|
|

16 تشرینی دووهم, 2009 [ 10:41 ]
ئەندامێكى لیستى هاوپەیمانیى كوردستان لە پەرلەمانى عێراق ئاشكراى كرد كە لیستەكەیان سكاڵا لە دژى وەزارەتى بازرگانیى عێراق بەرز دەكاتەوە بەهۆى كەمیى ژمارەى كورسییەكانى پارێزگاكانى هەرێم، كە بە پشتبەستن بەداتاكانى وەزارەتى بارزگانى بۆ ژمارەى دانیشتوان دیارى كراون.
دواى پەسندكردنى یاساى هەڵبژاردنەكانى عێراق لە 8ى ئەم مانگە، بەپشتبەستن بەئامارى وەزارەتى بازرگانیى عێراق كۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەكانى عێراق ژمارەى كورسییەكانى 18 پارێزگاكەى عێراقى لە پەرلەمانى داهاتوو راگەیاند، كە لە كۆى 323 كورسی، هەر سێ پارێزگاكەكەى هەرێم 38 كورسییان بۆ دانراوە، كە هەر كورسییەك بەرامبەر 100 هەزار كەسە و دەكاتە نێزیكەى 12%ى دانیشتووانى عێراق.
رەئوف عوسمان ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەران لە لیستى هاوپەیمانیى كوردستان، ئەمڕۆ دووشەم بەئاژانسى كوردستان بۆ دەنگوباس(ئاكانیوز)ى راگەیاند "پێش كەمێك كۆنگرەیەكى رۆژنامەوانیم گرێ دا و وەك لیستى هاوپەیمانى بەیاننامەیەكم خوێندەوە و رامان گەیاند كە سكاڵا لە دژى وەزارەتى بازرگانیى عێراق تۆمار دەكەین لەبەرئەوەى ژمارەیەكى زۆر دەنگى هەرێمى كوردستانیان بردووە".
عوسمان گوتى ئێمە غەشمان لێ كراوە و هەوڵ دەدەین بەیاننامەكە لە پەرلەمانیش بخوێنینەوە.
بۆ تاوتوێكردنى هەمان پرس دوێنێ یەكشەم پەرلەمانى كوردستانیش كۆبوونەوەیەكى نائاساییى گرىَ دا و رەخنەى لە زیادكردنى ژمارەى كورسییە زیادكراوەكان بۆ پارێزگاكانى هەرێم لەچاو پارێزگاكانى تر گرت و بڕیاری دا داوا لە جەلال تاڵەبانى سەركۆمارى عێراق بكات یاساكە ڤیتۆ بكات تا چاو بەژمارەى كورسییە زیادكراوەكاندا بخشێنرێتەوە و هیچ بارێكى تایبەت بە كەركووك نەدرێ.
بەڵام ئەمڕۆ سەركۆمارى عێراق لە كاتى بەڕێكەوتنى بۆ فرەنسا لە وەڵامى پرسیارى رۆژنامەنووساندا گوتى "وێڕاى بوونى كەموكورتى لەو یاسایەدا، بەڵام پەسەندى دەكەم".
هەروەها ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانیش ناڕەزایى لە دژى ژمارەى كورسییەكانى پارێزگاى سلێمانى كە 15 كورسییە دەربڕی.
|
|
|