ئەحمەد کانى سەردانى خانەوادەى شەهید ئەحمەد حاجى دەکات

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
image

لە چوارچێوەى سەردان و بەسەرکردنەوەى خانەوادەى شەهیدانى کوردستان،بەرپرسى لقى دوو سەردانى خانەوادەى شەهید ئەحمەد حاجى کرد.
ئێوارەى ئەمڕۆ یەکشەممە 23ى تەمموزى 2017،بەڕێز ئەحمەد کانى ئەندامى ئەنجوومەنى سەرکردایەتى و بەرپرسى لقى دووى پارتى دیموکراتى کوردستان بە یاوەرى فەرهاد یاسین بەرپرسى لیژنەى ناوچەى ڕاپەڕینى سەر بە لقى دوو،سەردانى خانەوادەى شەهید ئەحمەد حاجى لە شارى هەولێر کرد و لەلایەن بەڕێز کانەبى براى شەهید و زەردەشتى کوڕى گەورەى شەهید و کوڕانى دیکەى شەهید و خانەوادەکەى بە گەرمى پێشوازیان لێکرا.
لەو بەسەر کردنەوەیەدا بەرپرسى لقى دوو لە ژیان و گوزەرانى خانەوادەى شەهیدى پرسیەوەو جەختى لەوە کردەوە کە ئەزموونى ئەمڕۆى هەرێمى کوردستان و هەنگاونانى گەلى کوردستان بۆ گشتپرسى و سەربەخۆیى،بەرهەمى قوربانیدان و خوێنى هەزاران شەهیدە.
دواتر بەرپرسى لقى دوو باسى ئەرک و بەرپرسیارەتیەکانى داهاتووى هەر تاکێک کرد لە کوردستان بە تەواوى پێکهاتەو نەتەوەو ئایینە جیاوازەکان کە ئەرک و بەرپرسیارەتیەکى مێژوویى و نیشتیمانى و نەتەوەییەى و ئاینیشە، بە پێویستى زانى هەمووان بە بەشداریکردن لە گشتپرسى ڕۆژى 25 ى ئەیلوول و بە بەڵێ دەنگ بۆ سەربەخۆیى کوردستان ڕۆحى شەهیدانى کوردستان ئاسوودە بکەن کە گیانى خۆیان لەپێناو ئازادى و سەربەخۆیى بەختکرد.
بەرپرسى لقى دوو ئاماژەى بە هەوڵەکانى ناوخۆیى کرد لەلایەن هەندێ کەس و لایەن بۆ لەباربردنى ئەو هەلە مێژووییەى بۆ گەلى کوردستان هاتۆتە پێش لە سەربەخۆیى و ئەو کەس و لایەنانە دەنگى خۆیان خستۆتە پاڵ دەنگى نەیارانى کوردستان و پێیان وایە کە سەربەخۆیى کوردستان دەبێتە هەڕەشە لەسەر عێراق و ناوچەکە،بەرپرسى لقى دوو داواى کرد گەلى کوردستان بە دەنگدان بۆ سەربەخۆیى لە 25 ى ئەیلوول وەڵامى ئەو ناحەز و نەیارانەى سەربەخۆیى کوردستان بدەنەوە و متمانەش لەوانە بستێننەوە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان بە هەڵە دەنگیان بۆیان داو کردویانن بە نوێنەرى خۆیان لە بەغدا بۆ ئەوەى داکۆکى لە مافە ڕەواو شەرعیەکانیان بکەن،بەڵام ئەوە ئەمڕۆ دژى مافە ڕەواکانى گەلى کوردستان دەوەستنەوە.

 

  • پۆستکردنی بۆ هاورێیکەت پۆستکردنی بۆ هاورێیکەت
  • چابکردن چابکردن