کەتەلۆنیا: دەنگی بەڵێ زۆرینەبێ سەربەخۆیی رادەگەیێنین

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
image

هەرێمی کەتەلۆنیا لە ئیسپانیا بڕیاریدا ئەگەر ئەنجامی گشتپرسییەکەیان بەڵێ بێت ئەوا سەربەخۆیی رادەگەیێنن.

کەتەلۆنیا هەرێمێکی ئیسپانیایە و لە چوار پارێزگا پێکدێت، بارسێلۆنا پایتەختەکەیەتی و ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە 7 ملیۆن کەس دەبێت، ئەویش وەکو باشووری کوردستان گیرۆدەی حکومەتی ناوەندییە، دەیان ساڵە کار بۆ جیابوونەوە دەکات و خەڵکەکەی خەون بە سەربەخۆییەوە دەبینن.

بڕیارە 1-10-2017 بەشێوەیەکی فەرمی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی لەو هەرێمە ئەنجامبدرێت، خەڵکی کەتەلۆنیاش هاوشێوەی باشووری کوردستان رای جیاوازیان لەسەر گشتپرسییەکە هەیە و، بەشێک پێی گەشبینن و بەشێکیش رەشبین.

پێشتر رۆژی 9ی تشرینی دووه‌می 2014  گشتپرسییەكی سیمبولی له‌ هه‌رێمەکە ئه‌نجامدرا و جیابوونەوە لە ئیسپانیا به‌ڕێژه‌ی 80% ده‌نگی به‌ڵێی به‌ده‌ستهێنا. کەتەلۆنییەکان تەنانەت ئەگەر لەگەڵ جیابوونەوەشدا بن، باوەڕیان وایە کە مانەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسپانیا گرنگە.

حکومەتی ناوەندیی ئیسپانیا ئەم هەوڵانە رەتدەکاتەوە و بە کاری نایاسایی و نادەستووری ناویان دەبات، چەندجارێکیش رایگەیاندووە رێگە بە جیابوونەوەی کەتەلۆنیا نادات. کۆتایی مانگی رابردووش پەرلەمانی ئەو وڵاتە بە 250 دەنگی نەخێر بەرامبەر 100 دەنگی بەڵێ ئەنجامدانی گشتپرسییەکەی رەتکردەوە، بەڵام هەرێمی کەتەلۆنیا هەر سوورە ئەنجامی بدات.

ئەم هەرێمە لەڕووی ئابوورییەوە بەهێزە و بەهۆی سرووشتە جوانەکەیەوە لەڕووی کەرتی گەشتیاریشەوە بەردەوام لە گەشەسەندندایە. چەندین رێکخراو لەو هەرێمە کار بۆ سەربەخۆیی دەکەن، یەکێکیش لەوان رێکخراوی سەربەخۆیی کەتەلۆنیایە، رێکخراوەکەش پشتگیری بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی لە باشووری کوردستان راگەیاندووە، کە بڕیارە 5 رۆژ پێش ئەوان، واتە 25-9-2017 ئەنجامی بدات.

  • پۆستکردنی بۆ هاورێیکەت پۆستکردنی بۆ هاورێیکەت
  • چابکردن چابکردن