ئەحمەد کانی:"سەربەخۆیی مافی لەمێژینەی گەلی کوردستان بووە کە بەدی نەهاتووە

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
image

ئەحمەد کانی جەخت لەوە دەکاتەوە سەربەخۆیی زۆر درەنگ کەوتووە و مافێکی لەمێژیینەی گەلی کوردستانە کە ئێستا خەریکە بەدی دێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 7 ی ئابی 2017،بەڕێز ئەحمەد کانی ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان،بە ئامادەبوونی محەمەد خەلیل و د.ئاراس خۆشناو و سەنگەر کانەبی کارگێڕانی لق،لەگەڵ جەماوەری سنووری لیژنەی ناوچەی برایەتی سەر بە لقی دوو کۆبوەوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا بەرپرسی لقی دوو باسی گۆڕانگاریە خێراکانی ناوچەکەی کرد کە چاوەڕوان دەکرێت تێیدا کوردستان پشکی سەرەکی بەربکەوێ‌ دوای ئەنجامدانی گشتپرسی لە 25 ی ئەیلوول و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی .
بەرپرسی لقی دوو ئاماژەی بە پشتیوانی دۆستانی گەلی کوردستان کرد لە پرسی سەربەخۆیی و ئەنجامدانی گشتپرسی وگوتی:"دۆستانی ئێمە لەوە دڵنیان دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان دەبێتە فاکتەری ئارامی و سەقامگیری لەناوچەکە لە کاتێکدا ئێستا نقومی کێشەو ئاڵۆزی و ململانێی گەورە بۆتەوە و هەڕەشەی تیرۆریش هەموو لایەکی داپۆشیوە.
لە لایەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا بەرپرسی لقی دوو باسی ڕۆڵی کاریگەر و بەرچاوی سەرۆک مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد لە نووسینەوەی دەستووری عێراقی،بەو نیازەی دەستوورەکە ببێتە پارێزەری مافی نەتەوەو ئایینە جیاوازەکان کە بە درێژایی مێژوویی عێراق مافەکانیان پێشێل کراوە،بەڵام پێشێلکردنی دەستوورەکە لەلایەن دەسەڵاتی عێراقیەوە بەرامبەر بە گەلی کوردستان بە تەواوی پێکهاتەو نەتەوەو ئایینە جیاوازەکانی،وای کرد گەلی کوردستان بیر لە جودا بوونەوە بکاتەوە لەگەڵ عێراق .
ئەحمەد کانی باسی قارەمانیەتی هێزی پێشمەرگەی کرد لە تێکشکاندنی شکۆی داعش لە عێراقدا و گوتی:" قارەمانیەتی و قوربانیدانی پێشمەرگە دژی تیرۆر و لەپێناو ئاشتیدا وای لەوڵاتانی دونیا کرد پشتیوانی ئەو هێزە بکەن جگە لە حکومەتی عێراقی کە هەموو بەربەستێکی بۆ دروستکرد لەپێناو ئەوەی یارمەتیە سەربازیەکانی نێو دەوڵەتی ڕاستەوخۆ پێنەگات،بەرپرسی لقی دوو ئاماژەی بەو قوربانیانەی پێشمەرگە کرد بۆ ئازادکردنەوەی ئەو ناوچانەی لە چوارچێوەی ماددەی 140 دابوون و لە ماوەیەکی کورتدا کەوتنە ژێر چنگی داعش.
پاشان باسی هەوڵەکانی دەسەڵاتی عێراقی کرد بۆ چۆکدادان بە گەلی کوردستان لە بڕینی بودجەو قوتی خەڵکی کوردستان و دروستکردنی بارودۆخێکی خراپی ئابووری و گوتی:"ئیرادەی پۆڵایینی گەلی کوردستان پیلانی ناحەزانی ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی ئەو وڵاتەی تێک شکاند و گەیشتە ئەو قۆناغەی هەنگاو بۆ سەربەخۆیی یەکجارەکی بنێ‌ و لە 25 ی ئەیلوول بە تێکڕا بڵێن بەڵێ‌ بۆ سەربەخۆیی کوردستان.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا بەرپرسی لقی دوو داوای لە جەماوەری ئامادەبووی کۆبوونەوەکە کرد کە ئازادی بەهەر بارودۆخێک بەراورد نەکەن،چونکە هەموو ئەو کێشانەی هەن دوای دەوڵەت بوون و ئازادی چارەسەر دەبن و بەرەو باشتریش دەچن لەبەر ئەوەی ئاییندە ڕوونتر دەبێت و هەمووان کار بۆ خزمەتکردنی باشتر دەکەن.

  • پۆستکردنی بۆ هاورێیکەت پۆستکردنی بۆ هاورێیکەت
  • چابکردن چابکردن