ئورشەلیم پۆست: وڵاتە سونەكان دان بە دەوڵەتی كوردستاندا دەنێن

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
image

 رۆژنامەی (ئورشەلیم پۆست)ی ئیسرائیلی بڵاوی كردەوە كە وڵاتانی سونی ناوچەكە دان بە سەربەخۆیی هەرێمی كوردستاندا دەنێن، بۆ ئەم مەبەستەش كۆدەنگییەك دروست بووە.


رۆژنامەی ئورشەلیم پۆست لە ژێر ناونیشانی (هەوڵێكی نوێ بۆ سەربەخۆیی كوردستان) وتارێكی بڵاو كردووەتەوە و تێیدا ئاشكرای كردووە كە عەرەبستانی سعوودیە پشتگیری لە ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان دەكات و داوای هەمان هەڵوێستی لە وڵاتانی تری سونەش كردووە.


نیڤلە تیلەر نووسەری رۆژنامەی ئورشەلیم پۆست لە وتارێكی خۆی لەو رۆژنامەیە دەنووسێ "ژمارەی گەلی كورد لە جیهان زیاتر لە 30 ملیۆن كەسە و گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتی جیهانن، كوردەكان هەزاران ساڵ پێش ئێستە وەكو نەتەوەیەكی سەربەخۆ لەسەر خاكی خۆیان لە دڵی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەژین، لەگەڵ ئەوەی رووبەرووی داگیركاری و هێرشی گەورە بوونەتەوە، توانیان كولتووری خۆیان بپارێزن".


تیلەر دەڵێ تا ئێستە لەسەر نەخشەی جیهان كورد بێ وڵاتن و لە ژێر سەروەری چوار وڵاتی تردا دەژین، لە دوای شەری یەكەمی جیهانی، كاتێك كە دووبارە نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەراست دارێژراوە، دەوڵەتانی هاوپەیمان بە تایبەت بەریتانیا بەڵێنی ئازادی بە كوردان دا، بەڵام بەڵێنیەكەی بەجێ نەگەیاند، هەروەها لە كاتی پەیمانی سیڤەر، فەرەنسا و بەریتانیا بۆ چارەنووسی كوردستان، بەڵێنیان دا ریفراندۆم لە ناوچە كوردیەكان بكرێت، بەڵام ئەویش نەكرا، دواتر لە پەیمانی لۆزان پارچەیەكی گەورە لە خاكی كوردان كەوتە ناو نەخشەی كۆماری توركیا.


نووسەرەكەی رۆژنامەی ئۆرشەلیم دەشڵێ دوای هێرشی داعش لە ساڵی 2014 سوپای عێراق تێكشكا، بەڵام پێشمەرگەكانی كوردستان توانیان سنووری كوردستان بپارێزن، لە ساڵی 2017 لە قۆناخی دووەمی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ، بە سەرۆكایەتی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، زۆرینەی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بریاریان دا لە 25ی ئەیلوول ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان بكەن".


ئەو نووسەرە ئیسرائیلیە راشیگەیاندووە كە لە دیدارەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، دەستی كوردەكان بەهێزتر بووە.

 

نێڤیلە تیلەر لە كۆتاییدا دەنووسێ، یەكسەر لە دوای راگەیاندنی ئاكامی ریفراندۆم، عەرەبستانی سعوودیە پشتیوانی سەربەخۆیی كوردستان دەكات و داوا دەكات كە دەبێ دەوڵەتانی سونی ناو هاوپەیمانی عەرەبی ئەو سەربەخۆییە بە فەرمی بناسن.

 

  • پۆستکردنی بۆ هاورێیکەت پۆستکردنی بۆ هاورێیکەت
  • چابکردن چابکردن