ماوەی دوو هەفتەیە هونەرمەندی دوورە وڵات (پەیوەند جاف) گەڕاوەتەوە و لە شاری هەولێرە. وەكخۆی رایگەیاند، بۆ چەند كارێكی هونەری هاتووەتەوە، گرنگترینیان، بڵاوكردنەوەی تازەترین ئەلبوومی خۆیەتی.
لەمبارەیەوە و لە لێدوانێكی تایبەتدا، هونەرمەند (پەیوەند جاف) گوتی " لەئێستادا بۆ چەند كارێكی هونەری گەڕاومەتەوە كوردستان، تازەترین كاریشم ئەلبوومێكی گۆرانییە، كە لەم ساتەدا سەرجەم كارەكانی تەواوبووە، بەڵام من یەكە یەكە گۆرانییەكانی ئەم ئەلبوومەم بڵاو دەكەمەوە". هونەرمەند راشیگەیاند، ئەو گۆرانییەی كە ئامادەی كلیپ كردنە، بە ناوی (بۆ گوڵێك)ە، ئاواز و هۆنراوەی هونەرمەند(زیاد ئەسعەد)ە، لەم گەڕانەوەیەشیدا هەوڵی كلیپ كردنی دەدات. گوتیشی " هێشتا كۆنتاكم لەگەڵ هیچ لایەنێك نەكردووە، بۆ كاری كلیپی ئەم بەرهەمەم، تۆماری دەنگ و دابەشكردنی ئەم بەرهەمەش، لە لایەن (عارف شكوری)یەوە ئەنجامدراوە".
لەمەڕ ئەلبوومی (بێدەنگی)كە پڕۆژەیەكی هابەش بوو، لەنێوان پەیوەند جاف و هونەرمەند (هەڵكەوت زاهیر)دا، پەیوەند گوتی " هیچ لەو ئەلبوومەم رازی نیم، بەس تەنها (1-2) گۆرانی باشە، ئەویش لە سەر ستایلی خۆم بوو. ناڵێم پەشیمانم، بەس دەڵێم، جارێكی تر لەگەڵ هەڵكەوت زاهیر كار ناكەم، گەر كاریش بكەمەوە، دەبێت بە ستایلی من كار بكات و رازیش بێت".