ئا: پەری عومەر
پێویستە سیستەمێکی تازە بۆ پێشمەرگە دابنرێت نەک ئەو سیستەمە کۆنەی پێشمەرگە
وەزارەتی پێشمەرگە، وەک دەزگایەک و بنەمایەکی پاراستنی هەرێمی کوردستان جێگای بایەخ و گرنگیپێدانێکی زۆرە، چ لەلایەن هاووڵاتیانەوە، کە هەست بە ئارامی دەکەن لە ژێر سێبەری لەشکری کوردستان، چ حکوومەت بۆ بەرگریکردنی لە هێڵی نەتەوەیی و ستراتیژییەتی حکوومەت، بە کۆششێکی زۆری سەرکردایەتی سیاسی کورد بەتایبەتی سەرۆک مسعود بارزانی و پسپۆڕانی ئەو بوارە بڕیاری یەکگرتنەوە و دروستکردنی لەشکرێکی یەکگرتوو دراوە و کارەکانی بەردەوامە بۆ ئامانج و ئاواتەکانی ئەو نەتەوەییەی دەیەوێت وەک هەموو وڵاتان یاخود هەرێمە هاوشێوەکانی خاوەن پێگەیەکی بەهێزی سەربازی بێت، بۆ ئەم مەبەستە هەریەکە لە جەبار یاوەر گوتەبێژی فەرمی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و د. نەژدەت ئاکریی پسپۆڕ لە ئاسایشی نەتەوەیی شرۆڤە بۆ ئەم پرسە گرنگە دەکەن.
جەبار یاوەری گوتەبێژی فەرمی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان ئاماژە بەوە دەدات، وەزارەتی پێشمەرگە لەساڵی 1992 لە خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان دامەزراوە و ئامانج لە دامەزراندنەکەشی رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بووە، یاوەر ئەوەش رووندەکاتەوە، ئامانج لە وەزارەت و هێزی پێشمەرگە گواستنەوەی ئەرکی شاخ بووە کە لەو قۆناغەدا رزگارکردنی کوردستان ئامانج بووە و ئێستا پاراستنی ئەم کیانە ئامانجی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانی پێشمەرگەیە.
لەبارەی هەنگاوەکانی وەزارەت بۆ یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، جەبار یاوەر ئاماژەیدا، کۆمەڵێک لیژنە پێکهێنرا و سەرقاڵی داڕشتنەوەی ئەو یاسایانەن کە پەیوەندیان بەهێزی پێشمەرگەوە هەیە و یاساکان رێکدەخرێتەوە و پاش چەند مانگێک لە کۆبوونەوە بە ئامادە بوونی چەندین پێشمەرگەی دێرین و چەندان کەسایەتی یاسایی نێو هێزەکانی پێشمەرگە وشارەزایانی بواری سەربازی توانییان چوار پرۆژەی نوێ ئامادە بکەم بۆ یاساکانی پێشمەرگە و بە گونجاندنی لەگەڵ رەوشی ئەمڕۆی کوردستان و ئێراق.
گوتەبێژەکەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەبارەی یەکخستنی میلاکات و پلەکانی سەربازی ئاماژەی بەوەدا، لیژنەیەکی تایبەت بۆ میلاکاتی دیاری کرا بە ئامانجی یەکخستنەوە و پێکهێنانی هێزی پێشمەرگە لە وەزارەتی پێشمەرگە و دوای ماوەیەک ئەو لیژنەیە توانی میلاکێکی یەکگرتوو ئامادە بکات کە ئێستا پێشکەشکراوە بە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەوەی پێشمەرگە لەسەرانسەری کوردستان بەیەک شێواز رێکبخرێت، جگە لەوەش بودجەیەکی هاوبەش بۆ ساڵی 2010 ئامادەکراوە و ئەویش بە ئەنجوومەنی وەزیران دراوە، دوایەمین کار لیژنەیەک هەڵساوە بە یەکخستنەوەی نیشانەی سەربازی و پلەی سەربازی و تەرقیەی سەربازی، ئەمەش هەر پێشکەش بە ئەنجوومەنی وەزیران کراوە، جەبار یاوەری ئاماژەش بەوە دەکات دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆک مسعود بارزانی سەرۆکی کوردستان لەگەڵ فەرماندەیی گشتی هێزەکانی پێشمەرگە، ئێستا لیژنەیەکی باڵا بۆ یەکخستنەوەی هەموو هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان کارەکانی خۆی ئەنجامدەدات.
