به پێی راپۆڕتی تایبه‌تی به‌شی هونه‌ری له راگه‌یاندنی گشتی كۆمپانیای "ستاك فیلم" له شاری سنه، كورته فیلمی دیكۆمێنتی "فرش چوب" واته "مافووره‌ی دار" The Wooden Carpet له ده‌رهێنانی سینه‌ماكاری پاوه‌یی عه‌بدولڕه‌حمان میرانی به ماوه‌ی 20 خوله‌ك، خه‌ڵاتی یه‌كه‌می به‌شی كێبڕكێی نێوده‌وڵه‌تی چواره‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "كۆرتۆ پۆتێرۆ" Corto Potere له وڵاتی ئیتاڵیا به‌ده‌ستهێنا.
ئه‌ندامانی لێژنه‌ی ناوبژیوانی ئه‌م فیستیڤاڵه خه‌ڵاتی "هونه‌ری ده‌رهێنه‌ریان" به‌خشییه عه‌بدولڕه‌حمان میرانی بۆ سازكردنی هونه‌رمه‌ندانه‌ی كورته فیلمی دیكۆمێنتی "مافووره‌ی دار" و هه‌روه‌ها توانایی نمایش كردنی راست و دروست و بێ لایه‌نه‌ی ژیانی خه‌ڵكی گوندێكی كوردستان به زمانی سینه‌ما له لایه‌ن ئه‌م سینه‌ماكاره كورده‌وه.
چواره‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "كۆرتۆ پۆتێرۆ" به نمایش كردنی زیاتر له 50 فیلم له وڵاتانی ئێران، به‌ریتانیا، فه‌ره‌نسا، به‌رازیل، ئیتاڵیا، ئیسپانیا، ئه‌لمانیا، پۆڵه‌ندا، ئوستوراڵیا، فینله‌ندا، بوڵگاریا، ئه‌مه‌ریكا، سلۆڤاكیا، هۆڵه‌ندا، كه‌نه‌دا و نیجریه له چوارچێوه‌ی فیلمی چیرۆكی، ئه‌زموونی و كارتۆنی تا ماوه‌ی 20 خوله‌ك و هه‌روه‌ها چه‌ندین فیلمی دیكۆمێنتی تا ماوه‌ی 30 خوله‌ك له رۆژانی 25 تا 31ی ئۆكتۆبه‌ری 2009 له شاری بێرگامۆ له وڵاتی ئیتاڵیا به‌ڕێوه‌چوو.