ئەحمەد کانى بۆ کاسبکارانى بازاڕى کوران :" کەمى ماوە ئەو قەیرانە کۆتایى بێت

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
image

بەمەبەستى بەسەرکردنەوەى جموجۆڵى کاسبکاران و هاوڵاتیان بەر لە هاتنى جەژنى ڕەمەزانى پیرۆز،بەرپرسى لقى دوو بازاڕى کورانى شارى هەولێرى بەسەر کردەوە.
ئێوارەى ئەمڕۆ 18 ى حوزەیرانى 2017، بەڕێز ئەحمەد کانى ئەندامى ئەنجوومەنى سەرکردایەتى و بەرپرسى لقى دووى پارتى دیموکراتى کوردستان بە یاوەرى هەریەک لە بەڕێزان جەسام موشیر و محەمەد خەلیل و  سەنگەر کانەبى کارگێڕانى لقى دوو و مامۆستا فەیسەڵ بەرپرسى لیژنەى ناوچەى منارەو ستافى لیژنەى ناوچەو ڕێکخراوەکانى سەر بە لیژنەى ناوچە،بازاڕى کورانى لە شارى هەولێر بەسەر کردەوە کە بە یەکێ لە بازاڕە پڕ جموجۆڵ و قەرەباڵغەکانى هەولێر ناسراوە،لەو بەسەر کردنەوەیەدا بەپرسى لقى دوو لەگەڵ کاسبکار و دوکانداران،لە جموجۆڵى بازاڕەکەى پرسى و گوێى لە کێشەو گرفت و ئاریشەکانیان گرت،بەڵێنیدا ئەوەى لە توانایاندا بێت بۆ باشکردنى کارەکانى ئەوان بیکەن و ئەوەى دیکەش لەگەڵ لایەنى پەیوەندیدار چارەسەرى گونجاویان بۆ بدۆزنەوە.
هەر لەو بەسەر کردنەوەیەدا بەرپرسى لقى دوو ستایشى کاسبکار و دوکاندارانى کرد کە لەگەڵ بارودۆخێکى سەختى ئابووریش نەیانهێشت بازاڕەکان لە جوڵە بکەون و ئومێدى ئەوەیانى پێدا کە ڕۆژانێکى درێژیان تێپەڕاند و کەمى ماوە ئەو بارودۆخە ئابووریە سەختە کۆتایى بێت و جارێکى دیکە ئابوورى کوردستان ببوژێتەوەو هەڵمەتى ئاوەدانکردنەوەو بوژاندنەوەى زیاتر دەست پێبکاتەوە.
لەگەڵ ئەو گەنج و لاوانەى لەنێو بازاڕ و شوێنە گشتیەکان کۆ ببوونەوە،بەرپرسى لقى دوو باسى هەنگاوێکى مێژوویى و مەزنى گەلى کوردى کرد کە بڕیارە لە 25 ى ئەیلوولى داهاتوو لە ڕیفراندۆمدا بڕیار لە چارەنووسى خۆى بدات،داواى کرد کە چارەنووسى خۆیان بۆ سەربەخۆیى یەکجارەکى دیارى بکەن و بە بەڵێ دەنگ بۆ سەربەخۆیى کوردستان بدەن.
بەرپرسى لقى دوو لە دوا وێستگەى بەسەرکردنەوەکەیدا،ستایشى هێزەکانى ئاسایش و پۆلیسى کرد کە توانیویانە بە دڵسۆزى و شەونخۆنى خۆیان ئارامى شارى هەولێر و گیانى هاوڵاتیان بپارێزن بەشێوەیەک هاوڵاتیان لە شەو و ڕۆژدا وەک یەک دڵنیا بن لە گیان و ماڵى خۆیان.

 

  • پۆستکردنی بۆ هاورێیکەت پۆستکردنی بۆ هاورێیکەت
  • چابکردن چابکردن