|
|

15 تشرینی دووهم, 2009 [ 07:51 ]
مەنسوور جیهانی ـ "شەهرام عەلیدی" دەرهێنەری لاوی کورد بە فیلمی سینەمایی "سرتە لە گەڵ با" خەڵاتی رخنەگرانی لاوی هێندستانی لە یازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی مۆمبای لە وڵاتی هێندستان بەدەستهێنا. بە پێی راپۆڕتی راگەیاندنی گشتی فیلمی سینەمایی "سرتە لە گەڵ با"، شەهرام عەلیدی دەرهێنەری گەنجی کوردستان بە فیلمی سینەمایی "سرتە لە گەڵ با" "Whisper With the Wind" خەڵاتی "رخنەگرانی لاوی هێندستان" واتە "دەروازەی زێوی هێندستان"ی لە بەشی کێبڕکێی نێودەوڵەتی لە یازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی مۆمبای لە وڵاتی هێندستان بەدەستهێنا. خەڵاتی "رخنەگرانی لاوی هێندستان"، خەڵاتی ئەکادیمیای هونەر و سینەمای مۆمبای MAMI دێتە ئەژماردن. فیلمی سینەمایی "سرتە لە گەڵ با" لە دوو سانسی جیاوازدا لە رۆژانی 3 و 5ی نۆڤەمبەری 2009 بە ئامادەبوونی شەهرام عەلیدی نمایش کراو لە لایەن رخنەگران و بینەرانی بەشداربوو لە فیستیڤاڵدا پێشوازییەی باشی لێکرا. لە رێوڕەسمی کۆتایی ئەم فیستیڤاڵەدا خەڵاتی تەمەنێک چالاکی هونەری پێشکەش بە سینەماکاری ناوداری یۆنانی "تێئۆ ئانجلیۆپلووس" کرا و هەروەها خەڵاتی تەمەنێک ئەزموونی هونەری بەخشرایە ئەستێرەی گەورەی سینەمای هێندستان "ئامیتا پاچان". لە جەژنێک کە بەرپرسانی فیستیڤاڵی فیلمی مۆمبای بۆ هونەرمەندانی سەرکەوتووی ئەم فیستیڤاڵە گرتیان "تێئۆ ئانجلیۆپلووس" لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ شەهرام عەلیدی، گوتی: کورد هەموو کاتێک لە لای من خۆشەویست بووە و سڵاوی تایبەتی من بە کوردەکان بگەیەنە. جێی ئاماژە پێدانە سەرۆکی لێژنەی ناوبژیوانی یازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "مۆمبای" هێندستان لە ئەستۆی "پۆل شرێیدێر" خوڵقێنەری فیلمە سینەماییەکانی "شۆفیری تاکسی" و "دوایین دڵەڕاوکێ مەسیح" بوو. یازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی مۆمبای لە بەشەکانی "کێبڕکێی نێونەتەوەیی"، "کێبڕکێی سینەمای جیهان"، "نمایشی فیلمەکانی هێندستان"، "بەشی کێبڕکێی کورتە فیلمەکان" و هەروەها "بەشی چاوخشاندنێک بە بەرهەمی دەرهێنەرەکانی دیکە" لە رۆژانی 29 ئۆکتۆبر تا5ی نۆڤەمبەری 2009 لە شاری مۆمبای لە وڵاتی هێندستان بەڕێوەچوو. راگەیاندنی گشتی فیلمی سینەمایی "سرتە لە گەڵ با".
|
|
|