ئەندامێکی کۆمیتەی ریفراندۆم وەڵامی داواکەی گۆڕان دەداتەوە

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
image

 

سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمان کە هاوکات ئەندامی کۆمیتەی ریفراندۆمە بۆ سەربەخۆیی کوردستان رایدەگەیەنێ ئەو داوایەی گۆڕان لە پارتی کردووە بۆ دواخستنی ریفراندۆم، نالۆژیکیە و پارتی ئەو مافە بەخۆی نادات بە تەنیا لەگەڵ گۆڕان بۆ ئەو پرسە رێک بکەوێ، چونکە بڕیاری 15 حزبی کوردستانییە لە هەموو پێکهاتەکاندا.


محەمەد سەعدەدین سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمان و ئەندامی کۆمیتەی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان بۆ (باسنیوز) رایگەیاند، پارتی بە تەنیا بڕیاری دیاریکردنی رۆژی ریفراندۆمی نەداوە، تاوەکو گۆڕان ئەو داوایە لە پارتی بکات.


گوتیشی "ئێمە 15 حزبی کوردستانی بڕیاری ریفراندۆممان داوە، کە لە رۆژی 25/9ی ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان و هەموو ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بکرێت، کە بەشێکی زۆر ناوچەی پێکهاتە جیاوازەکانی کوردستانن لە ئێزیدی و کاکەیی و تورکمان و کرستیانەکانە".


ئەو بەرپرسەی تورکمان ئاماژەی بەوە دا، گۆڕان و پارتی دەتوانن لەسەر کێشە سیاسییەکانی ناوخۆی کوردستان و نێوان خۆیان دانوستان بکەن و لەسەر ئەو بابەتانەی نێوان دوو حزبە رێک بکەون، بەڵام پارتی بە تەنیا ناتوانێ ئەو داوایەی گۆڕان جێبەجێ بکات، بەڵکو ئەوە کۆمیتەی ریفراندۆمە دەتوانێ بڕیاری ئەوە بدات ریفراندۆم دوابخرێت، بەڵام ئێستە هیچ هۆکارێک نابینرێ بۆ دواخستنی ریفراندۆم و کارەکانی کۆمیتەی ریفراندۆم تا دێت رژدتر دەبن بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەکە.


هەروەها گوتی "گۆڕان نەدەبوو ئەو داوا نالۆژیکیە بکات، چاوەڕوانی ئەوە بووین بە شێوازێکی بەرپرسانە بێتە ناو پڕۆسەکەوە".

  • پۆستکردنی بۆ هاورێیکەت پۆستکردنی بۆ هاورێیکەت
  • چابکردن چابکردن