لەبارەی پرۆژەکانی وەزارەتی پێشمەرگەیشەوە جەبار یاوەری ئاماژەی بەوەدا، دوای ئەوەی پرۆژەکان پێشکەش بە ئەنجوومەنی وەزیران کرا پێویستە هەموو دیراسە بکرێت، بەتایبەتی لە بواری بودجەکە و پێویستە وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەدواداچوونی لەسەر بکات و ئەنجوومەنی وەزیرانیش کار بۆ دەکات بەپێی پرۆگرامەکانی خۆیان کە دەگونجێت لەگەڵ ئەو بودجە گشتییەی کە بەشی هەرێمی کوردستانە و مەسەلەی میلاک ئەوان بەشی یاسایان هەیە، بێگومان پاش پەسەندکردنی لەلایەن لیژنەکانیان وەڵامی فەرمی ئێمە دەدەنەوە، بەڵام مەسەلەی یاساکان دەچێتە پەرلەمان و ئەوان هەمواری دەکەن. لەبارەی نیشانەی سەربازییشەوە یاوەر ئاماژەیدا، بابەتی نیشانەی سەربازی و جلوبەرگ و هەموو لایەک رازی بوونە و نێردراوە بۆ سەرۆکایەتی هەرێم چاوەڕێی دەکەین سەرۆکایەتی ئەمر بفەرموێ و بگاتە دەستمان لەگەڵ ئەمەشدا ئێمە کاردەکەین و لەرووی یەکەی جلوبەرگەکانیشەوە هەر چەندە نەوەستاوین هەفتەی ئایندە چەند یەکەیەکی مەشق ئامادە دەکەین و چاوەڕێی رەزامەندین بۆ جێبەجێکردنی، یاوەر ئاماژەی بەوەشدا، بڕیارمانداوە لە هەفتەی ئایندەدا لە کۆبوونەوەکانمان سەرجەم ناونیشانەکانی بارەگاکان بگۆڕین لەسەرتاسەری کوردستان و هەمووی دەیکەینە (حکوومەتی هەرێمی کوردستان- وەزارەتی پێشمەرگە) و ژمارەیەک سەربازی بۆ دادەنێێن.
حکوومەتی ئێراق و حکوومەتی کوردستان چەند رێککەوتنێکیان لەبواری سەربازی هەیە، ئەمەش بە گوێرەی دەستوور، جەبار یاوەر لەمباریەوە دەڵێت: ئەم پرۆسەیە زیاتر پەیوەندی بە حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە هەیە. یاوەر هەروەها دەڵێت: حکوومەتی ئێراق و ئەمەریکا رێککەوتنێکی ئەمنیان هەیە، ئێمەش لەگەڵ بەغدا بابەتێکی دیکەمان هەیە لە(3) خاڵی گرنگدا خۆی دەبینێتەوە یەکەمیان یاساییە و برگەی 5 ی ماددەی 121ی دەستوور کە لەوێدا مافی داوە بە هەموو هەرێمێک لە دەوڵەتی ئێراقی فیدراڵدا 3 جۆر هێزی هەبێت(پۆلیس و ئاسایش و پاسەوانی هەرێم) خاڵی دەوومیش مەسەلەی گواستنەوەی هێزی پێشمەرگەیە پێشتر حکوومەتی ئێراق لە 2006 کۆبوونەوەمان کردووە و پاشان یاداشتێکی لێکگەیشتنمان واژوو کردووە، هەروەها جەبار یاوەر ئاماژە بەوەش دەکات، ئێمە بەڵگەی قانوونیمان هەیە و 8 ماددەی تێدایە دەبارەی (ئەرکی پێشمەرگە و بودجە و کەمئەندامانی هێزی پێشمەرگە) خاڵی سێیهەمیش بودجەی فیدراڵە کە هەموو ساڵێک یاسایەک دەردەچێت و هەندێک هێز لە ئێراق بودجەیان سەرەکیە وەک هێزی بەرگری و ئێمەش داوای بودجەیەکی سەرەکیمان کردووە و داوامان کردووە بودجەکەمان لەسەر 17%ی بەشی هەرێمی کوردستان نەبێت. یاوەری ئەوەشی روونکردەوە، داواکەیان یاساییە و لە بڕگەیەکی ماددەی 17دایە و هێزی پێشمەرگەش لە چوارچێوەی بەرگریدایە.
شارەزایانی بواری ستراتیژیەتی نەتەوەیی و ئاسایشی نەتەوەیش باس لەرۆڵ و پێگەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکەن، ئەوان بۆچوونی جیاوازیان نییە و هێزی پێشمەرگە لەوەدا دەبینین بەرەو سیتەماتیک دەڕوات، دکتۆر نەژدەت ئاکرەیی پسپۆڕ لەبواری ئاسایشی نەتەوەیی لەمبارەیەوە دەڵێت: هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بە هەموو بەشەکانیانەوە زیاتر بەوە بە سیستەماتیک بوون دەچێت، لەرووی مێژووییەوە پێگەی سیاسیان روون و ئاشکرایە، هێزی پێشمەرگەی کوردستان کۆڵەگەیەکی هەرە گرنگی بزاڤی رزگاریخوازی گەلی کورد بووە، د. نەژدەت ئاماژەیشی بۆ ئەوە کرد، هێزی پێشمەرگە پاش دامەرزاندنی دەوڵەتی ئێراق و شۆڕشەکانی شێخ مەحموودی نەمر ئەو کات بەشێوازێک و دوای ئەو شۆڕشەیش لە بارزان هات و کۆماری مەهاباد دامەزرا کە یەکەمینجار وشەی پێشمەرگە لەوێ بەکارهات، بەشێوازێک لە ساڵی 1974دا گرنگی هێزی پێشمەرگە زیاتر دەرکەوت و لە شۆڕشی ئەیلوولی مەزن پەرەیسەندووە.
