كوردانی شەبەك بەشداری لە ریفراندۆمی كوردستان دەكەن

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
image

نوێنەرانی كوردانی شەبەك لە شارۆكەی بەردەڕەش كۆ دەبنەوە و بڕیار دەدەن كە بەشداری لە سەرخستنی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان بۆ سەربەخۆی بكەن، هاوكات بڕیار دەدەن كە كار بكرێت بۆ دەركردنی هەموو ئەو هێزە نا یاساییانەی ناوچەكانیان و لەجیاتی ئەوان دەبێت هێزەكانی پێشمەرگە جێگر بكرێت.

بەیانیی ئەمڕۆ شەموو نوێنەرانی كوردانی شەبەك كونفرانسێكی تایبەتیان لە سەنتەری شارۆكەی بەردەڕەشی سەر بە پارێزگای دهۆك ساز كرد و تێدا تاوتوێ چەند پرسێكی گرنگیان تایبەت بە شەبەك كرد.

مەلا سالم جومعە نوێنەری كوردانی شەبەك لە پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، بەمەبەستی تاوتوێكردنی دۆخی كوردانی شەبەك لە دەشتی نەینەوا و ناوچە دابڕێندراوەكانی كوردستان و بۆ دیاریكردنی هەڵوێستی كوردانی شەبەك لە بەرامبەر ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان، ئەمڕۆ لە بەردەڕەش كونفرانسێكی تایبەت ساز كرا و دوای چەندین دانوستاندن بڕیارمان دا كە بەشداری لە سەرخستنی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان بۆ سەربەخۆیی بكەین.

زیاتر گوتی، تەوەرێكی تری كونفرانسەكە تایبەت بووە بە پرسی ئەو گوند و ناوچانەی شەبەك كە لەلایەن هێزەكانی حەشد شەعبی كۆنتڕۆڵ كراون و ژمارەیان 35 گوندە، روونی كردەوە، لە كونفرانسەكەدا بڕیار درا كە كار بۆ دەركردنی هەموو ئەو هێزانە بكرێت و لە شوێنی ئەوان دەبێت هێزەكانی پێشمەرگە جێگیر بكرێت، چونكە هێزەكانی حەشد شەعبی بێجگە لەوەی كە هێزێكی نایاسایین، چەندان زێدەڕۆییان بۆسەر مافی مروڤ لەو ناوچانە كردووە و چەندان كێشە لەبەردەم خەڵكی ئەو گوند و ناوچانە دروست كردووە.

جومعە لە درێژەی قسەكانیدا رای گەیاند كە پێویستە پارێزگایەكی تایبەت لە دەشتی نەینەوا دروست بكرێت و گوتی، نێزیكەی 57 گوند و شارەدیێ شەبەك لە دەشتی نەینەوا هەن و ساڵانێكە لەوێ دەژین، لەبەر ئەوە گرنگە ئەو ناوچانە بێنەوە سەر هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی چتر كوردانی شەبەك نەبنە قوربانی ململانێیەكانی عێراق لە ناوچەكەدا.

روونی كردەوە، ئێستە كوردانی شەبەك لەسایەی حەشد شەعبی بوونەتە دوو بەرە، بەرەیەك سەر بە هێزەكانی حەشد شەعبین و لەلایەن ئەوانەوە بەڕێوە دەبرێن، بەرەیەكیش لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگە و هەردوو بەرەش هێزی تایبەتیان لە كوردانی شەبەك دروست كردووە، كە ئەمەش مەترسی لێ دەكەوێتەوە، بۆیە داوا دەكەین كە كوردانی شەبەك ببنەوە یەك بەرە و بخرێنە سەر هەرێمی كوردستان و هێزەكانی پێشمەرگە ئەو ناوچانە بپارێزن.

شایەنی باسە كونفرانسەكە تا ئێوارەی ئەمڕۆ شەموو بەردەوام دەبێت، تاتوێی چەندین بابەتی گرنگ لەبارەی كوردانی شەبەكی تیادا دەكرێت.

  • پۆستکردنی بۆ هاورێیکەت پۆستکردنی بۆ هاورێیکەت
  • چابکردن چابکردن