بە ئامادەبوونى ئەحمەد کانى. لیژنەى ناوچەى ئاشتى 54 وەرزشوانى دێرین خەڵات دەکات

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
image

وەک ڕێزگرتنێک لە تەمەنى پڕ خزمەتى وەرزشیان، بە ئامادەبوونى بەرپرسى لقى دوو،لیژنەى ناوچەى ئاشتى ڕێزى لە چەند وەرزشوانێکى دێرینى سنوورەکەى گرت.
ئێوارەى ئەمڕۆ سێشەممە 25 ى تەمموزى 2017 ، بە ئامادەبوونى بەڕێز ئەحمەد کانى ئەندامى ئەنجوومەنى سەرکردایەتى و بەرپرسى لقى دووى پارتى دیموکراتى کوردستان و عزەت جەعفەر سادق کارگێڕى لقى دوو و کارۆخ سەعید بەرپرسى لیژنەى ناوچەى ئاشتى سەر بە لقى دوو و کارگێڕانى لیژنەى ناوچەى ناوبراو،لیژنەى ناوچەى ئاشتى لەنێو هۆڵى بۆنەکانى خۆى ڕێزى لە 54 وەرزشوانى دێرینى سنوورەکەى خۆى گرت.
لەو مەراسیمەدا بەرپرسى لقى دوو وتەیەکى پێشکەشکردو تێیدا ڕێزى بۆ وەرزشوانە دێرینەکان و تەمەنى پڕ خزمەتى وەرزشیان نیشاندا،جەختى لەوە کردەوە کە وەرزش ناسنامەى میللەتێکى شارستانی و تەندروستە.
هاوکات باسى ئیرادەى پۆڵایینى گەلى کوردستانى کرد کە بەدرێژایى مێژوو بەرامبەر بەهێزترین و دڕندەترین دەسەڵاتە  زۆرداریەکانى پێشتر وەستاونەتەوە،خۆڕاگر و بەهێز و سەرکەوتووش بوون بەرامبەر گەورەترین و دڕندەترین تۆڕى تیرۆریستى جیهانى،سەربارى بارودۆخێکى سەختى ئابوورى کە بەهۆى دابەزینى نرخى نەوت و بڕینى بودجەو قوتى خەڵکى کوردستان لە بەغداوە هاتنە پێشەوە،لەگەڵ هەموو ئەو زەحمەتیانەش دەرگاى بۆ نزیکەى دوو ملیۆن ئاوارەى ناوچەکانى شەڕ لە عێراق کردەوە و هەموو خزمەتگوزاریەکیشى پێشکەشکردن بە پێى ئەو توانایەى کە هەبوون.
بەرپرسى لقى دوو ئەو مێژووە سەختەى بیر هێنایەوە و جەختى لەوە کردەوە کە هیچ هێزێک ناتوانێ ئیرادەى پۆڵایینى گەلى کوردستانى ئازادیخواز تێک بشکێنێت،ئەو گەلە بەرگرى لە ماف و ئازادیەکانى خۆى دەکات بە خوێن و قوربانیدانى زۆر و گوتى:"ئیرادەى پۆڵایینى ئەو گەلە ڕۆژى 25 ى ئەیلوول و دەنگدانى بۆ سەربەخۆیى کوردستان ڕوونتر و بۆ هەموو دونیا ئاشکرا دەبێت کە بە هیچ زەبر و زەنگ و هێزێک تێک ناشکێ و دوا خەبات و تێکۆشانیشى بەرگرى کردن دەبێت لەو وڵاتەى دەبێتە وڵاتى پێکەوە ژیانى نموونەیى لە ناوچەکەو دەبێتە فاکتەرى ئارامى و ئاسایشى وڵاتانى دەوروبەریشى.

  • پۆستکردنی بۆ هاورێیکەت پۆستکردنی بۆ هاورێیکەت
  • چابکردن چابکردن