|
|

16 تشرینی دووهم, 2009 [ 11:30 ]
دلێر ئیبراهیم- هەولێر بەچاودێرى بەڕێز (سەفین موحسین دزەیی) وەزیرى پەروەردەى حکومەتى هەرێمی کودرستان لەئاهەنگێکدا پرۆژەى ئەلبوومی سروودى نیشتمانى راگەیەندرا. ئەمڕۆ دووشەممە 16/11/2009 بەچاودێرى بەڕێز (سەفین موحسین دزەیی) وەزیرى پەروەردەى حکومەتى هەرێمی کوردستان و بەئامادەبوونی بەڕێز (نەوزاد هادی) پارێزگارى هەولێرو، خاتوو (شیرین ئامێدی)و، ژمارەیەک لە راوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتییەکانى وەزارەت، لەئاهەنگێکدا پرۆژەى ئەلبوومی سروودى نیشتمانى راگەیەندرا، بۆ پەرەپێدانى بابەتە هونەرییەکان و بایەخدانى زیاتر بەسروودی نیشتمانی لەقوتابخانەو خوێندنگەکانى کوردستاندا. سەرەتاى ئاهەنگەکە بەسروودی نیشتمانى (ئەى رەقیب)و، دەقیقەیەک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانى کوردستان دەستى پێکرد. پاشان لەوتەیەکدا بەم بۆنەیەوە بەڕێز (سەفین دزەیی) دووپاتى کردەوە، سروودی نەتەوەیی گەلەکەمان بەشێکی گرنگ لەخەبات و مێژووى پڕسەرەوەریی گەلى کورد پێکدەهێنێت و، ئاوێنەو ڕەنگدانەوەى ڕۆژانى پڕ لەشانازی گەلەکەمانە.. هەروەها وەزیرى پەروەردە گوتى: وەزارەتی پەروەردەى حکومەتى هەرێمی کوردستان، لەڕوانگەى بایەخدان بەکلتوورو رۆشنبیریی نەتەوەییمان، بایەخێکی بەرچاو بەهونەرو وێژەی کوردى دەدات و جێگەى خۆشحاڵییە ئەم ئەلبوومە، کە لە هەشت سروودی نەتەوەیی پێکهاتووە لەسەرجەم قوتابخانەو خوێندنگە بنەڕەتییەکانى هەرێمی کوردستان، وەکو پرۆگرام و مەنهەجی خوێندن پەیڕەودەکرێت و، وەزارەتی پەروەردەى حکومەتی هەرێمی کوردستان لەروانگەى سیستمی نوێی خوێندن و فەلسەفەی تازەى وەزارەت، بایەخ بەوانەى هونەرى و چالاکییە هونەرییەکان دەدات، چونکە بەگوێرەى تیۆرو توێژینەوە پەروەردەییە جیهانییەکان، چالاکییە هونەرییەکان رۆلێکی گرنگیان هەیە لەگەشەپێدانى هزری قوتابی و خوێندکاراندا. هەروەها بەڕێز (سەفین دزەیی) گوتى: هیوادارین تەواوبوونى ئەم ئەلبوومە هونەرییە سەرەتایەکی موژدەبەخش بێت بۆ ئەوەى بابەتى پەروەردەى هونەرى لەخوێندنگەو قوتابخانەکان بایەخی زیاتری پێ بدرێت و، چەندین پرۆژەى ترى هاوشێوەشی بەدوا دابێت لەبەرژەوەندی نەوەکانى دواڕۆژى گەلەکەمان. لەمیانی ئاهەنگەدا چەندین سروودو گۆرانی و چالاکی هونەری پێشکەش کران، پاشان بەڕێزیان بەیاوەرى ئامادەبووان، بەشدارى لەچالاکییەکی فۆلکلۆری و کلتوورى نەتەوەیی گەلەکەمان کرد، کە لەلایەن قوتابی و خوێندکارانی دواناوەندی رۆزاکى نموونەیی ئامادەکرابوو، پاشان چەند پەیڤێکى لەتۆمارى قوتابخانەکەدا تۆمارکرد.
|
|
|