ئەحمەد کانى ژیانى هاوڵاتیان لە شەوانى ڕەمەزاندا بەسەر دەکاتەوە

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
image

ئەحمەد کانى ئەندامى ئەنجوومەنى سەرکردایەتى و بەرپرسى لقى دووى پارتى دیموکراتى کوردستان بە یاوەرى ئارى نانەکەلى کارگێڕى لق و شوان محەمەد وسو بەرپرسى لیژنەى ناوچەى قەڵات و کارگێڕانى ناوچە، کاسبکاران و خەڵکى نێو بازاڕى شارى هەولێرى بەسەر کردەوە،لەو بەسەر کردنەوەیەدا بەرپرسى لقى دوو جەختى لەوە کردەوە کە ڕۆژانى بەر لە جەژن بەهۆى جموجۆڵى کاسبکاران و دوکانداران و هاوڵاتیانیش،هەولێر دیمەنێکى جوانتر و ئارامتر خۆى نیشان دەدات.
بەرپرسى لقى دوو ئەو ڕەوشە ئارام و سەقامگیرەى هەرێمى کوردستانى بۆ ڕۆڵى پێشمەرگە قارەمانەکانى کوردستان و پیاوانى پۆلیس و ئاسایش گەڕاندنەوە کە هاوڵاتیانى هەست بە تەناهیەکى زۆر دەکەن و  تەنانەت لە شەوانى درەنگیشدا لە بازاڕەکاندا سەرقاڵى خۆ ئامادەکردنن بۆ جەژنى ڕەمەزانى پیرۆز.
لەگەڵ هاوڵاتیاندا بەرپرسى لقى دوو باسى هەنگاوەکانى داهاتووى گەلى کوردستانى کرد کە زۆر نزیکە بە ئامانجە گەورەکەیان بگەن دواى چەندین ساڵ خەبات و تێکۆشانى بەردەوام،بۆیە داواى لێکردن کە ڕۆژى 25 ى ئەیلوولى داهاتوو بچنە سەر سندوقەکانى دەنگدان و لە گشتپرسى بۆ سەربەخۆیى کوردستان،بە بەڵى دەنگ بدەن و ئایندەى خۆیان دیارى بکەن.
هاوڵاتیان بە دڵخۆشیەوە باسیان لە هەنگاوەکانى جەنابى سەرۆک بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان کرد لە بڕیاردان بۆ ئەنجامدانى ڕیفراندۆم و دڵنیایى خۆیان نیشاندا لەوەى بارزانى ئەو سەرۆکەیە دەیانگەیەنێتە کەنارى ئارام و دەیانکات بە خاوەنى ئاڵایەک کە لەتەک ئاڵاى هەموو وڵاتانى دونیا و لە ناوەندە گرنگ و بەهێزەکانى بڕیاردانى جیهان هەڵ بکرێ.

  • پۆستکردنی بۆ هاورێیکەت پۆستکردنی بۆ هاورێیکەت
  • چابکردن چابکردن