ناوه‌ڕۆكی به‌رنامه‌ی شانده‌ باڵاكه‌ی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌لجیكا

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
image

ئه‌ندامێكی شانده‌ باڵاكه‌ی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌لجیكا كه‌ سه‌رۆك بارزانی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات زانیاری له‌باره‌ی به‌رنامه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ(باسنیوز)ئاشكراده‌كات.

 

محه‌مه‌د سه‌عده‌دین نوێنه‌ری پارته‌ توركمانییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌ندامانی شانده‌كه‌ بۆ(باسنیوز)گوتی: "ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌مان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حكوومه‌تی به‌لجیكا و یه‌كێتی ئه‌ورووپا كۆببینه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی تاوتێكردنی پرسی ڕیفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان له‌گه‌ڵیان".

 

گوتیشی: "وابڕیاره‌ سبه‌ی سێشه‌ممه‌(11-7-2017) شانده‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیری به‌رگری و كۆچبه‌ران و چه‌ند وه‌زیر و به‌رپرسێكی دیكه‌ی باڵای به‌لجیكا كۆببینه‌وه‌ و دواتریش له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی چه‌ند هه‌رێمێكی گرنگی به‌لجیكا كۆبوونه‌وه‌مان ده‌بێت".

 

ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌شكرد كه‌ هه‌ر سبه‌ی شانده‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ و فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مانی ئه‌ورووپا بۆ هه‌مان مه‌به‌ست كۆده‌بنه‌وه‌ و گوتیشی: "به‌وپێیه‌ی نوێنه‌ری سه‌رجه‌م وڵاتانی ئه‌ورووپی له‌ یه‌كێتی ئه‌وورپا هه‌یه‌ ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ی ئێمه‌ وا ئه‌ژمارده‌كرێت كه‌ له‌گه‌ڵ حكوومه‌ته‌كانی سه‌رجه‌م ولأتانی ئه‌ورووپا گفتوگۆ و ڕاوێژمان كردووه‌".

 

سه‌باره‌ت به‌ به‌رنامه‌ی شانده‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان بۆ ڕۆژانی دواتر ناوبراو گوتی: "تاوه‌كو ئێستا به‌رنامه‌مان ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌یه‌ له‌ ولأتی به‌لجیكا دیار نییه‌ ئاخۆ دواتر سه‌ردان و كۆبوونه‌وه‌ی دیكه‌مان ده‌بێت یاخود نا".

 

شانده‌ باڵاكه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆك بارزانی كه‌ نوێنه‌ری سه‌رجه‌م حیزبه‌كانی كوردستانی تێدایه‌ جگه‌ له‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌(10-7-2017) گه‌یشتنه‌ برۆكسلی پایته‌ختی به‌لجیكا.

 

سه‌ردانی شانده‌كه‌ پاش كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی باڵای ریفراندۆم دێت كه‌ بڕیاریاندا چه‌ند شاندێك بۆ گفتوگۆكردن سه‌ردانی وڵاتانی ده‌ره‌وه‌و لایه‌نه‌كانی ناوخۆ و عێراق و وڵاتانی دراوسێ بكه‌ن.

  • پۆستکردنی بۆ هاورێیکەت پۆستکردنی بۆ هاورێیکەت
  • چابکردن چابکردن