هێزی پێشمەرگە سیفەت و خەسڵەتی تایبەتی خۆی دەبێت، دکتۆر نەژدەت ئاماژەیدا، وای بۆ دەچم پێشمەرگە باڵێکی سەربازی بزاڤی رزگاریخوازی کورد بوو نەک باڵی سەربازی حزبە سیاسیەکان، واتە ئێمە دەبێ بەشێوەیەکی فراوان ئەم بابەتە بخوێنینەوە و تەماشا بکەین لە 1991ەوە هەڵبژاردن و پەرلەمان و حکوومەت هاتە ئاراوە کابینە یەک لە دوای یەکەکانی حکوومەت وەزارەتی پێشمەرگەی هەبووە لە دوو ساڵی یەکەمدا هەوڵی باشدرا بۆ زیاتر لەیەک نزیکردنەوەی پێشمەرگەی حزبە سیاسیەکان و کاریشی بۆ کرا، بەڵام بەداخەوە ئەم بابەتە ماوەیەک راگیرا بەهۆی شەڕی ناوخۆوە.
ئەرکی پێشمەرگە ئێستا لە قۆناغی پاراستن و پارێزگاریکردنی ئەم کیانەیە، دکتۆر نەژدەت لەمبارەیەوە روونیکردەوە، ئێستا پێشمەرگە وەک پاسەوانی هەرێمی کوردستان تەماشا دەکرێت بەڵگەشمان بۆ ئەوە دەستووری ئێراقە، چونکە دەستووری ئێراقی ساڵی 2005 دەرچووە تایبەتمەندی هەرێمی کوردستانیش هەیە میکانیزمی ئەو کارەش وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەیە و خۆشبەختانە یەکبگرنەوە و سیستەمی پێشمەرگە وەکو سیستەمی سەربازی تەماشا بکرێت، واتە دیسپلینی سەربازی ئێمە لە کوردستان ئەگەر بمانەوێ سیستەمی سەربازی دانێن دوو جۆرە یەکەم: ئەوەیە کە گەنج گەیشتە تەمەنی 18 ساڵی بۆ نموونە یان کە خوێندنی تەواو کرد دەبێ پەیوەندی بکات بە سوپاوە کە بۆ ماوەیەک خزمەت بکات، ئێمە خزمەتی ناچاری پێدەڵێن.
نەژدەت ئاکریی لەبارەی سیستەماتیک بوونی هێزی پێشمەرگەوە ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەر ئێمە بەشێک بین لە سیستەمی بەرگری نیشتمانی ئێراقی دەبێ سیستەمی چەکداری بە هەموو شێوەیەک بۆ پێشمەرگە هەبێت، پاشان سیستەمی کارگێڕی، واتا پێکهێنانی سەربازی ئایا کە پێشمەرگە یەکیگرتەوە لەڕووی سەرباییەوە؟ ئێمە لە ئەدەبیاتی ئاسایشی نەتەوەیی وایدەخوێنینەوە لەسەر سیستەمی پێکهاتنی سوپای ئێراقی بێت. ئاکرەیی جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە هێزی پێشمەرگە پێویستی بە نوێ بوونەوە هەیە و گوتی: پێویستە سیستەمێکی تازە بۆ پێشمەرگە دابنرێت نەک ئەو سیستەمە کۆنەی پێشمەرگە، بۆیە زۆر گرنگە لەلای من ئەکادیمیای توێژینەوەی سەربازی هەبێت، ئێمە تائێستا زۆر هەژارین لەو بوارەدا لە بواری زانستی ئەکادیمی سەربازی راستە کۆلیژمان هەیە ئەفسەرمان پێگەیاند، خولی سەربازیشمان هەیە و هەماهەنگیشمان لەگەڵ دەرەوە هەیە، بەڵام لەرووی ئەکادیمی و توێژینەوەی سەربازی و پێکهێاتنی پێویستمان بە سەنتەرێکی توێژینەوەی سەربازی هەیە بۆ بەدواداچوونی ئەم بابەتە.
تێبینی ئەم چاوپێکەوتنە لە رۆژنامەی خەبات ژمارە 3376، بڵاوکراوەتەوە