ئەحمەد کانى 41 ساڵەى دامەزراندنى حزبى سۆسیالیستى دیموکراتى کوردستان پیرۆز دەکات

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
image

لقى دووى پارتى دیموکراتى کوردستان و  مەڵبەندى هەولێرى حزبى سۆسیالیستى دیموکراتى کوردستان جەخت لە یەکڕیزى نێو ماڵى کورد و سەرخستنى پرۆسەى گشتپرسى دەکەنەوە.
بۆ گەیاندنى پەیامى پیرۆزباییان بەبۆنەى تێپەڕبوونى 41 ساڵ بەسەر دامەزراندنى حزبى سۆسیالیستى دیموکراتى کوردستان،پێش نیوەڕۆى ئەمڕۆ سێ شەممە 8 ى ئابى 2017،بەڕێز ئەحمەد کانى ئەندامى ئەنجوومەنى سەرکردایەتى و بەرپرسى لقى دووى پارتى دیموکراتى کوردستان بە یاوەرى ئارى نانەکەلى و د.ئاراس خۆشناو کارگێڕانى لقى دوو،سەردانى مەڵبەندى هەولێرى حزبى سۆسیالیستى دیموکراتى کوردستانى کرد و لەلایەن محەممەد سەلیم ئەندامى مەکتەبى سیاسى و بەرپرسى مەڵبەندى هەولێر و ژمارەیەک لە ئەندامانى مەکتەبى سیاسى ئەو حزبە پێشوازیەکى گەرمیان لێکرا.
لەو سەردانەدا بەرپرسى لقى دوو وێڕاى گەیاندنى پەیامى پیرۆزباییان بەبۆنەى تێپەڕبوونى 41 ساڵ بەسەر دامەزراندنى حزبى سۆسیالیستى دیموکراتى کوردستان،جەختى لە پتەوکردنى پەیوەندیەکانى نێوان هەردوولا کردەوە و هیواى خواست یەکڕیزى نێو ماڵى کورد و تەبایى و برایەتى نێوان هێز و لایەنە سیاسیەکانى کوردستان و نەتەوەو پێکهاتە جیاوازەکان،ببێتە هەوێنى سەربەخۆیى یەکجارەکى کە گەلى کوردستان بەدرێژایى زیاتر لە سەدەیەکە خەباتى بۆ دەکات.
لە بەرامبەردا محەمەد سەلیم بەرپرسى مەڵبەندى هەولێرى حزبى سۆسیالیستى دیموکراتى کوردستان سوپاسى پەیامى پیرۆزبایى لقى دووى کرد و ئاماژەى بە خەباتى هاوبەشى هێز و لایەنە سیاسیەکانى کوردستان کرد کە پێشتر لەپێناوى ئازادى بوو و گوتى:" پێویستە خەبات و تێکۆشانى ئەمڕۆ بۆ سەربەخۆیى یەکجارەکى بێت و  جەختى لەوە کردەوە هەمووان خۆیان بە خاوەنى گشتپرسى و سەربەخۆیى کوردستان دەزانن و باسیان لە ڕۆڵى جەنابى سەرۆک مەسعود بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان کرد لە یەکخستنى نێو ماڵى کورد و هەوڵەکانیان بۆ کردنەوەى گرێ سیاسیەکان و کاراکردنەوەى پەرلەمان و بەرەو پێشەوە بردنى دۆزى ڕەواى گەلى کوردستان.
هەر لەو دیدارەدا هەردوولا باسیان لەو ئەرکە نیشتیمانى و نەتەوەییە پیرۆزە کرد کە ڕۆژى 25 ى ئەیلوول دەکەوێتە سەر شانیان و بە دەنگدانیان بۆ سەربەخۆیى کوردستان وەفا بۆ خەباتى چەندین ساڵەو قوربانیدان و خوێنى شەهیدان دووپات دەکەنەوە،ئاماژەیان بە مێژووى پڕ لە کارەساتى گەلى کوردستانیش کرد  لەگەڵ دەسەڵات و سستەمى حکومڕانى لە عێراقدا کە هەر لە سەرەتایى دامەزراندنى دەوڵەتى عێراقیەوە بە کیمیابارانکردن و جینۆساید و خاپوورکردنى گوندەکان هەوڵی قڕکردنى گەلى کوردستان و سڕینەوەى ناسنامەکەى دراوە،دواى ساڵى 2003 یش بە ئومێدى دروستکردنەوەى عێراقێکى نوێ کە تێیدا مافى تەواوى نەتەوەو پێکهاتەکان پارێزراو بێت،جارێکى دیکە گەلى کوردستان بەوە ڕازى بوو لە عێراقدا وەک شەریکى ڕاستەقینە بمێنێتەوە،بەڵام دووبارە مێژووە تاڵەکە لەگەڵ سیستەمى حکومڕانى عێراقیدا دووبارە بوویەوە بە شێوازێکى دیکە کە لە کیمیابارانکردن و جینۆساید کردن و خاپوورکردنى گوندەکان کەمتر نەبوو،هەردوو لا ئاماژەیان بە تاوانى بڕینى بودجەو قوتى خەڵکى کوردستان و هاوکارى نەکردنى هێزى پێشمەرگەى کوردستان کرد لە لایەن حکومەتى عێراقیەوە کە لە کاتێکدا پێشمەرگە جگەلە پاراستنى سنوورەکانى کوردستان لە هەڕەشەکانى داعش،زۆربەى ئەو ناوچانەشى بە خوێنى خۆى ئازاد کردنەوە کە سوپاى عێراقى لە ماوەیەکى کورتدا بەبێ بەرگرى کردن خستیە ژێر چنگى ئەو تۆڕە تیرۆریستیە و ئارامى و ئاسایشى تەواوى عێراقیان خستە ژێر مەترسیەکى گەورەو بە هۆیەوە سەدان هەزار هاوڵاتى سڤیلى عێراقى بوونە قوربانى و زیاتر لە یەک ملیۆن و 800 هەزاریشیان ئاوارەى شارو شارۆچکە ئارامەکانى هەرێمى کوردستان بوون و ئەرکى پەروەردەو تەندروستى و ئاسایشیان کەوتە سەرشانى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ ئەوەى کوردستان بە بارودۆخێکى سەختى ئابووریدا تێپەڕدەبوو.
لە کۆتایى سەردانەکەشدا شاندى لقى دووى پارتى دیموکراتى کوردستان و حزبى سۆسیالیستى دیموکراتى کوردستان ئومێدیان خواست گەلى کوردستان ڕێگە نەدەن جارێکى دیکە ئەو مێژووە پڕ لە کارەساتە لەگەڵ عێراق دووبارە بێتەوەو لە 25 ى ئەیلوولدا دەنگ بە سەربەخۆیى یەکجارەکى کوردستان بدەن.

 

  • پۆستکردنی بۆ هاورێیکەت پۆستکردنی بۆ هاورێیکەت
  • چابکردن چابکردن