ئەحمەد کانى لەگەڵ پارێزەران و مافپەروەران:"سەنگى قوربانیدانەکانمان زۆر لە داواکاریەکانمان گەورەترە

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
image

ئەحمەد کانى لەگەڵ پارێزەران و مافپەروەرانى هەولێر دەڵێ:"سەنگى قوربانیدانەکانمان زۆر لە داواکاریەکانمان گەورەترەو گشتپرسى و داواکارى بۆ سەربەخۆیى خواستى تەواوى گەلى کوردستانە بە تەواوى هێزو لایەنە سیاسیەکان و پێکهاتەو نەتەوە جیاوازەکان.
ئێوارەى ئەمڕۆ سێ شەممە 1 ى ئابى 2017،بەڕێز ئەحمەد کانى ئەندامى ئەنجوومەنى سەرکردایەتى و بەرپرسى لقى دووى پارتى دیموکراتى کوردستان بە ئامادەبوونى محەمەد خەلیل کارگێڕى لقى دوو و مەریوان قەرەنى بەرپرسى نووسینگەى ڕێکخستنى مافپەروەران لەگەڵ ژمارەیەکى زۆرى مافپەروەرو پارێزەرانى سەر بە ڕێکخستنى نووسینگەى مافپەروەران لە بارەگاى لقى دوو کۆبوەوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا بەرپرسى لقى دوو باسى ڕۆڵى کاریگەرى پارێزەران و مافپەروەرانى کرد لە نووسینەوەى یاساکانى پەرلەمانى کوردستان پاش ڕاپەڕینە مەزنەکەى ساڵى 1991،دواى ئەوەش دانانى یاسا و جومگەکانى دەسەڵات و حکومڕانى  لە هەرێمى کوردستان.
لە تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا بەرپرسى لقى دوو باسى ئەو دەستوورەى حکومەتى عێراقى کرد کە سەرکردایەتى کوردستان دواى ساڵى 2003 ڕۆڵێکى سەرەکى هەبوو لە نووسینەوەى و بەپێى ئەو دەستوورەش گەلى کوردستان ڕازى بوو بەوەى بە شەراکەت لە عێراقدا لەگەڵ هەموواندا بژیت و مافەکانى بپارێزرێت،بەڵام تەواوى ئەو مافانەى کە لە دەستوورەکەدا بۆ گەلى کوردستان ئاماژەى بۆ کرابوو پێشێل کران بۆیە گەلى کوردستان بڕیاریدا کۆتایى بەو شەراکەتە بێنێ لەگەڵ عێراق و ببێتە دراوسێیەکى باش بۆى.
لەبارەى ئەو دەنگۆیانەى گوایە دروستبوونى دەوڵەتێکى سەربەخۆ لە ناوچەکە دەبێتە هۆکارى نا ئارامى و سەقامگیرى،بەرپرسى لقى دوو جەختى لەوە کردەوە کە سەربەخۆیى کوردستان دەبێتە هەوێنى ئارامى و سەقامگیرى لە ناوچەکە و ئاشکراشى کرد ئێستا پشتیوانی نێودەوڵەتى بۆ گشتپرسى خەڵکى کوردستان هەیەو ئەوانەى نەیارى ئەو پرۆسەیەشن،ئێستا تێگەیشتنێکى دیکەیان هەیە جیاواز لەوەى پێشووتر هەیانبوو.
بەرپرسى لقى دوو بۆ پارێزەران و مافپەروەران دووپاتى ئەوەى کردەوە کە گشتپرسى و سەربەخۆیى مافى میللەتەو هیچ هێز و توانایەک نییە بتوانێ ئەو مافە لە گەلێک زەوت بکات کە بەدرێژایى نزیکەى سەدەیەک گەلى کوردستان خەباتى لەو پێناوەدا کردووەو قوربانى بۆى داوە.
لە کۆتایى کۆبوونەوەکەشدا بەرپرسى لقى دوو داواى لە مافپەروەران و پارێزەران کرد هەرچى لە توانایاندایە بیکەن بۆ خزمەتکردنى هاوڵاتیان و پاراستنى سەروەرى یاسا لە هەرێمى کوردستاندا،دواى گوێگرتن لە ڕاو پێشنیازەکانیشیان، بەڵێنیدا ئەو کێشەو گرفتانە چارەسەر بکات کە لە کۆبوونەوەکە خرانە ڕوو.

  • پۆستکردنی بۆ هاورێیکەت پۆستکردنی بۆ هاورێیکەت
  • چابکردن چابکردن