گه‌ڕانه‌وه

ڕەوشی کوردستان لەپڕۆسەی سیاسی ئیراقدا
 

image

  • email Email to a friend
  • print چاپی بکه‌
24 کانوونی دووه‌م, 2010 [ 07:51 ]

جوتیارحازم ئاکرەیی :


لەسیاسەتدا ڕێوی بیت و تەڵەکان بناسیت و شێربیت گورگەکان بترسێنیت. ئەمە ڕوانگەی ماکیافیلیە و لەم ڕوانگەیەوە،  گورگەکان، ئەو بەعسی و شۆڤێنییانەن لەگەڵ ئەوانەی لەژێر کاریگەری ئەواندا سیاسەت دەکەن، کەهەر لەدەسپێکدا تەڵەیان بۆنوسینەوەی دەستور داناو، پاشانیش دانانەوەی تەڵە بۆ جێبەجێکردنی دەستوور، بەم جۆرە دەستوور هەڵپەرسێردرا تەنها بەتەواوەتی جێبەجێ نەکرا، ئەم ئیرادەیە لە روخانی رژێمەوە زاڵە و بەردەوامە و تا ئێستاش سەرکێشی پڕۆسەی سیاسی لەئێراقدا دەکات . لە هەڵبژاردنەکانی 7 ی ئادار وامەزەندەدەکرێت هاوکێشەی سیاسی ئێراق گۆرانگاری گەورەی بەسەردابێت،  ئەوەی ئاشکرایە، بۆ کورد شەڕێکی دەستووری زۆر سەخت و دژاوار بەڕێوەیە،  لەو ئەگەرانە هەموارکردنەوەی ئەو مادە دەستووریانەی پەیوەستن بە مافی گەلی کوردستان، لەسەرویانەوە مادەی  140 .  ئەو شەڕە دەستووریە لەنێوان کورد و ئیرادەی ئەو گورگانەدادەبێت،  کەحەوت ساڵە نەیانهێشتووە پرۆسەی دیموکراسی لەئێراق یەک هەنگاوبنێت، ئەمجارەیان هەمان ئەو گورگانەن لە هەموارکردنی دەستوور دەبێ بەچ شێوەیێک تەڵە بنێنەوە و چ کۆسپ و ئاستەنگێک بۆ ئەم پرۆسەیە دروست بکەن و چەندی دی بخایەنێت و چەندیش بەزەرەری کورد تەواو بێت ؟

. بەلام پێویستە  کورد بەهەرنرخێک بێت دەبێ پێش کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەئێراق هەمووکێشەکان لەگەڵ بەغدا یەکلابکاتەوە و دەرفەتی ئەوە نەدات عەرەبەکان چی دی مماتەڵە بەزەمەن  بکەن، جونکە کورد دەمێکە ماهیەتی ووڵاتی ئێراقی زانیوە لەبەرئەوەی مێژوویێکی تاڵ وڕەشی هاوبەشی لەگەڵدا هەبووە، بۆیە پێویستە کورد ئەمجارەیان بۆ داهاتوو زۆر کەڵک لەئەزموونی ئەوحەوت ساڵەی ڕابردوو وەربگرێت و بەسیاسەتێکی سەرکەوتووترلەپێشوو و شێڵگیرانە بەرەو رووی تەحەدییەکانی داهاتوو ببێـتەوە. جونکە لەداهاتوودا لەهەمبەر خواستەسیاسیەکانی کوردستان،  تەحەدییەکان زۆر و سەخت و دژوارترن لەبەرئەوەی ڕێککەوتنی پێکهاتەکان لەپرۆسەی سیاسی ئێراق، سازشی هەمەلایەنەی گەرەکە،  بەڵام ئایا کورد دەتوانێت هەموو جۆرە سازشێک بکات ؟  ئەوەی کورد لەووڵاتی ئێراقدا لە پێکهاتەکانی ترجیا دەکاتەوە کێشەی نەتەوەییە ، کێشەی دیاریکردنی سنووری هەرێم وگەڕانەوەی ناوچەدابڕاوەکانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان، بەڵام عەرەبەکان بەشیعەوسونەوە کێشەی نەتەوەییان نیە،  بەرژەوەندیەکانیان بەبەراورد لەگەڵ کورد


