|
|
|
|

26 کانوونی دووهم, 2010 [ 08:15 ]
ئاسۆ عەلی فەرەج دڕندایەتی رژێمی پێشووی بەعسی ئێراقی زیاتر لە 30 ساڵی حوکمڕانی لەم وڵاتەدا، جگە لە وێرانکردن، بە هەزاران تاوانی گەورەیان دژی مرۆڤایەتی و بنەماکانی ژیانی سەرەتایی مرۆییان ئەنجامداوە، تا ئەو رادەیەی چەکی یاساغی نێو دەوڵەتی و پرۆسەی پاکتاوی بەکۆمەڵیان بەکارهێناوە بۆ لە ناوبردنی نەتەوەیەک و سڕینەوەی ئاسەواری بوونیان لەسەر خاکی خۆیدا، بەتایبەتی پڕبوونی دڕاندایەتی بەعس لە ساڵەکانی 80ی سەدی رابردوو بەرامبەر کورد هەموو هێزێکی دڕاندایەتیان نیشاندا و لە ئەنجامی چەند پرۆسەیەکی داڕێژراو و بەرنامەدارا بە رێنمایکاری سەددام حوسێن و جێبەجێکاری عەلی حەسەن مەجید بەناخی کۆمەڵگەی کوردیدا رۆچوون و پرۆسەی بەدناوی ئەنفال و کیمیبارانکردنی چەندین شاری کوردستان بەتایبەتی هەڵەبجەیان بەئەنجامگەیاند، کە لە چرکەساتێکدا پێنج هەزار کورد لە رەگەز و تەمەنی جۆراوجۆرە شەهیدبوون و بوون بە قوربانی رژێمە دیکتاتۆریەکەی بەعس، ئەمە جگە لە مەینەتیەکانی لە رووی مرۆییەوە لەڕووی سیاسیشەوە وای لە کورد کرد زیاتر پێداگیری بکات بۆ رووخانی ئەم رژێمە بێ هاوتایە لە ناوچەکەدا، بەڵام ئەوەی زۆر گرنگ بوو لە دوای پرۆسەی ئازادی ئێراقەوە و رێچکەگرتنی ئەم وڵاتە لەسەر پرەنسپیەکانی دیموکراسیەت و گەڕاندنەوەی ماف بۆ مافخوراوەکان و سزادانی تاوانباران وەک بەگەردنکردنی ئەو پرۆسانە بوونە هۆی لەناوبردنی نەتەوەیەک، هیچ کاتێک کورد و سەرکردایەتیەکە حەز و مەیلان بۆ تۆڵەسەندنەوە نەبووە، ئەوەندە مەیلیان بۆ دادپەروەری و یەکسان و گەڕاندنەوەی ماف بووە بۆ مافخوراوەکان، بڕیاری لەسێدارەدانی سەددام حوسێن توانی بەشێک لە زامەکانی نەتەوەیی کورد کەمبکاتەوە، بەڵام گرنگتر بڕیارەکەی دادگای باڵای تاوانەکانی ئێراقە کە بەسەر عەلی حەسەن مەجید ناسراو بە عەلی کیمیاویی و لە سێدارەدانی سەپێنرا، ئەم هەنگاوە یاخود ئەم بڕیارە ئەوەندی دەمانگەیەنێتە ئاستی یەکسانی و ئێراقی دیموکراسیەت ئەوەندە خەیاڵمان یاخود مەیلمان بۆ تۆڵەسەندنەوە نابات، چونکە ئەگەر تۆڵە بێت ئەوا خوێن و قوربانیانی کارەساتەکانی ئەنفال و هەڵەبجە کە خودی عەلی حەسەن مەجید جێبەجێکاری بوو بە بڕیارێکی لە سێدارەدان ناتوانێ قەرەبووی بکاتەوە، تەنیا ئەوەندە نەبێت ئێمە لەرووی سیاسی و مرۆیی و ناساندنی تاوانێکی بێهاوتا سەرکەوتین و ئیرادەمان لە دادپەروەری و یەکسانیدا بۆ خۆمان و بۆ دەرەوەش سەلماند، ئەمڕۆ گەلی کورد و تەواوی گەلانی ئێراق دڵنیا بوونەوە جارێکی دیکە هێزێک ناتوانێ ناسنامەی گەلێک و نەتەوەیەک بسڕێتەوە و تاوانی گەورە دژی مرۆڤایەتی ئەنجامبدات، وەک ئەوەی بەعسی رووخا و سەددام و عەلی حەسەن مەجید بەرامبەر بە نەتەوەکەمان کردیان، ئەمڕۆ زیاتر کورد پێداگیری لەسەر ئەم جۆرە مافانە دەکاتەوە و ئەرکێکی گەورەش دەخاتە ئەستۆ حکوومەتی ئێراقی بۆ ئەوەی لەرووی پیادەکردنی دەسەڵاتەکانەوە مافەکانمان زامنتر بکەین، لە سێدارەدانی عەلی حەسەن مەجیدی تاوانباری گەورەی پرۆسەی لە ناوبردنی مرۆڤایەتی لە ئێراق، هەنگاوێک بەرەو دیموکراسیەت و یەکسان و دادپەروەری ئێراق دەگەیەنێتە کەناری ئارام بوون و ئێمەش وەک کورد دڵنیا دەبینەوە هێز نەماوە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و نەتەوەیەک لە ئێراقدا پێشێل بکات و دەنگمان دەخەینە پاڵ دەنگی ئازادیخوازان و هەڵگرانی پەیامی دادپەروەری. هاوکات پەیامێکیشە بۆ هەموو ئەوانەی دان بەبوونی کورد نانێن و تاوانی بەرامبەر دەکەن. aso_ali2003@yahoo.com
|
|
|