان هەموو پێکهاتەکان دورست بکات و پەرەى پێبدات 5. هەڵبژاردن بە تکلیف دەزانى نەک بە تشریف 6. بەردوام لە ناوماندایە ئاگادارى کێشە و ئازارو گرفتەکانمانە 7. بەکات و تواناى دارایی خۆی ئامادەیە بۆ دەستەبەرکردنى هاوسەنگى کۆمەڵایەتى 8. هۆشمەندو و بیرمەند لە چارەسەرو شیکردنەوەى کێشەکان لۆژیکانە نەک بفرێت بە ئاسمانى جیهانى میسالیات و (المدینە الفازلە) 9. ئەوى ئەنگوستى شایەتى دڵسۆزانى بۆ دێژ دەکرێت لە ئەستۆپاکى و متمانە پێکردن 10. لەتوانایدایە پاڵشتى دیموکراسیەت و مافی مرۆڤ و ئازادیە گشتیەکان بکات  11. ئەتوانى بەرەنگارى بەرپرسەکان بێت گەر لەیاسا لایاندا و تاوانى سیاسیى و دارایی یان ئەنجامدا بتوانى بە جەختکردن بیانهێنتە بەردەم نوێنەرانى گەل و موقازاتیان بکات 12. بەرگرى لە پێشنیازى نیشتمانى و نەتەویی بکات 13. زمانى ئابوورى بزانێت بۆ ئەوەى وەبەرهێنان وەگەڕ بخات  14. خاوەن ئەزمونى سیاسى سەرکەتوو بێت 15. رۆشەنبیرى سیاسی رەتکراوى هەبێت لە بەهەدەربردن و تەخشان و پەخشانکردنى سەروەت وسامانى گشتى 16. لە زمانى یاسا حاڵیی بێت بۆ ئەوەى رۆڵى خۆى  وەک پارێزە و بەرگریکەر لە بەرژوەندى ووڵات وهاووڵاتیان ببینێ).

دواى ئەو هەموو شتانەى کە باسمان کرد نابێت روڵى کاریگەرى راگەیاندن لەم پرۆسەیە لەبیر بکەین بە هەموو جۆرو ئارستەیەکى سیاسی و ئایدولۆژییەوە کە ئەمەش لە کێبرکێیەکى بەهێز لە رووماڵکردنى راست ودروست بۆ رووداوەکان دەبێت، بۆ جێبەجێکردنى پێوستە رەچاوى ژینگەى یاسایى ناوخۆ نێودەوڵتى بکەن سەبارەت بە خوورەوشتى رۆژنامەگەریانە وپابەندبوون بە داب ونەریتە بەرزەکانى پیشەیی کە ئەوەش لە بێ لایەن بوون وبابەتیانە و راستگۆیی لە گواستنەوەى هەواڵەکان دەبێت  بە بەشدارى کردن لە چاودێرى ئەستۆ پاکى پرۆسەکە و ئاشناکردنى هاوڵاتیان و دابین کردنى هەلى یەکسان بۆ کاندیدکراوەکان و رخنەو سەرنجی بابەتیانە و دورستکەر و سەربەخویی لە مامەڵە پێکردنى زانیارییەکان و نەچوون بە ناو  ناوزڕاندن و تۆمەتبارکردنى بێ بەڵگە و  تایبەت مەندیەکان کە هیچ یاساێکى ناوخۆ و نێودەوڵەتى رێگەیى بەو جۆرە خوورەوشتانە نەداوە.  لەکۆتایی هیوادارین کە تۆزقالیک توانیبمان بەشدارى و هەمانگى هاووڵاتیانى بەرێز لە هەرێمى کوردستانى خوشەیستمان کردبێت لە دورستکردنى ووشیارى سیاسی بە پێى ئەو زانیاریە سادانەى کە هەمانە بۆ ئەوەى هەموو لایەک بەشدارى بکەین لە سەرکەوتنى پرۆسەى هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى عیراقی فیدرال بە شێوەیەکى دادپەروەر و دیموکراسیانە و بەدى هێنانى ئاییندەیەکى ئاسوودە بۆ ئەم ووڵاتە وپێگەى کوردى تیادا بەهێزتر بکەین.   

 

  • email Email to a friend
  • print چاپی بکه‌

Website counter
Copyright © 2007- Kurdistan Democratic Party / Second branche/designed by Rashid Botani