میرنشینی بابان مێژووی دەسەڵاتدارانی بابانیەکانە

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
image

میرنشینی بابان لە بنەڕەتدا بە ناوی فەقێ ئەحمەدی بابانەوە دامەزراوە. لە ساڵەکانی ١٦٨٦ بەدواوە بەھێز بووە و دواییش دەسەڵاتی گرتۆتە دەست. لە نیوەی یەکەمی سەدەی ھەژدەیەمدا میرنشینی بابان لە ڕووی سیاسییەوە و دژی دەوڵەتی عوسمانی ڕۆڵێکی زۆر گرینگی بینیوە. ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ بوونی دەسەڵات و ھێزی سەربازیی میرنشینی بابان.

 

دەسەڵاتی میرنشینی بابان دەگەڕێتەوە بۆ ٣٠٠ ساڵێک لەمەوبەر. ئەم میرنشینە دەکەوێتە ناوچەی سلێمانییەوە، لە باشووری میرنشینی سۆرانەوە و تاکوو بەشێکیش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگرێتەوە. لە ڕۆژئاواشەوە تەواوی ناوچەی کەرکووکی دەگرتەوە. بەشێکی ناوچەی شارەزوور لە ژێر دەسەڵاتی میرنشینی باباندا بوو. پایتەختی میرنشینی بابان قەڵاچوالان بوو. دوای ئەوەی دادوەری گوندی مەڵکەندی، ئیبراھیم پاشا، بە ناوی سلێمان پاشاوە، لە ساڵی ١٧٨٤دا دەستی بە درووستکردنی شارێک کرد و ناوی سلێمانیی لێ نا و دواییش کرا بە پایتەختی میرنشینی بابان. لە سەردەمی میرنشینی باباندا گیروگرفتی ناوخۆیی زۆر بوو، ئەمە زۆر کاری کردە سەر بێھێزی و لاوازکردنی ئەم میرنشینە لە لایەکەوە، لە لایەکی تریشەوە عوسمانی و ئێران بە پێی ڕێککەوتنی پەیمانی قەسری شیرین میرنشینی بابانیان لە ناو خۆیاندا بەش کرد. ئیتر لە دوای ئەوەیش میرنشینی بابان جارێ دەکەوتە ژێر دەستی عوسمانی و جارێکی تریش ژێر دەستی ئێران. لە سەردەمی میرعەبدولڕەحمان پاشادا جارێکی تریش میرنشینی بابان بەھێز بووەوە و سەربەخۆییی خۆی ڕاگەیاند. عوسمانییەکان لە ساڵی ١٨٢٢دا بە لەشکرێکی زۆر بەھێز و لەژێر سەرکردایەتیی مامەد پاشا خۆیدا، ھێرشی بردە سەر سلێمانی کە پایتەختی میرنشینی بابان بوو. نزیکەی ٥٠٠ کەس لە لەشکری عوسمانی کوژرا، بەڵام لە دواییدا عوسمانییەکان توانییان شاری سلێمانی بگرن.

 

مەحموود پاشا لە دوای مردنی باوکی بوو بە سەرۆکی میرنشینی بابان و تاکوو ساڵی ١٨٣٤ دەسەڵات بە دەستی ئەو بوو و دوای ئەویش دەسەڵاتی میرنشینی بابان تاکوو ساڵی ١٨٥١ بە دەستی سلێمان پاشا بوو.

 

لە ماوەی دەسەڵاتداریی ئەم میرنشینەدا زمان و ئەدەبی کوردی زۆر پەرەی سەند، بەتایبەتی لە کۆتایی سەدەی شانزەوە تاکوو نیوەی یەکەمی سەدەی ھەژدە. دروستبوونی قوتابخانەی شیعری کلاسیکی کوردی بە ڕێبەرایەتیی نالی(١٧٩٧ ١٨٥٥) و ھاوڕێکانی، سالم و کوردی و مەحوی کە شەقـڵشکێنی شیعری کوردی بوون لە دیالێکتی کورمانجیی خواروودا و دواییش بوو بە زمانی ئەدەب و نووسین و زۆر لە شاعیرانی تریش ھەر لەسە ئەو ڕێچکەیە ڕۆیشتن و پەیڕەوییان کرد و پەرەیان بەو زمانە ئەدەبییە دا.

  

 میرەکانی میرنشینی بابان

فەقی ئەحمەد،ساڵی ١٦٤٩-١٦٧٠ زاینی

بابا سلێمان،ساڵی ١٦٧٠-١٧٠٣ زاینی

خانا موحەممەد پاشا،ساڵی ١٧٢١-١٧٣١ زاینی

خالد پاشا،ساڵی ١٧٣٢-١٧٤٢ زاینی

سالم پاشا، ساڵی١٧٤٢-١٧٥٤ زاینی

سلێمان پاشا، ساڵی١٧٥٤-١٧٦٥ زاینی

موحەممەد پاشا، ساڵی١٧٦٥-١٧٧٥ زاینی

عەبدەڵا پاشا،ساڵی ١٧٧٥-١٧٧٧ زاینی

ئەحمەد پاشا، ساڵی١٧٧٧-١٧٨٠ زاینی

مەحموود پاشا،ساڵی ١٧٨٠-١٧٨٢ زاینی

براھیم پاشا،ساڵی ١٧٨٢-١٨٠٣ زاینی

عەبدوڕەحمان پاشا،ساڵی ١٨٠٣-١٨١٣ زاینی

مەحموود پاشا،ساڵی ١٨١٣-١٨٣٤ زاینی

سلێمان پاشا،ساڵی ١٨٣٤-١٨٣٨ زاینی

ئەحمەد پاشا،ساڵی ١٨٣٨-١٨٤٧ زاینی

عەبدەڵا پاشا، ساڵی١٨٤٧-١٨٥٠ زاینی

سەرچاوە:wikipedia

  • پۆستکردنی بۆ هاورێیکەت پۆستکردنی بۆ هاورێیکەت
  • چابکردن چابکردن