 زۆرجیاوازە، ئەوان بەهەموو شێوەیێک لەلایەن هەندێک لە دەرودراوسێ و ووڵاتانی عەرەبی بەئاشکرا پشتیوانی دەکرێن و ئەو ووڵاتانەش کاریگەری گەورەیان هەیەلەسەرسیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بەکورد، جاپرسیار لێرەدا ئەوەیە ئەوان لەچی بترسێن؟ ئەوان لەئێراقدا زۆرینەن و ئەوەی هەیانە هی خۆیانەو ئەوەی لەداهاتوودا دەستیان دەکەوێت خوا بەرەکەت، راستە عەرەبەکان شیعە وسونە بەرژەوەندیەکانیان وەکو لەلایەنی مەزهەبیەوە جیاوازە و ناکۆکی وململانێی ناوخۆیان هەیە،  بەڵام بۆ لێدانی شکۆی هەرێمی کوردستان و کەم کردنەوەی دەسەڵاتی کوردو لاوازکردنی پێگەی کورد لەبەغدا یەک ئامانج کۆیان دەکاتەوە، بۆ ئەمەش رووداوە سیاسیەکانی حەوت ساڵەی رابردوو و جێبەجێنەکردنی دەستوور شایەتحاڵی ئەو راستیەن.

 بۆیە دەبێت کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو تەحەدییانەی کەلەڕێیە، نابێت رازی بێـت بەکەمتر لەم پێگەیەی کەئێستا هەیەتی و جونکە ئەگەر پێکەی کەمتربێت ، ناتوانێت یاساکانی دژ بەخۆی ڤیتۆ بکات و بایەخێکی ئەو تۆی نابێت لەحکومەتی ئێراق کەبتوانێت فشار دروست بکات بۆ چارەکردنی کێشەهەڵواسراوەکان و لەسەروویانەوە کێشەی ناوچە جێ ناکۆکەکان،  بۆیە دەبێت زیاترلەپێشووپێشبینی حیساباتی وورد بۆ پێشهاتەکان بکرێت ، بۆ ئەوەی هەر لەئێستاوە رێگا چارەی گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە.  ئاساییە کەئەمجارەیان کورد بەلیستی جیا بەشداری لە هەڵبژاردنەکان دەکات، جونکە بەم شێوەیە زۆرترین دەنگدەری کورد بەشداری پڕۆسەی دەنگدان دەکەن ولیست ولایەنەکانیش قەبارەی خۆیان لەناو خەڵک دەزانن،  بەڵام ئەوەی کەزۆر گرنگە بۆ ئەم قۆناغە هەستیارە،هەڵوێستی لیست ولایەنەکانی کوردستانە لە دوای هەڵبژاردنەکان، پێویستە واز لەهەندێک ئیستحقاقاتی پۆست وبەرژەوەندی حزبی ولیستەکانیان بهێنن و  هاوپەیمانێتی ببەستن کە بەیەک لیست ویەک قەوارەی سیاسی لەپەرلەمانی ئێراق نوێنەرایەتی سەرجەم خەڵکی کوردستان بکەن، ئەگەر وانەبێت، ئەوامێژووی ئەوحەوت ساڵەی رابردوو خۆی لەم چوار ساڵەی داهاتوودا دوبارە دەکاتەوەو ئەمجارەش مافەکانی کورد دوادەکەون و دەبنەوە قوربانی ئەو گورگانەی ماکیافیلی باسیان دەکات. 

  • email Email to a friend
  • print چاپی بکه‌

Website counter
Copyright © 2007- Kurdistan Democratic Party / Second branche/designed by Rashid Botani