ئەحمەد کانی ستایشی هەوڵ و توانای ئەندازیارانی شاری هەولێر دەکات

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
image

کێشەو گرفتی هاوڵاتیان و ئەو خزمەتگوزاریانەی کە لەلایەن دام و دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشکەشی هاوڵاتیان دەکرێت،تەوەری کۆبوونەوەی بەرپرسی لقی دوو بوو لەگەڵ ئەندازیارانی شاری هەولێر.
ئەحمەد کانی ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ئامادەبوونی کارگێڕانی لق،لەگەڵ نووسینگەی ڕێکخستنی ئەندازیاران لە بارەگای لقی دوو کۆبوەوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا بەرپرسی لقی دوو ستایشی ڕۆڵی ئەندازیارانی کرد لە ئاوەدانکردنەوەو جوانتر کردنی ڕووی شارستانی و ئاوەدانی شاری هەولێر، هاوکات دەستخۆشی لێکردن لەوەی پرۆژە خزمەتگوزاریەکان پێشکەشی هاوڵاتیان دەکەن و بەردەوامن لە ڕاپەڕاندنی ئەرکە پیرۆزەکەی خۆیان سەرباری هاتنە پێشەوەی قەیرانی ئابووری و هاتنە پێشەوەی شەڕی تیرۆر کە تا ئێستا بەردەوام بوون،داواشی لێکردن هەرچی لەتوانایاندایە بۆ دەستەبەرکردن و چارەسەرکردنی خزمەتگوزاریەکانی ئاو و کارەبا و خزمەتگوزاریەکانی دیکە بۆ هاوڵاتیان درێخی نەکەن.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا بەرپرسی لقی دوو باسی پرسی گشتپرسی خەڵکی کوردستانی کرد کە بڕیارە لە 25 ی ئەیلوول ئەنجام بدرێ‌ و ڕای خەڵکی کوردستان بۆ سەربەخۆیی وەربگیرێ‌،ئەحمەد کانی ئاماژەی بەوە کرد کە دەرفەتێکی مێژوویی بۆ گەلی کوردستان هاتۆتە پێش و نابێ‌ ئەو دەرفەتە زێڕینە لەدەست بدرێت،بە پێویستی زانی هەمووان بە گیانی هەست کردن بە بەرپرسیارەتی مێژوویی و نەتەوەیی و نیشتیمانی بەشداری ئەو پرۆسەیە بکەن و دەنگ بۆ سەربەخۆیی کوردستان بدەن،جەختی لەوە کردەوە کە کەس ناتوانێ‌ ڕێگری بکات لەوەی گەلی کوردستان بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات،دواتر باسی هەوڵەکانی سەرکردایەتی کوردستانی کرد لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا کە بە هاوبەشی بەردەوام بێت و مافەکانی گەلی کوردستان بەپێی دەستوور پارێزراو بێت،بەڵام بەدرێژایی ئەو ماوەیە خەڵکی کوردستان بەهۆی سیاسەتی نا دروستی بەغدا دووچاری نەهامەتی و کێشەی ئابووری و سیاسی زۆر بۆتەوە،بەشێوەیەک دەستووری عێراق لەلایەن خودی دەسەڵاتدارانی عێراقیەوە لە بەرامبەر گەلی کوردستان پێشێل کرا،لەگەڵ ئەوەی پێشمەرگە قوربانی زۆری دا بۆ ڕزگارکردنی بەشێکی زۆری ئەو خاکەی کە داعش لەچنگی سوپای عێراقی دەری هێنا،بەرپرسی لقی دوو لە کۆتاییدا هیوای خواست کە گەلی کوردستان بە بەڵێ‌ دەنگ بۆ سەربەخۆیی کوردستان بدەن و ببنە دراوسێیەکی باش لەگەڵ عێراق.

  • پۆستکردنی بۆ هاورێیکەت پۆستکردنی بۆ هاورێیکەت
  • چابکردن چابکردن