نهێنییەکی مێسی بۆ هەڵبژاردنی ئەرجەنتین یان ئیسپانیا ئاشکرابوو

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
image

خۆسێ پیکەرمان، راهێنەری ئەرجەنتینی هەڵبژاردەی کۆڵۆمبیا بەسەرهاتێکی لیۆنێل مێسی هاونیشتیمانی و ئەستێرەی یانەی بارسێلۆنا دەگێرێتەوە و نهێنییەکی ئەو یاریزانەش بۆ نزیکی لە یاریکردن بۆ هەڵبژاردەی ئیسپانیا ئاشکرادەکات.

پیکەرمان لەلێدوانێکدا کە لەلایەن رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی بڵاوکراوەتەوە، ئاشکرایکردووە، لە ساڵی 2003 کاتێک یاریزانەکە ئەرجەنتینی بەرەو ئیسپانیا بەجێهێشت و لە ئەکادیمیای لاماسیا یارییکرد ئەو کاتە چاودێری یاریزانەکەم دەکرد.

پیکەرمان دەڵێت، ئەو کاتە جینز مێندێز، راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیای ژێر 16 ساڵیش چاودێری یاریزانەکەی دەکرد بۆ ئەوەی درێسی هەڵبژاردەی ئیسپانیا بپۆشێت، منیش ترسم لە پۆشینی درێسی تانگۆ لەلایەن ئەو یاریزانەوە هەبوو.

راهێنەری ئێستای کۆڵۆمبیا زیاتر گوتی، کاتێک ئەوم بینی لێم پرسی دەزانیت تۆ ئەرجەنتینی؟ ئەو بەبەڵی وەڵامی دامەوە و گوتی تەنانەت تۆش دەناسم، دوای ئەوە چووم بۆ لای هوگۆ توسێلی، راهێنەری ئەو کاتەی ئەرجەنتین بۆ ژێر 20 ساڵ بۆ ئەوەی یاریزانەکە رازیبکات یاری بۆ ئەرجەنتین بکات نەک ئیسپانیا.

لە کۆتایی قسەکانیدا راهێنەری پێشووی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین گوتی، مێسی متمانەی بۆ دروستکردم کە بۆ ئیسپانیا یاری ناکات و دوای ئەوە لەگەڵ هەڵبژاردەی لاوانی ئەرجەنتین بەرامبەر پاراگوای بە هەشت گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەدەستهێنا و مێسیش گۆڵێکی تۆمارکرد.

لیۆنێل مێسی ساڵی 2005 یەکەم یاریی بەدرێسی ئەرجەنتینیەوە ئەنجامدا کاتێک تەمەنی 17 ساڵ بوو لەو کاتەشەوە سێ یاریی کۆتایی کۆپا ئەمێریکای ئەنجامداوە کە 2007،2015،2016 بوو، جگە لەوەی لە ساڵی 2014 گەیشتووەتە یاریی کۆتایی جامی جیهانی و بەرامبەر ئەڵمانیا نازناوەکەیان لەدەستدا.

  • پۆستکردنی بۆ هاورێیکەت پۆستکردنی بۆ هاورێیکەت
  • چابکردن چابکردن