فیدراسیۆنی كۆمەڵە كوردییەكانی سوید: كوردانی هەر چوار پارچە پشتیوانی ڕیفراندۆمن

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
image

 سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە دیداریدا لەگەڵ سەرۆكی فیدراسیۆنی كۆمەڵە كوردییەكانی سوید، ڕایگەیاند، بڕیاری ڕیفراندۆم، بڕیاری خەڵكی كوردستانە و لە ئەنجامی شكستهێنانی شەراكەت و تەوافووق لە عێراقدا هاتووەتە ئاراوە.

(مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ـی8ـی 2017 لە سەڵاحەددین، پێشوازی لە (كەیا ئیزۆڵ) سەرۆكی فیدراسیۆنی كۆمەڵە كوردییەكانی سوید كرد.

لە دیدارەكەدا سەرۆكی فیدراسیۆنی كۆمەڵە كوردییەكانی سوید پاڵپشتیی خۆی و فیدراسیۆنی كۆمەڵە كوردییەكانی سویدی بۆ ڕیفراندۆم و پڕۆسەی سەربەخۆیی ڕاگەیاند و، ئەوەیشی خستە ڕوو كە ڕەوەندی كوردیی هەر چوار پارچە بە جۆش و خرۆشەوە پشتیوانی ڕیفراندۆمن.

هەروەها باسی ئەو بەرنامە و كار و چالاكیانەی كرد كە فیدراسیۆنی كۆمەڵە كوردییەكانی سوید بەنیازە لە پەرلەمانی سوید و گردبوونەوەی جەماوەری لە سوید و هێنانی چاودێری نێودەوڵەتی بۆ كوردستان، ئەنجامی بدات.

لە بەرانبەردا، (سەرۆك بارزانی) سوپاسی ڕۆڵی فیدراسیۆنی كۆمەڵە كوردییەكانی سویدی كرد لە پشتیوانیكردنی ڕیفراندۆم و دەستخۆشیی لێ كردن. لە گوتەیەكیشدا ئاماژەی بە بڕیاری ڕیفراندۆمی كوردستان دا و جەختی لەوە كردەوە كە، ئەم بڕیارە، بڕیاری خەڵكی كوردستانە و لە ئەنجامی شكستهێنانی شەراكەت و تەوافووق لە عێراقدا هاتووەتە ئاراوە.

لە درێژەی قسەكانیدا، (سەرۆك بارزانی) ڕۆشنایی خستە سەر كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لە 7ـی حوزەیرانی 2017 كە تێیدا بڕیار درا 25ـی ئەیلوولی 2017 وەك ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دیاری بكرێت و بە ڕۆژێكی پڕشنگدار لە مێژووی گەلی كوردستان وەسفی كرد.

(سەرۆك بارزانی) دووپاتیشی كردەوە كە، ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆییە و ئەوانەی دەڵێن كات بۆ ڕیفراندۆم گونجاو نییە، دەبێ پێمان بڵێن ئەدی كەی گونجاوە؟ یان بەدیلی ڕیفراندۆم چییە؟

  • پۆستکردنی بۆ هاورێیکەت پۆستکردنی بۆ هاورێیکەت
  • چابکردن چابکردن