|
|

16 تشرینی دووهم, 2009 [ 08:02 ]
مەنسوور جیهانی ـ گروپی موزیکی کچانی "ژیوار" بە دەنگی گۆرانیبێژی کورد خاتوو "ژیوار شێخولئیسلامی" کۆنسێرتی گۆرانی کوردی لە تەلاری وەحدەتی تاران ساز دەکات. بە پێی راپۆرتی راگەیاندنی گشتی گروپی موزیکی "ژیوار"، کۆنسێرتی گۆرانی کوردی گروپی موزیکی کچانی "ژیوار" بە دەنگی گۆرانیبێژی کورد خاتوو "ژیوار شێخولئیسلامی" و بە ئاوازدانەی و دابەشکردنی موزیک لە لایەن خاتوو "گوڵنووش مەلایری"، "مینوو ئەسحابی" و "فوئاد سەفدەری" کاتژمێر 5ی دوانیوەڕۆی رۆژانی 15 و 16ی نۆڤەمبەر ی2009 لە تەلاری وەحدەتی شاری تاران بەڕێوەدەچێت. گروپی موزیکی "ژیوار" لە بەشی یەکەمی ئەم کۆنسێرتەدا چەندین گۆرانی کوردی لە دەزگای شووردا پێشکەش دەکات، لەوانە: "هیوا"، "شایی و زەماوەندە"، "سازی ئاوارە"، "باوانەکەی بابم"، "باغی نەمامە"، "هەڵاڵەی کوێستان" و "کراس زەردێ". ئەم گرووپە هەروەها لە بەشی دووەمی کۆنسێرتەکەدا چەندین گۆرانی و پارچە موزیکی سونەتی ئێرانی لە بەرهەمەکانی مامۆستایانی گەورەی موزیکی ئێران، لەوانە: مامۆستا "فەرامەرز پایوەر"، مامۆستا "حەسەن کەسایی" و مامۆستا "روکنەدین خان موختاری" لە دەزگای چوارگادا پێشکەش دەکات، جێی ئاماژە پێدانە گروپی موزیکی کچانی "ژیوار" ساڵی 2000 بە سەرپەڕشتی خاتوو "ژیوار شێخولئیسلامی" لە شاری تاران دامەزرا و یەکێک لە گروپە چالاکەکانی بواری موزیکی کچان لە وڵاتی ئێران دێتە ئەژماردن. ئەم گروپە بە جلوبەرگی جوانی ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان لە بەشی ئافرەتانی چەندین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی موزیکی فەجر لە شاری تاران بەشداری کردووە و گۆرانی و موزیکی رەنگاورەنگی کوردستانی بە بینەران و هەروەها ئامادەبووانی ناو فیستیڤاڵ ناساندووە. ئەم گروپە هەروەها لە شارەکانی سنە، سەقز و تاران و هەروەها لە باڵیۆزخانەی وڵاتانی بیانی لە تارانی پێتەختی ئێران، کۆنسێرتی گۆرانی و موزیکی کوردی و موزیکی سونەتی ئێرانی پێشکەش کردووە. ئەندامانی گروپی موزیکی کچانی "ژیوار" کە زۆربەیان لە دەرچووانی بەشی موزیکی و قوتابی بەشی موزیکی زانکۆکانی ئێرانن، بریتین لە: "ژیوار شێخولئیسلامی" ـ گۆرانیبێژ و سەرپەرەشتی گروپ، "گوڵنووش مەلایری" ـ ئامێرژەنی سەنتوور و سەرپەرەشتی هونەری گروپ، "مینوو ئەسحابی" ـ ئامێرژەنی کەمانچە، "مەرجان راوەندی" ـ ئامێرژەنی عوود، "ئازادە ئەمیری" ـ ئامێرژەنی تار، "عەسەل مەلەک زادە" ـ ئامێرژەنی دەف و دایرە و "نادیا سابت راسخی" ـ ئامێرژەنی زەرب. جێی وەبیرهێنانەوەیە گروپی موزیکی "ژیوار" بڕیاروابوو کۆتایی مانگی ئەپریلی 2009 لە فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی موزیکی "ئۆلینکان" Ollinkan لە وڵاتی مەکزیک لە چوار سانسی جیاوازدا کۆنسێرتی گۆرانی و موزیکی کوردی پێشکەش بکات کە بە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کوشەندەی ئەنفلۆنزای بەراز لەم وڵاتە کۆنسێرتەکەیان بۆ ساڵی داهاتوو دواخرا. راگەیاندنی گشتی گروپی موزیکی کچانی "ژیوار".
|
|
|