print

مه‌سروور بارزانی پێشوازی له‌ شاندێكی باڵیۆزخانه‌ی روسیای فیدراڵ له‌ به‌غدا كرد

image

ئێواره‌ی ئه‌مرۆ مه‌سروور بارزانی به‌ ئاماده‌بوونی هێمن هه‌ورامی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی پارتی و به‌رپرسی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌، پێشوازیان كرد له‌ شاندێكی باڵیۆزخانه‌ی وڵاتی روسیای فیدراڵ له‌ عیراق كه‌ پێك هاتبوو له‌ به‌رێزان ڤالیری شوڤایێڤ باڵیوزی روسیا له‌ به‌غدا و ڤالیری پوسپێلوف كونسولی گشتی روسیا له‌ هه‌رێمی كوردستان.

سه‌ره‌تا مه‌سروور بارزانى خۆشحاڵی خۆی به‌م سه‌ره‌دانه‌ ده‌ربری و هیوای خواست په‌یوه‌ندییه‌كانی دووقوڵی هه‌ردوولا له‌ ئاستی حه‌ز و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی هه‌ردوو گه‌لانی رووسیا و كوردستاندا بن، به‌ تایبه‌تی مێژوویه‌كی دۆستایه‌تی كۆن له‌نێوان سه‌ركردایه‌تی شۆرشی كورد و گه‌ل و سه‌ركردایه‌تی رووسیای فیدراڵ هه‌یه‌. 

لای خۆیانه‌وه‌ شاندی میوان خۆشحاڵیان به‌م سه‌ردانه‌ ده‌ربری و سوپاسی مه‌سروور بارزانییان كرد بۆ ئه‌و پێشوازییه‌ گه‌رمه‌ و ته‌ئكید له‌ ئاستی به‌رزی په‌یوه‌ندییه‌كانی دووقۆڵی هه‌ردوولا كرایه‌وه‌ كه‌ ده‌گه‌رێنه‌وه‌ سه‌ره‌ده‌می شۆرشی كۆنی كورد به‌ رابه‌رایه‌تی بارزانی نه‌مر و هیوای خواست كه‌ له‌ داهاتوودا ئه‌م مێژووه‌ كۆنه‌ ببێته‌ فاكته‌رێكی پڕ به‌هێز بۆ هه‌ردوولا له‌پێناو پێشخستن و به‌ره‌وپێشبردن و په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندیه‌كانی دۆستایه‌تی هه‌ردوو گه‌لانی كوردستان و رووسیای فیدراڵ. 

هه‌روه‌ها شاندی ناوبراو شادبوونی خۆیان بۆ ئاستی كاركردنی ستافی كونسڵخانه‌كه‌یان له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ربری كه‌ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیه‌كی باشیان له‌گه‌ڵ كراوه‌ بۆ ئاسانكارییان له‌ هه‌موو بوارێكه‌وه‌ ، ئه‌وه‌ش به‌ بۆچوونیان ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ ئاستی وشیاری و پێگه‌یشتویی گه‌لی كورد و سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان و سه‌رسامیی خۆیان ده‌ربڕی به‌رامبه‌ر ئاستی به‌رزی ئه‌من و ئاسایش له‌ هه‌رێمی كوردستان و ده‌ستخۆشیان له‌ مه‌سروور بارزانى كرد كه‌ توانیویانه‌ له‌م هه‌لومه‌رجه‌ ناسكه‌دا كه‌ وڵاتی عیراق و ناوچه‌كه‌ى پێدا تێده‌په‌ڕێت ئه‌م ئه‌ركه‌ قورسه‌ به‌ سه‌ركه‌وتوویى به‌ ئه‌نجام بگه‌یه‌نن. 

له‌ ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌دا، هه‌ردوولا له‌سه‌ر ڕه‌وشی ئه‌من و ئاسایش له‌ عیراق و هه‌رێم و مه‌سه‌له‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان گفتووگۆیان كرد و شاندی باڵیوزخانه‌ی روسیای فیدراڵ رۆڵی  سه‌ركرده‌كانی كورد به‌گشتی و سه‌روك بارزانی به‌ تایبه‌تی به‌ گرنگ وه‌سفیان كرد له‌ پێناو پاراستنی رێره‌وی پروسه‌ی دیموكراسی له‌ عیراق و ڕاگرتنی باڵانسی هێزه‌ سیاسی و مه‌زهه‌بی و نه‌ته‌وه‌ جوداكانی عیراقی نوێ ، هه‌روه‌ها خۆشحاڵیان ده‌ربری به‌رامبه‌ر ئاستی به‌رزی په‌یوه‌ندیه‌كانی دووقۆڵی هه‌ردوولا و به‌ناوی حكومه‌ت و گه‌لی رووسیای فیدراڵ هیوای پێشكه‌وتن و ژیانێكی به‌خته‌وه‌رتریان بۆ گه‌لی كورد خواست. 

شایه‌نی باسه‌ باڵیۆزی روسیای فیدراڵ له‌ عیراق كاره‌كانی به‌ كۆتایی هاتن و به‌ مه‌ره‌می خاترخواستن و ئاگاداركردنه‌وه‌ سه‌ردانی مه‌سروور بارزانى كرد.

هه‌ولی تر