گه‌ڕانه‌وه

دكتۆر عه‌بدوڵڵا ئاگرین - له‌ سه‌ردانه‌كه‌ی‌ جۆزیف بایدندا هه‌ست به‌ گه‌شبینی‌ ده‌كرێت
 

image

  • email Email to a friend
  • print چاپی بکه‌
25 کانوونی دووه‌م, 2010 [ 10:01 ]

له‌ دنیای‌ بیرۆكه‌ و شرۆڤه‌كردنی‌ بیر و هه‌ڵوێستی‌ سیاسییدا، مرۆڤ ڕه‌چاوی‌ هه‌موو هه‌نگاو و قۆناغی‌ چالاكییه‌كان ده‌كات.. ڕابردوو و به‌ ئێستا و ئێستا به‌ ئاینده‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌، فه‌رامۆشكردنی‌ هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌ڵقه‌كانی‌؛ ڕابردوو، ئێستا، ئاینده‌.. لاسه‌نگی‌ له‌ هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كاندا ده‌خولقێنێت، له‌م ڕووه‌وه‌ هه‌موو بڕیارێكیش، سه‌ر یاخود خوار ده‌كات.. جۆزیف بایدن جێگری‌ سه‌رۆك كۆماری‌ ئه‌مریكا ئێواره‌ی‌ ڕۆژی‌ هه‌ینی‌ 22/1/2010 گه‌یشته‌ به‌غدای‌ پایته‌خت.. بایدن به‌رله‌وه‌ی‌ پۆستی‌ فه‌رمی‌ جێگری‌ سه‌ركۆماری‌ ئه‌مریكا وه‌ربگرێت، خاوه‌نی‌ بیرۆكه‌ و ڕه‌نگڕێژی‌ پڕۆسه‌ی‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ یه‌كجاری‌ كێشه‌ی‌ عیراقی‌ فیدڕاڵه‌ و پێشنیازی كرد: عیراق له‌سه‌ر بنچینه‌یه‌كی‌ سه‌رده‌میانه‌ له‌ سێ‌ كانتۆن پێكبێت.. باشوور بۆ عه‌ره‌بی‌ شیعه‌ و هێڵی‌ نێوان ناوه‌ڕاست و ناوچه‌ كوردییه‌كان بۆ عه‌ره‌بی‌ سوننه‌ و به‌شی‌ سێیه‌م هه‌رێمی‌ كوردستان پێكدێنێت.. ئه‌و پێشنیازه‌ لای‌ كورده‌وه‌ پێشوازی‌ لێكرا و له‌لایه‌ن هێزه‌ عه‌ره‌بییه‌ توندڕه‌و و شۆڤێنی‌ و ڕه‌گه‌زپه‌رسته‌كانه‌وه‌ ڕه‌تكرایه‌وه‌.. ئه‌و ته‌سریحه‌ی‌ بایدن سومعه‌ی‌ بایدنی‌ لای‌ كورد پایه‌داركرد.. هه‌روه‌ها له‌و كاته‌ی‌ له‌لایه‌ن نه‌یارانی‌ ئازادی‌ و سیستمی‌ دیموكراتییه‌وه‌ كێشه‌ و ئاڵۆزی‌ بۆ یاسای‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نیشتمانی‌ عیراقی‌ فیدڕاڵ‌ خولقێنرا، بایدن ڕۆڵی‌ ئه‌كتیڤ و پۆزه‌تیڤانه‌ی‌ له‌مه‌ڕ چاره‌سه‌ركردنی‌ ئه‌و كێشه‌ و قه‌یرانه‌ سیاسییه‌دا بینی‌.. به‌ ته‌له‌فۆن په‌یوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ به‌ڕێز مه‌سعود بارزانیدا كرد، داوای‌ ئاسانكاریكرد و بارزانیشی‌ له‌ زامنكردن و پاراستنی‌ مافه‌ ڕه‌وا و ده‌ستوورییه‌كانی‌ میلله‌تی‌ كورد دڵنیاكرده‌وه‌، ئه‌وه‌بوو دواتر په‌یامی‌ كۆشكی‌ سپی‌ ده‌رچوو، ئاماژه‌ی‌ به‌ مافی‌ ده‌ستووری‌ و ڕۆڵی‌ گرنگی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان دا، له‌ سه‌رگرتنی‌ پڕۆسه‌ی‌ سیاسی‌ عیراقی‌ فیدڕاڵ‌، دیاره‌ ئیداره‌ی‌ ئه‌مریكا دوور و نزیك چاودێری‌ پرس و پڕۆسه‌ی‌ سیاسی‌ و هه‌ڵبژاردن له‌ عیراقی‌ فیدڕاڵدا ده‌كه‌ن.. ئه‌و سه‌ردانه‌ له‌ناكاوه‌ چاوه‌ڕوان نه‌كراوه‌ی‌ ئێواره‌ی‌ ڕۆژی‌ 22/1/2010 بۆ به‌غدا، په‌یامی‌ نوێی‌ ئه‌مریكای‌ ده‌رهه‌ق دۆخه‌كه‌ پێیه‌ و چاوه‌ڕان ده‌كرێت بۆچوون و هه‌ڵوێستی‌ ئه‌مجاره‌ی‌ بایدن، ته‌واوكه‌ری‌ په‌یامه‌كه‌ی‌ پێشوو بێت و قسه‌ی‌ خۆیان له‌ به‌رد نه‌ده‌ن و له‌گه‌ڵ‌ گه‌لانی‌ عیراق هاوڕا و هاوكاربن، بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌عسی‌ و ڕه‌گه‌زپه‌رسته‌كان له‌ پڕۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن دووربخه‌نه‌وه‌.. هه‌روه‌ك چۆن ئه‌مریكا له‌ ڕۆژی‌ 8/4/2003دا ته‌خت و تاراجی‌ حوكم و ده‌سه‌ڵاتی‌ به‌عسیه‌كانیان تێكوپێكدا.. هه‌ر هه‌ڵوێستێك پشتگیری‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ به‌عسییه‌كان بكات دژ به‌ خواست و ئازادی‌ و مافی‌ گه‌لانی‌ كورد و عه‌ره‌ب و توركمانه‌ و به‌وه‌ش وڵات نوقمی‌ خوێن و تاریكستان ده‌كرێت.

  • email Email to a friend
  • print چاپی بکه‌

Website counter
Copyright © 2007- Kurdistan Democratic Party / Second branche/designed by Rashid Botani