|
|

17 تشرینی دووه‌م, 2009 [ 18:07 ]
سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند؛ سه‌رۆك بارزانی رایگه‌یاندووه، گه‌ر چاو به ژماره‌ی كورسی پارێزگاكان‌دا نه‌خشێنرێته‌وه، ئه‌وا هه‌رێمی كوردستان به‌شداری له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ناكات. د. فوئاد حسێن له لێدوانێكدا وتی؛ سه‌رۆك بارزانی زۆر به‌وردی ئاگاداری ئه‌م هه‌موو بگره‌وبه‌ردانه‌یه و به بایه‌خیشه‌وه لێیان ده‌ڕوانێ، ئه‌گه‌ر چاو به پرسی دیاریكردن و دابه‌ش كردنی كورسی ته‌رخانكراو بۆ پارێزگاكانیشدا نه‌خشێنرێته‌وه، ئه‌وه گه‌لی كوردستان ناچاره له هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوودا به‌شداری نه‌كات . فوئاد حسێن وتیشی؛ سه‌رۆكی كوردستان جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه كه له توانادا نییه ئه‌م شێوه‌میكانیزمه سه‌باره‌ت به دابه‌ش كردنی كورسی به‌سه‌ر پارێزگاكان‌دا به پشت به‌ستن به پسووله‌كانی خۆراكی وه‌زاره‌تی بازرگانی ئێراق قبووڵ بكرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شێوه‌میكانیزمه‌که هاودژه له‌گه‌ڵ مه‌نتیق و واقیعدا، هه‌روه‌ها گرتنه‌به‌ری شێوازێكی له‌م جۆره بێجگه له‌وه‌ی راستییه‌كان ئاوه‌ژوو ده‌كاته‌وه، سته‌م و ناحه‌قییه‌كیشه ده‌رهه‌ق به مافه‌كانی گه‌لی كوردستان . روونیشیكرده‌وه كه سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم پێی وایه مه‌به‌ست له پیاده‌كردنی ئه‌و میكانیزمه، كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی نوێنه‌رانی گه‌لی كوردستانه له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران‌دا و له‌باربردنی ده‌ستكه‌وته‌كانی گه‌لی كوردستانیشه . له درێژه‌ی قسه‌كانیدا فوئاد حسێن وتی؛ سه‌رۆك بارزانی سه‌باره‌ت به‌م هه‌موو بگره‌وبه‌ردانه‌ی هاتوونه‌ته ئاراوه هه‌ڵوێستێكی روون و ئاشكرای هه‌یه، هه‌روه‌ها جه‌ختیش له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه كه ئه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه چاو به پرسی چۆنیه‌تی دیاریكردنی كورسی بۆ پارێزگاكان‌دا نه‌خشێنرێته‌وه، ئه‌و كاته گه‌لی كوردستان ناچار ده‌كرێ به‌شداریی له هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی ئێراقدا نه‌كات . له كۆتایی لێدوانه‌كه‌یشیدا، سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم داوای له هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كان كرد به‌رپرسیارێتی مێژوویی خۆیان له ئه‌ستۆ بگرن و نه‌چنه نێو پرۆسه‌یه‌كی ساخته‌كاریی گه‌وره‌ی له‌م شێوه‌یه‌دا، كه هه‌رێمی كوردستان و تێكڕای ده‌ستكه‌وته دیموكراسییه‌كانی ئێراقی كردۆته ئامانج.
|
|
|